وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی چارەنووسی رێککەوتنی ئەتۆمیی وڵاتەکەی سەردانی رووسیای کرد

حسین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە بە یاوەریی شاندێکی وەزارەتەكەی و ژمارەیەك لە ئەندامانی بڵندپایەی ئێران گەیشتنە شاری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەسەر رووداوە ناوچەییەكان و بە زۆری بۆ چارەنووسی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ڤییەنا سەردانی رووسیای كردووە.

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و رووسیا زیاتر تەركیزیان لەسەر رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاواییە، کە بە "بەرجام" ناسراوە.

ئەو سەردانە لە کاتێکدایە دانوستانە ئەتۆمییەكانی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی راوەستاوە.

 ئانریكە مۆرا ئەندامی كاروباری یەكێتیی ئەوروپا لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو: "دەستێوەردانی دەرەكی" هۆكاری راوەستاندنی دانوستانەکانە.

لە دوای شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا چارەنووسی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئیران بەرەو نادیاری رۆیشتووە، چونکا رووسیا یەکیکە لەلایەنەکانی رێککەوتنەکە و بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوە گەمارۆیەکی زۆری خراوەتەسەر و ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەو دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران هەبووە.

ژ.ت