ئەندامێکی سەرکردایەتی یەنەکە: هاتنی‌ گەریلا بۆ کەرکوک، یەکڕیزی‌ کوردی‌ نیشان دەدا

وەستا ڕەسوڵ ، فەرماندەی پێشمەرگە و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی (یەنەکە)، باس لەهاتنی گەریلا بۆ کەرکوک دەکات و رایدەگەیەنێت، هەنگاوێک بو، بۆ یەکێتی نەتەوەیی کوردان و بونی گەریلا و پێشمەرگە بەیەکەوە لەبەرەی شەڕدا، یەکڕیزی کوردی نیشانی جیهاندا.

وەستا ڕەسوڵ ، فەرماندەی پێشمەرگە و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی (یەنەکە)، باس لەهاتنی گەریلا دەکات کە، هەنگاوێک بو بۆ یەکێتی نەتەوەیی کوردان و بونی گەریلاو پێشمەرگە بەیەکەوە لەبەرەی شەڕدا، یەکڕیزی کوردی نیشانی جیهاندا. هەروەها مەعنەویاتی خەڵکی کەرکوکی بەرزکردەوە، بەڵکو ورەی دایە پێشمەرگە و فەرماندەکانیش، خوێنی هەمو بەشەکانی کوردستانیش لەو پێناو ئازادکردنی کەرکوک و پاراستنی خەڵکەی ڕژا.

نمونەش دێنێتەوە بە هێرشە گەورەکەی داعش بۆسەر شاری کەرکوک دێنێتەوە کە بەژمارەیەکی زۆر و نەخشەیەکی وردەوە، لەشەوێکدا هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر کەرکوک، شاهیدی ئەوە دەدا بۆ هێزەکانی گەریلا کە بەرگری باشیان لەکەرکوک کرد و تەنانەت وەستا ڕەسوڵ خۆشی لەوشەڕەدا بەهۆی گەریلاکانەوە دەربازی بو.

هەروها وەستا ڕەسوڵ، سەرپەشتیاری میحوەری چوار لەشەڕی دژی داعشدا باس لە جیاکاری نێوان میحوەرەکان لەدابەشکردنی چەک و پێویستی سەربازی، لەسەروی ئەوانەشەوە فرۆکەكانی هاوپەیمان کەمتر چاودێری جموجۆڵ و حەرەکاتی داعشیان لە ناوچەکانی کەرکوک کردوە، تەنها بیانوشیان بۆ بونی گەریلاکانی پەکەکە لەوناوچەیە گەڕاندوتەوە.

ئەو فەرماندەی پێشمەرگە سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانیشی کردوە، لەنزیکەوە چاوی کەوتوە بە هەڤاڵانی ڕۆژئاوا، ئەوەی جێی سەرسوڕمانی بوە لای کاتێک وەزیری پاراستنی کۆبانی پێشوازی لێکردوە هەر خۆی و تەنها یەک پاسەوانی لەگەڵ بوە.

هاوکات سەرسامی خۆی بە ئەزمون و تاکتیکی سەبربازی شەڕڤانی کورد دەردەبڕێت، لەمبارەیەوە دەڵێ : "ماوەیەک بیرۆکەی‌ ئەوەم لە مێشکدا گەڵاڵەکردبوو کە بۆچی‌ شەڕڤانانی‌ کورد لە ڕۆژئاوای‌ کوردستان لە توانایاندایە بەمەفرەزەی‌ بچووک شەڕی‌ براوە بکەن؟ دەبێت هۆکاری‌ مەشق و ڕاهێنانی‌ ئەوان بزانم و وابکەم سوودی‌ لێوەرگرین بۆ هێزەکانی‌ خۆمان".

بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی‌ بواری‌ مەشق دا سەردانی‌ فێرگە و ئەکادیمییەکانی‌ هێزەکانی‌ یەپەگە دەکەن لە ڕۆژئاوا.کە دواتر لە پراکتیکی مەشقی پێشمەرگەدا سودیان لێ وەرگرتوە.

ئەم پەرەگرافانەی خوارەوە دەقی نوسینەکانی وەستا ڕەسوڵە، لەڕۆژنامەی کوردستانی نوێ دا بڵاوکراوەتەوە، کە بەشێک لە بیرەوەری ڕۆژانی شەڕی داعش لەکەرکوک و لەداهاتووشدا نیازوایە بکرێتە کتێب.

