ئەمریکا زیاتر له‌ ١٠٠ هه‌زار ئۆكراینی وه‌ك په‌نابه‌ر وه‌رده‌گرێت

سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند، له‌ پاڵپشتی هێزه‌كانی ئۆكراین به‌رده‌وام ده‌بن و زیاتر له‌ ١٠٠ هه‌زار ئۆكراینیش وه‌ك په‌نابه‌ر وه‌رده‌گرن.

جۆو بایدن، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا پاش كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ناتۆ ڕایگه‌یاند، یه‌ك بلیۆن دۆلار وه‌ك هاوكاری مرۆیی پێشكه‌ش به‌ ئۆكراین و هاوڵاتیانی ده‌كه‌ین كه‌ به‌هۆی ئه‌م جه‌نگه‌وه‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م و كۆتایی بوون.

سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: بڕیاریشمانداوه‌ زیاتر له‌ ١٠٠ هه‌زار هاوڵاتی ئۆكراینی له‌ وڵاته‌كه‌مان وه‌ك په‌نابه‌ر وه‌ربگرین به‌شێوه‌یه‌ك هیچ خێزانیكی ئۆكراینی له‌ یه‌كتر دانه‌بڕێنین.

بایدن باسی له‌وه‌شكرد “زیاتر له‌ ٣٢٠ ملیۆن دۆلار پێشكه‌ش به‌ ئۆكراین ده‌كه‌ین تا پارێزگاری له‌ مافه‌كانی مرۆڤ بكات و دووباره‌ ئۆكراین به‌ به‌هێزتر و جوانتر خۆی بونیاد بنێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌ندامانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی G7، بڕیاری پێشكه‌شكردنی هاوكاری به‌ كیێڤ له‌ ڕووی پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌ك خۆراك و وزه‌ دووپاتكردوه‌ته‌وه‌.

لەبارەی هەڵوێستی سەرۆکی ڕووسیا وتی: پۆتین وای دانابوو ناتۆ لەتبووە، لە ماوەی گفتوگۆکانم لەگەڵ ئەودا لە کانوونی یەکەم و کانوونی دووەم، بۆم ڕوونبووەوە کە ئەو بیری لەوە نەدەکردەوە ئێمە بەم شێوەیە یەکگرتوو دەبین.

وتیشی: ناتۆ هەرگیز هێندەی ئەمڕۆ یەکگرتوو نەبووە، پۆتین ڕێک پێچەوانەی ئەو ئەنجامەی دەستکەوت کە پێشبینیی دەکرد لە چوونە نێو ئۆکراین دەستیدەکەوێت، ئێمە هەمان ئەو یەکگرتنەمان لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتە پێشەنگە دیموکراسییەکانی G7دا دروستکردووە.

باسی لەوەشکرد “سزای نوێمان شانبه‌شانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و هاوبه‌شه‌كانمان به‌سه‌ر ڕووسیادا داوه‌ و سزاكانیشمان ٤٠٠ كه‌س و شوێن ده‌گرێته‌وه‌ به‌تایبه‌تیش ٣٠٠ په‌رله‌مانتاری ڕووسی و كۆمپانیا سه‌ربازییه‌كان كه‌ پێداویستی سه‌ربازی بۆ ڕووسیا دابین ده‌كه‌ن.

ئاشکراشیکرد: له‌ئێستادا هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌ ١٠٠ هه‌زار سه‌ربازه‌وه‌ پارێزگاری له‌ سنوره‌كانی ناتۆ ده‌كات و چوار خاڵی نوێی سنوری ناتۆ له‌ هه‌نگاریا، سلۆڤاكیا، بولگاریا و ڕۆمانیا كردوه‌ته‌وه‌.

ف.ق