ئەمڕۆ شاندێک لە ژنانی شەنگال سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و کەنەکەیان کرد

لە چوارچێوەی سەردانەکانی ئێزیدیەکان بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، ئەمڕۆ شاندێکی ژنانی ئێزدی لە سلێمانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)یان کرد.

شاندێکی ژنانی ئێزدی کە پێکهاتبون لە ڕیهام حەجۆ وتەبێژی شاندەکە و هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوبەرایەتی شەنگال، سوهام دەخیل نوێنەر دبلۆماسی تاژێ، سەبیحە سەبری نوێنەری تاژێ و نەعام ئەلیاس ئەندامی بەڕێوبەرایەتی تاژێ سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد لە شاری سلێمانی، شاندەکە لە لایەن دکتۆرە ڕێزان هەردی ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان و کۆمەڵێک لە ژنانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پێشوازییان لێکرا و دەربارەی ڕەوشی شەنگال و بە تایبەتی دۆخی ژنانی شەنگال گفتوگۆیان کرد و هەردولا لە ئەنجامدا بەڵێنی کاری هاوبەشیان دا و بەڵێنی هاوکاری و هەماهەنگیاندا.

لە کۆتایی سەردانەکە هەر یەک لە ڕیهام حەجۆ و ڕێزان هەردی ئامانجی کۆبونەوەکەیان ڕاگەیاند و لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیاندا. ڕیهام حەجۆ بە ناوی شاندی ژنانی شەنگال ڕایگەیاند: ئامانج لەسەردانەکەمان بۆ سلێمانی و بۆلای بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەبوو، کە بتوانین یەکێتییەک لە نێوان ژنان دروست بکەین، خاڵێکی دیکەی سەردانەکە ڕێککەوتنی نێوان پارتی و بەغدایە کە پارتی خۆی دەڵێت، لەسەر ناوی هەرێم ئەو ڕێکەوتنە کراوە و ئێمەش ئەمڕۆ هاتوین بۆلای گۆڕان کە حزبێکە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بزانین ئەوانیش پابەندن بەو ڕێککەوتنە و ئاگادارن یاخود نا.

هەروەها وتیشی پێویستە لە ئێستایە هەموان پاڵپشتی یەکتر بین، ئەمڕۆ ژنانی شەنگال دەبنە قوربانی سبەی کەرکوکە و سلێمانیە.

ڕێزان هەردی لەسەر ناوی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: ئێمە بەخێرهاتنی شاندەکە دەکەین و پاڵپشتی داواکاریەکانیان دەکەین، ئێمە بە ناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بەڵێن دەدەین کە لەسەر ئاستی جڤات لەسەر داواکاریەکانیان گفتوگۆ بکەین و وەڵامیان بدەینەوە. هیوادارین لە داهاتویەکی نزیکیشدا سەردانی شەنگال و ژنانی شەنگال بکەین.

لە پاش بزوتنەوەی گۆڕان شاندەکە سەردانی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)یان کرد و لەگەڵ پەروین عەزیز، کەنێر عەبدوڵا، فایزە فواد و زەینەب مستەفا کۆبونەوە.

 لە کۆتایی سەردانەکەشدا بە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامی سەردانەکەیان ڕاگەیاند، سەبیحە سەبڕی و فایزە فواد بە ناوی هەردوو شاندەکە ئەوەیان خستەڕوو، کە ژنانی کەنەکە و ژنانی شەنگال هاوخەباتن و پشتگیری یەکتری دەکەن لە هەمو پرۆسەکانی داهاتودا.

ژ.ت