هاتنی‌ گەریلا بۆ کەرکوک، یەکڕیزی‌ کوردی‌ نیشان دەدا

هەڤاڵ ئاسۆ مامەند ئاگاداری‌ کردم کە (100) هەڤاڵی‌ گەریلا لە قەندیل و مەخمورەوە هاتوون، لەناو فڕۆکەخانەی‌ (کەرکوک) ن، بەڵکو بیانبەن بۆ (گوندی‌ مەتارە) سەنگەرەکانی‌ بەرامبەر (گوندی‌ وەحدە) یان پێ بسپێرن. هەڤاڵ مامۆستا کاوە بە ئۆتۆمبیلەکانی‌ فەوجەکەی‌ عەلی‌ چیمەنی‌ لە فڕۆکەخانەوە ژمارەیەکیانی‌ بەرەو گوندی‌ مەتارە بردبوو لە ڕێگای‌ گەڕەکی‌ پیشەسازی‌ دوو بۆمبێکیان پیادا تەقییەوە و بریندارێکیان دا، ڕێگای‌ پیشەسازی‌ تازە زۆر مەترسی‌ داربوو، بەردەوام بۆمبیان لەو ڕێگایە دادەنا.

ئەو هێزەی‌ گەریلای‌ پەکەکە لە رووی‌ مەعنەویەوە بۆ کەرکوک زۆرباش بوو، لە هەمان کاتدا رێگای‌ گوندی‌ (وەحدە) یان پێسپێردرا، بەشێک لە هێزەکەیان لە گوندی‌ (عەبدوللا غانم) جێگیرکران. بۆ ئەو رۆژانەی‌ سنوری‌ کەرکوک هێزەکەی‌ پەکەکە گرنگی‌ خۆی‌ هەبوو، لەلایەکەوە یەکڕیزی‌ کوردی‌ نیشان دەدا، لە لایەکی ترەوە هێزێکی‌ ئازابوون لە سنوری‌ داقوق، پشتیان پێدەبەسترا.

هاتنی‌ کاک مەسعود بارزانی‌ بۆ کەرکوک

پێیان ناخۆشبوو ووتم: جیاکاری‌ هەیە لە نێوان میحوەرەکان

مەسرور بارزانی‌ وەڵامی‌ دامەوە کە لەسنووری‌ ئێوە پەکەکەتان لایە، بۆیە هاوپەیمانان فڕۆکە نانێرن بۆ ئه‌وێ

" پەکەکە لای‌ ئێمە شەڕی‌ داعشیان کردووە و شەهیدیان هەیە"

لە (14ی‌ تەموزی‌ 2015) كاك مەسعود بارزانی‌ فەرماندەی‌ گشتی هێزی‌ پێشمەرگە هاتەلامان بۆ پیرۆزبایی شەڕی‌ موڕە، پێشتر لە دەرەوەی‌ ووڵات بوو، لەبارەگای‌ شێخ جەعفەر کۆبوونەوەیەکی‌ فراوانی‌ بە هەموو فەرماندەکانی‌ میحوەرەکانی‌ (3، 4، 5 ، داقوق) کرد،

دوای‌ قسەکانی‌ شێخ جەعفەر نۆرەی‌ من هاتوو ڕاپۆرتەکەم خوێندەوە، کەباسی‌ شەڕەکەم کردبوو پێداویستییەکانی‌ سەنگەرەکانیشم تێدا باس کردبوو، لە خاڵی‌ پێنجەمدا باسی‌ کەمی‌ فڕۆکە جەنگیەکانی‌ هاوپەیمانانم کردبوو لە ئاسمانی‌ میحوەرەکانی‌ (3، 4) و داقوق، دیاربوو پێیان ناخۆشبوو ووتم: جیاکاری‌ هەیە لە نێوان میحوەرەکان، مەسرور بارزانی‌ راوێژکاری‌ ئاسایشی‌ هەرێم وەڵامی‌ دامەوە کە لەسنووری‌ ئێوە حەشدی‌ شەعبی‌ هەیەو پەکەکەتان لایە، بۆیە هاوپەیمانان فڕۆکە نانێرن بۆ ئه‌وێ، من وەڵامم دایەوەو ووتم: ئەمە وانییە هیچ هێزێکی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەسنورەکە نییە، جگە لە تورکمانە شیعەکانی تازە و بەشیر، پەکەکەش قاچاغ نییە، ئەوە نییە لەشەنگال گەریلای‌ لێیەو فڕۆکەش هەیەو گەریلاکانی‌ پەکەکە لای‌ ئێمە شەڕی‌ داعشیان کردووە و شەهیدیان هەیە، بەردەوام ئەوەمان بەتیمی‌ ئەمریکییەکان ووتووە... له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ گازنده‌كانم وه‌كو خۆی گه‌یانده‌ كاك مه‌سعود بارزانی.

