شاندێکی شەنگال چووە قەندیل و پشتگیری بۆ گەریلا دوپاتکردوە

شاندێکی شەنگال کە پێک هاتبوو لە دامو و دەزگاکانی بەرێوبەری خۆسەری دیموکراتی شەنگال چووە قەندیل و پشتگیریان بۆ گەریلا دووپاتکردوە و دژایەتی خۆشیان بۆ شەڕی کورد بە کورد ڕاگەیاند.

شاندێکی شەنگال کە پێکهاتبوو لە نوێنەرایەتی هەر یەک لە پارتی ئازادی و دیموکراسی ئیزدی(پادێ) نوێنەرانی ئەنجوومەنی خۆبەرێوبەری شەنگال، یەکێتی گەنجانی ئیزدی، تەڤگەری ژنانی ئیزدی(تاژێ) کۆمەلێک ڕێکخراوی دیکەی مەدەنی  و نوێنەری سەرۆک عەشیرەتەکانی شەنگال،  دوای نێوەرۆی ئەمرۆ بە شاندێکی فەرمی سەردانی قەندیلیان کرد و پشتگری خۆیان بۆ بەرخۆدانی گەریلا دووپاتکردەوە و هاوکات دژایەتی خۆیان بۆ شەری کورد بە کورد ڕاگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی هەڵگیرسانی دەدات.

شاندەکە سەرەتا سەردانی شارەوانی بناری قەندیلی کرد و لەلایەن هاوسەرۆک و ئەندامانی شارەوانیەکەوە پێشوازیان لێکرا، دواتر شاندەکە چوونە مەزاری شەهیدان و پابەندبوونی خۆیان بۆ ڕێبازی شەهیدان دووپاتکردەوە.

لە درێژەی کارو چالاکیەکانی ئەو شاندە بە لێدوانێکی فەرمی هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند و لە سەر ناوی شاندەکە ئازد حسین ئەندامی ئەنجوومەنی خۆسەری دیموکراتی شەنگال قسەی کرد و وتی:" کاتێک گەلی ئیزدی لە شەنگال فەرمانی بەسەرداهات ئەو هێزە سەربازیانەی کە لە شەنگال بوون نەیانتوانی گەلی شەنگال بپارێزن، ئێمە بە چاوی خۆمان بینیمان کە گەریلاکانی ئازادی کوردستان هاتن فریای گەلی ئێزدی کەوتن و گەلیان لە کۆمەڵکوژی ڕزگار کرد."

هەروەها وتیشی:"   بە  سەدان ساڵە ئەقڵیەتی دەوڵەتی تورکی فاشیست هەوڵ دەدات کە گەلی کورد قڕ بکات و لە ناوی ببات، هەندێک نە خێرخواز هەوڵ دەدەن ئەو هێرشانەی  تورکیا بکەنە ئەستۆی پەکەکە، بەڵام ئێمە ئەوە دەزانین لە ساڵی ١٦٠٠  تا ئیستا ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە بەسەر ئێمە و بە دەستی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بووە، ئەمرۆش بە هەمان شێوە هەم لە دەڤەری سۆران هەم بادینان دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شێوازێک هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد و سروشتەکەی لە ناو دەبات و داگیرکەری دەکات و بە هەموو شێوازێک دەیانەوێت کلتوری ئەم گەلە لەناو ببات."

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی خۆبەرێوەبەری دیموکراتی شەنگال وتیشی:" ئێمە وەک گەلی شەنگال بە هەموو شێوەیەک پشتگیری گەلی باشوری کوردستان و گەریلا دەکەین، لە سەر مەزاری شەهیدان پەیمان دووپات دەکەینەوە و دەڵێن تا خوێن لە گیانماندا بێت لە سەر ڕێبازی شەهیدان بەردەوام دەبین."

لە درێژی قسەکانی ناوبراو لەسەر ناو شاندی شەنگال دژایەتی خۆی بۆ شەڕی کورد کوژی دووپاتکردوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی هەڵگیرسانی دەدات و تەپڵی بۆ دەکوتێت، وتیشی:" ئێمە داوا لە هەموو پێکهاتەکانی کوردستان دەکەین لە دژی ئەو هەوڵەی شەری کورد کوژی ڕاوەستن و دژایەتی بکەن و ڕێگە نەدەن جارێکی دیکە خوێنی کورد بە دەستی کورد بڕژێت." 

ف.ق