شەڕی ئوکراینا: کۆبونەوەکەی تورکیا بێئەنجام بوو

لە سەرەتای شەڕی ئوکرایناوە یەکەمجارە لە ئاستی باڵادا چاوپێکەوتن لەنێوان مۆسکۆ و کیفدا ئەنجام دەدرێت. چاوپێکەوتنەکە لە تورکیا بوو، بەڵام ئەنجامی نەبوو.

سەرگی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی روسیا و دیمیتری کوبیلا وەزیری دەرەوەی ئوکراینا لە تورکیا کۆبونەوە.

کوبیلا دوای کۆبونەوە قسەی کرد وتی، " لەبارەی ئاگربەست قسەمان کرد، بەڵام لەمبارەیەوە هیچ هەنگاوێک نەنراوە."

کوبیلا باسی ئەوەی کرد کە هەوڵەکانیان بەردەوامە و وتی، " ئوکراینا خۆی رادەست ناکات. ئێمە بۆ دیپلۆماستی کراوەین، بەڵام ئەگەر هیچ هەوڵێک نەبێت، ئێمە وڵات و گەلەکەمان دەپارێزین."

کوبیلا ئەوەی خستەڕوو کە داوای ئاگربەستی ٢٤ کاتژمێریان کردووە. لاڤرۆڤیش وتی، " روسیا دەیوێت رێرەوێکی مرۆیی بکاتەوە."

وەزیرە ئوکراینیەکە وتی، " بەر لە هەموو شتێک بۆ رێرەوی مرۆیی هاتومەتە ئەم کۆبونەوەیە. بەڵام لاڤرۆڤ لەسەر ئەم بابەتە هیچ بەڵێنێکی نەدا."

سەرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیاش باسی ئەوەی کرد کە گواستنەوەی چەک بۆ ئوکراینا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا مەترسیدارە و وتی، " ئەوانەی چەک بۆ ئوکراینا دەنێرن، پێویستە بزان بەرپرسیار دەبن."

لاڤرۆڤ رایگەیاند، دەیانەوێت دانوستانەکان لە بیلاروس بەردەوام بێت و وتی، " چاوپێکەوتنی ئەمڕۆ ئاشکرای کرد کە هیچ جێگرەوەیەک بۆ دانوستانەکانی روسیا و ئوکراینا جگە لە بیلاروس نییە."

ف.ق