گەریلاکان لەشەڕی ڕزگارکردنەوەی تەللوەرد

کاک کۆسرەت بەمنی‌ ووت: پێمان دەگیرێت؟ ووتم: بەڵێ ئەگەر هێزێکی‌ حەساوە هەبێت دەتوانین بیگرینەوە، ڕووی‌ کردە عەمید شێرکۆ ووتی‌: تۆ دەکەمە فەرماندەی‌ ڕزگارکردنی‌ تەللوەردو هێزەکانی‌ گەریلاتان لەگەڵ بێت، هێزەکانی‌ دژەتیرۆر بەفەرماندەی شێخ پۆڵادی‌ شێخ جەنگی‌ بۆ گرتنەوەی‌ مەکتەب خالید، من ووتم: ئێمە لەگەڵ هەڤاڵانی‌ میحوەری‌ پێنج کۆبوووینەتەوە ئەوانیش لەقۆڵی‌ ڕاستەوە گوندەکە بگرن و بێنە سەرەوە، لەوکاتەدا ئەنوەری‌ حاجی‌ عوسمان هات و ووتی‌: ئێمەش ئامادەین.

'هێزەکەی‌ عەمید شێرکۆ و گەریلاکان لەماوەی‌ (35 ) خولەکدا بەرزاییەکانی‌ تەللوەردو کۆنترۆڵیان کرد'

'هەڤاڵ بەدرخان لەهێزەکانی‌ گەریلا چاوێکی‌ لەدەستدا'

سەعاتی‌ سفر کرایە کاتژمێر (16:00) ئێمە زووتر دەستمان پێکرد هێزەکەیدژەتیرۆر چوونە ناو گوندی‌ مەکتەب خالید، هێزەکەی‌ عەمید شێرکۆ و گەریلاکان لەماوەی‌ (35 ) خولەکدا گەیشتنە بەرزاییەکانی‌ تەللوەردو کۆنترۆڵیان کرد، مولازم هاشم بنەیی لێپرسراوی‌ دەستەی‌ عەمید شیرکۆ شەهیدبوو، هەڤاڵ بەدرخان لەهێزەکانی‌ گەریلا چاوێکی‌ لەدەستدا. عەمید شێرکۆ هەڵوێستی‌ دا بەقۆڵی‌ ڕاست بڵێن

تەقەنەکەن هەموویمان کۆنترۆڵ کردوە.

له شەڕی گرتنەوەی مەکتەب خالید، گەریلاكانی پەكەكە بەرگری باشیان كرد

'هەڤاڵ شەوگەر فەرماندەیەکی پەکەکە بوو رۆڵێکی زۆر قارەمانانەی بینی لە دەربازبوونی ئێمە'

دوژمن نەیتوانی ڕێگای مەکتەب خالید بکەنەوە، من هه‌وڵم ئه‌دا هێڵی شەمەندەفەرەکە قایم بکەین، بەشێ لە هێزەکەی خۆم لەسەر پردەکە دانا بە سەرپەرشتی هەڤاڵ عەگید و هەڤاڵ شەوگەڕ، کە دوو فەرماندەی باڵای گەریلاکانی پەکەکە بوون، بەرگری باشیان کرد، کە چووم بەرەو هێڵی شەمەندەفەرەکە دوژمن لە سەنگەری خۆمانەوە تەقەی لێکردین و کە ڕۆیشتم موقەدەم عەبدوڵڵا جێگری فەوجی یەک لەوێ بوو پێمووت، دێمەوەلات، دیاربوو باوەڕی نەکردبوو، حەقی خۆی بوو، چونکە هەموو هێزەکان لە شکان بوون، گەڕامەوە ئەویش ڕۆیشتبوو.

