ئاگری نەورۆز لە مەکسیک کرایەوە

لە شاری مەکسیکۆی پایتەختی مەکسیک دەیان کەس لەسەر بانگهێشتی کوردان کۆبوونەوە و ئاگری نەورۆزیان کردەوە.

ئاگری نەورۆز ساڵی ڕابردوو لە ویلایەتی چیاپاسی مەکسیک کرایەوە، کە بزووتنەوەی زاپاتیستای تێدا دروست بوو. ئەمساڵیش لە مەکسیکۆی پایتەختی مەکسیک لەسەر بانگهێشتی کوردەکان خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی مەکسیک و ئەمریکای لاتین کۆبوونەوە و ئاگری نەورۆزیان کردەوە.

ئاهەنگی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە پارکی لۆس دینامۆس ئیکۆلۆجی لە باشوری ڕۆژهەڵاتی شارەکە بەڕێوەچوو.

ئەو کەسانەی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز کۆببوونەوە لە دوای ڕێپێوانێک لە کەناری ڕووباری پارکەکە گەیشتنە گۆڕەپانی نەورۆز.

کورد و هاووڵاتییانی ئەمریکای لاتین گۆڕەپانی نەورۆزیان بە ڕەنگی سەوز و سوور و زەرد ڕازاندەوە و گۆڕەپانەکەیان کردە شوێنی خەبات و تێکۆشانی ئینتەرناسیۆنالیست.

هەموو بەشداربوان بۆ گۆڕکردنی ئاگری نەوۆز لەگەڵ خۆیان دەسەپارە و داریان هێنابوو و خواردنیش بۆ دابەشکردن بەسەر ئامادەبواندا ئامادە کرابوو.

دۆستانی بزووتنەوەی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە دەوری مێزێک و سفرەیەک کۆبوونەوە و بۆ یەکەمجار بە جۆش و خرۆشەوە نەورۆزیان پیرۆزکرد.

لە چالاکییەکەدا ئاماژە بە دۆخی ئەم دواییەی کوردستان و گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا و باسیش لە  گرنگیی بەرخۆدانی هاوبەش و پشتیوانیی گەلان لە یەکتری کرا.

چالاکوانان بە پەیمانی ئەوەی تێکۆشانی ئازادیی ساڵی ٢٠٢٢ لە کوردستان، مەکسیک، کۆلۆمبیا، واڵماپۆ (چیلی) گەورەتر و بەهێزتر بکەن، ئاگری نەورۆزیان کردەوە و لە دەوری ئاگرەکە گۆڤەند و شایی و سەمایان گێڕا.

ئاهەنگی نەورۆز لە مەکسیکۆ تا درەنگانێکی شەو و بۆ داوای ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام بوو.

ژ.ت