ڤیدیۆی ئۆپەراسیۆنی قەسەدە لە حەسەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەتەکانی داعش

ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) لە حەسەکە لە دژی شانەکانی داعش بەردەوامە. لەو گەڕەکانەدا، کە دانیشتوانەکانیان گواستراونەتەوە، شەڕڤانان یەک بە یەک دەچنە ناو ماڵەکانەوە و بەدوای چەتەکاندا دەگەڕێن.

چەتەکانی داعش ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەم هێرشیان کردە سەر زیندانی سەناعە لە حەسەکە و هەوڵی ڕفاندنی هەزاران چەتەی زیندانیکراوی داعشیان دا.

خۆبەڕێوەبەریی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایدەگەیەنێت، دەوڵەتی تورک پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە هێرشی چەتەکانی داعشەوە هەیە بۆ سەر حەسەکە.

قەسەدەش رایگەیاندووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٩ کارمەندی زیندان، کە لەلایەن داعشەوە لە زیندانەکەدا دیلکرابوون، رزگار کردووە.

بەپێی ئەو ئامارەی، کە لە ٢٤ی کانوونی دووەمدا بڵاوکراوەتەوە، ٣٠٠ چەتە، کە لە زیندانی سەناعە دا گەمارۆدراوبوون، خۆیان بەدەستەوە داوە. هاوکات لە ئۆپەراسیۆنەکانی ناو زیندانەکە و دەوروبەریدا ٨ چەتەی دیکەی داعش کوژراون.

لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە تا ئێستا دەیان چەتە کوژراون. زۆربەی ئەو چەتانە، کە لە زیندان ڕایانکردووە دەستگیرکراونەتەوە.

لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا چەندین بەشی زیندانەکە کۆنترۆڵکراوەتەوە.

هێزەکانی قەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵات و باشوری گەڕەکی غوێران بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی شانەکانی داعش.

لەو گرتە ڤیدیۆیانەدا، کە کامێراکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) تۆماریان کردوون، ئەوە دەبینرێت، کە شەڕڤانان یەک بە یەک دەچنە ناو ئەو گەڕەکانە، کە دانیشتوانەکانی گواستراونەتەوە و ماڵ بە ماڵ بەدوای چەتەکاندا دەگەڕێن.

ژ.ت