هەڤاڵ ئارمانج شەهیدبوو

يەکێک لە هەڤاڵانی پەکەکە بەناوی هەڤاڵ ئارمانج هاتە لام وتی، من دەچمە ئەوبەرەوە بریندارێکی لێیە دەیهێنم، بەئۆتۆمبێلێکی (پیکاب) لە گەڵ چەند گەریلایەکی کوڕ و کچ ڕۆیشتن، بریندارەکەیان هێنا و هاتنەوە، لە سەر پردەکە لێیاندرا، هەڤاڵ ئارمانج و کچێکی گەریلا بەرکەوتن و بەسەختی برینداربوون، هەردووکیان لە سەریان درابوو، پاشان هەڤاڵ ئارمانج شەهیدبوو، گەریلاکان ووتیان، کەس لەوبەری ئاوەکە نەماوە، لەوکاتەدا بە هەڤاڵ عەگید کەلاری و هەڤاڵ عەلی سەیفم ووت، با ئێمە لێرە نەڕۆین با خوێنی هەرچوار پارچەی کوردستان لە سەر خاکی کەرکوک بڕژێ.

توانرا لە ماوەی (30) خولەکدا پردی مەکتەب خالید کۆنترۆڵ بکرێتەوە، هەڤاڵ شەوگەر فەرماندەیەکی پەکەکە بوو رۆڵێکی زۆر قارەمانانەی بینی لە دەربازبوونی ئێمە، بەداخەوە پاشان لە شارەکەی خۆی لە کۆبانی شەهیدبوو.

لەو هێرشە گەورەیەی داعش ئەو شەوە کردی، ئەوە یەکەم شکانی بوو، دیارە هێزەکانی دوژمن زۆربوون، نەخشەکەیان وابوو کەرکوک بگرن، بەڵام بە شکانی دوژمن لە قۆڵی مەکتەب خالید، هەموو هێرشەکەی دوژمن تێکشکا.

سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان

" شەڕڤانانی‌ کورد لە ڕۆژئاوای‌ کوردستان لە توانایاندایە بەمەفرەزەی‌ بچووک شەڕی‌ براوە بکەن"

ماوەیەک بیرۆکەی‌ ئەوەم لە مێشکدا گەڵاڵەکردبوو کە بۆچی‌ شەڕڤانانی‌ کورد لە ڕۆژئاوای‌ کوردستان لە توانایاندایە بەمەفرەزەی‌ بچووک شەڕی‌ براوە بکەن؟ دەبێت هۆکاری‌ مەشق و ڕاهێنانی‌ ئەوان بزانم و وابکەم سوودی‌ لێوەرگرین بۆ هێزەکانی‌ خۆمان.

بیرۆکەکەم لەگەڵ هەڤاڵ شێخ جەعفەر باسکرد بەلایەوە باش بوو، به‌وه‌ی لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی‌ بواری‌ مەشق دا سەردانی‌ فێرگە و ئەکادیمییەکانی‌ هێزەکانی‌ یەپەگە بکەم لە ڕۆژئاوا، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ لیوا قارەمان لە وەزارەتی‌ پێشمەرگە قسەمکرد و پێی‌ باش بوو (سێ) ملازمی‌ گەنجم بۆ ئامادەبکات، پاشان لە هێزەکانی‌ پشتیوانی‌ دوو عەمید ڕوکن رێبوار عەلی‌ و لە ئیدارەی‌ میحوەری‌ چوار ڕائد تەحسین، وەکو بواری‌ لۆجیک لەگەڵ خۆم ئامادەکرد و بەهۆی‌ کاک هەڵۆ پێنجوێنیەوە توانیبووی‌ لەگەڵ برادەرانی‌ پەیەدە قسە بکات و پەیوەندییەکە دروست بکات، پاشان بۆ ئەو مەبەستە مەکتەبی‌ سیاسی و کاک دلێری‌ سەید مەجیدم ئاگادارکردەوە.

