ئەمریکا پلانی نوێی خۆی بۆ ئوکراینا ئاشكرا کرد

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئوکراینا بکوژرێت یان بڕفێنرێت، بۆ بەردەوامیدان بە حکومەت پلانێکیان ئامادە کردووە.

بلینکن رۆژی یەکشەممە بەشداری لە بەرنامەیەکی کەناڵی سی بی ئێس کرد و پلانی نوێی وڵاتەکەی بۆ ئوکرایان ئاشکرا کرد.

بلینکن باسی ئەوەی کرد کە لە شەڕی ئوکرایناوە کە روسیا ٢٤ی شوبات دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا ئیدارەی زیلنسکی زۆر ژیرانە کاری کردووە.

هەروەها وتی، " سەرۆکایەتی زیلنسکی و ئەدای حکومەت زۆر باشە. ئاشکرابوو کە گەلی ئوکراینا بوێرە."

بەپێی دەستوری بنەڕەتی ئوکراینا، ئەگەر شتێک بەسەر سەرۆکدابێت، سەرۆکی پەرلەمان جێگەی دەگرێتەوە. لە ئێستادا روسلان ستیفانچوک سەرۆکی پەرلەمانە.

قسەکانی زلنسکی دوای ئەوە هات کە راگەیەنرابوو، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نیقاش لەسەر دۆخی دوای کوشتن یان گرتنی زیلینسکی دەکەن.

بەپێی رۆژنامەی نیویۆرک تایمس، بەرپرسانی ئەمریکا داوایان لە ئوکراینا کردووە، رێگە نەدەن بەرپرسە باڵاکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە شوێنێک بمێننەوە. پێشنیازکراوە کە بەرپرسە باڵاکان لە دەرەوەی شارە گەورەکان بن.

زیلینسکی رۆژی هەینی ئەو هەواڵانەی بەدرۆخستەوە کە دەیانگوت وڵاتی بەجێهێشتووە و وتی، تاوەکو ئێستا لە کیفی پایتەختە.

بەرپرسانی ئوکراینا هەفتەی رابردوو باسی ئەوەیان کردبوو کە گروپێکی چیچانی هەوڵی تیرۆرکردنی زیلینسکیان داوە.

ف.ق