رۆژنامەنووسێکی ئەمریكی لە كییڤی ئۆکراینا كۆژرا

بەرپرسی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی رایگەیاند، رۆژنامەنووسەكە لەو كاتەدا، کە كۆژراوە پەیوەندیی بە رۆژنامەكەمانەوە نەمابوو.

ئەندرە نیبیتۆف بەرپرسی پۆلیسی کییڤی پایتەختی ئۆكراینا دوێنێ یەكشەممە ١٣ی ئادار رایگەیاند،  برنێت رینۆت رۆژنامەنووسی ئەمریكی لە كاتی هێرشەكانی روسیا بۆ سەر شاری ئەربین كۆژراوە.

سەرچاوە رۆژنامەوانیەكان لە ئۆكرایناوە رایانگەیاندبوو، رۆژنامەوانە كۆژراوەكە، لەرۆژنامەی"نیویۆرك تایمزی" ئەمریكی كاری دەكرد، بەڵام بەرپرسانی ئەم رۆژنامەیە بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێك رایانگەیاند، ئەو رۆژنامەنووسە لە كاتی كۆژرانیدا هیچ پەیوەندییەكی بەرۆژنامەكەمانەوە نەمابوو.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان هاوكات باس لەبرینداربوونی چەند رۆژنامەنووسی تریش دەكەن، بەبێ ئەوەی ناوی كەسیان بڵاو بكەنەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە راگەیاندنیەكانی ئۆكراینا، رۆژنامەوانە ئەمریكییەكە لە کاتێکدا لەگەڵ چەند رۆژنامەنووسێکی تردا لە ئۆتۆمبێلێکدا  بوون کراونەتە ئامانج و کوژراوە.

ژ.ت