'لەگەڵ هەڤاڵانی ڕۆژئاوا لەسەر زۆربەی‌ هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکان هاوڕابووین'

له‌ (21 ی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ 2015) هاوڕێ لەگەڵ هەڵۆ پێنجوێنی‌ و هاوڕێکانم، کاک ئیسماعیل لێپرسراوی‌ پەیوەندییەکانی‌ پەیەدە بەرەو شاری‌ حەسەکە بەڕێکەوتین، لە باشووری‌ حەسەکە هەڤاڵ شاهین کۆبانیمان بینی‌ كه‌ فەرماندەیی شەڕەکانی‌ دەکرد، سنوورێکی‌ بەرفراوانیان لەو دەڤەرە پاککردبۆوە، قارەمانانە شەڕیان دەکرد، ئێمە لەلایان بووین گوندێک و سەربازگەیەکی‌ گەورەیان لە داعش پاککردەوە. مەبەستی‌ هاتنەکەمان ئاشکراکرد ئەویش بەخۆشحاڵیەوە فەرمانیدا سەردانی‌ تەل علۆ بکەین و زانیاری‌ لەو بارەیەوە وەربگرین.

نیوەڕۆکەی‌ لای‌ ئەوان نانمان خوارد، گەلێ بیرۆکەمان لە بارەی‌ شەڕی‌ داعشەوە ئاڵوگۆڕکرد، هەردوولامان لەسەر زۆربەی‌ هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکان هاوڕابووین، شەوەکەی‌ گەڕاینەوە شاری‌ عامودە سەردانی‌ ئەنجومەن و سەرۆکایەتی‌ حکومەتمان کرد لەعامودە و بەگەرمی‌ پێشوازیان لێمان کرد. لەوێوە بەرەو سەرێکانی‌ بەرێکەوتین، شەو لە سەرێکانی‌ لە بارەگای‌ پەیوەندییەکانی‌ پەیەدە ماینەوە.

بەرەو کۆبانێ

'وەزیری‌ پاراستن و سەربازی‌ حکومەتی‌ کۆبانێ تەنها یەک پاسەوانی‌ لەگەڵ بو'

" شەڕی قارەمانانەی شەڕڤانانی‌ کۆبانی هەموو جیهانی‌ سەرسامکرد"

له‌ (22 ی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ 2015) بەیانیەکەی‌ بە گرێ سپیان بەرە و شاری‌ کۆبانی‌ بەڕێکەوتین، لە گوندی‌ شێران لەلایەن وەزیری‌ پاراستن و سەربازی‌ حکومەتی‌ کۆبانیەوە پێشوازیمان لێکرا کە تەنها خۆی‌ و یەک پاسەوانی‌ لەگەڵ بوو، پێکەوە چووینە بارەگای‌ وەزارەتەکەیان، پاشان بەرەو سەر مۆنۆمێنتی‌ شەهیدان بەڕێکەوتین،لەسەر گۆڕی‌ شەهید شەوگەڕ و شەهیدانی‌ دەستی‌ تیرۆر لە کۆبانێ تاجەگوڵینەمان دانا، پاشان سەردانی‌ سەرۆکایەتی‌ حکومەتی‌ کۆبانێمان کرد، لەلایەن ئەنوەر موسلیمەوە پێشوازیمان لێکرا، نانی‌ نیوەڕۆمان لە میوانخانەکەی‌ کۆبانێ خوارد، داوام لێکردن پێکەوە سەردانی‌ گردی‌ (مشتەنور) بکەین، ئەو گردەی‌ دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی‌ شاری‌ کۆبانێیەوە، کە لە مێژوی‌ مرۆڤایەتییەوە بەمشتێ لە نوری‌ خوایی ناوی‌ دەرکردبوو، کەڕۆژ هەڵدێ لە بەیانییەوە وەکو تیشکی‌ زیوین ناو ژووری‌ ماڵەکانی‌ کۆبانێ ڕۆشن دەکاتەوە، کە مانگ لە شەودا لە بەرزایی گردەکەوە دەردەکەوێت وەکو مشتێ نور وایە کەتیشکی‌ زێڕینی‌ بە سەر هەموو شاری‌ کۆبانیدا پەخش دەکات، بەڵام ئەو گردە پیرۆزە لە ڕۆژێکی‌ زۆر ناخۆشدا تاریک پەرستانی‌ داعش بە (12 تانکەوە) هێرش دەکەنە سەر شاری‌ کۆبانی‌ و گردەکە کۆنترۆڵ دەکەن و ئەو هەموو پیرۆزییەی‌ ئەو گردە بۆ خەڵکی‌ کۆبانێ دەگۆڕێ و دەبێتە ئاگری‌ شەڕو لە 75% شارەکە وێران دەکەن. شەڕی قارەمانانەی شەڕڤانانی‌ کۆبانی هەموو جیهانی‌ سەرسامکرد، توانیان خۆڕاگرانە شارەکەیان بپارێزن و دوژمن بشکێنن.

'چەکەکەم کە لە سەرەتای‌ شەڕەکانەوە لە کەرکوک شەڕم پێدەکرد، پێشکەشم کرد بە وەزیری‌ پاراستنی‌ کۆبانێ'

لەو شەڕەی‌ تیرۆرستانی‌ داعش گەلێ چیرۆکی‌ قارەمانانەی‌ شەڕڤانان دەگێڕنەوە، ژنانی‌ یەپەژە هەموو جیهانی‌ لەو زوڵمە گەورەیە ئاگادارکردەوە کە بەرامبەر بە کورد دەکرێت، خۆڕاگری‌ ئەو شارە لەوەدابوو کە زیاتر لە (1000) شەهیدیان بەخشی‌ لەپێناو پاراستنی‌ شارەکەیاندا، سەرکەوتنێکی‌ گەورەبوو بۆ کورد تۆمارکرا لەلایەن شەڕڤانانەوە، بۆیە بەبیرمدا هات وەکو ڕەمزێک چەکەکەی‌ شانی‌ خۆم کە لە سەرەتای‌ شەڕەکانەوە لە سنووری‌ کەرکوک شەڕم پێدەکرد، پێشکەشی‌ بکەم بەوەزیری‌ پاراستنی‌ کۆبانێ، ئەمەش لە نێوەندەکانی‌ ڕاگەیاندندا دەنگی‌ زۆری‌ دایەوە، شەوەکەی‌ گەڕاینەوە بۆ شاری‌ عامودە.

'ئێمە توانیمان سوودی‌ زۆر لەئەکادیمیای‌ مەشق و ڕاهێنانی‌ شەڕڤانان وەربگرین'

بەرەو تەل علۆ

لە (23 ی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ 2015) بەیانیەکەی‌ بەڕێکەوتین بەرەو شارۆچکەی‌ تەل علۆ کە نزیکی‌ شاری‌ شەنگال بوو، لە دیوی‌ کوردستانی‌ ڕۆژئاوا، بەمەبەستی‌ بینینی‌ ئەکادیمیای‌ مەشق و ڕاهێنانی‌ شەڕڤانان، نزیکەی‌ (پێنج) کاتژمێرلە کۆبوونەوە بووین لەگەڵ بەرپرسانی‌ ئەکادیمیاکەو پاشان بەرەو سنووری‌ فیشخابور گەڕاینەوە باشوری‌ کوردستان، لەوێ بەرەو شارۆچکەی‌ خانەسوور و قەزای‌ شەنگال بەڕێکەوتین، لەلایەن جەمیل عەڤدال لێپرسراوی‌ مەڵبەندی‌ شەنگال و عەگید کەلاری‌ فەرماندە لە هێزەکانی‌ گەریلا پێشوازی‌ کراین، شەوەکەی‌ گەڕاینەوە کەرکوک لە کەیوان خەوتین.

ئێمە توانیمان سوودی‌ زۆر لەبەرپرسانی‌ فێرگەی‌ ئەکادیمی‌ سەربازی‌ تەل علۆ وەر بگرین، ئەو ئەفسەرانەی‌ لەگەڵمان هاتبوون پاش گەڕانەوەمان راپۆرتێکمان لەو بارەیەوەئامادەکرد و پێشکەشی فەرماندەی‌ هێزەکانی‌ حەفتامان کرد تاوەکو بەرنامەی‌ مەشقی‌ هێزەکانی‌ (70)بکرێتە بواری‌ پراکتیکەوە.

ف.ق