ئەوروپا گۆڕەپانی ئاسمانی خۆی لە بەرانبەر فڕۆکەکانی روسیا دادەخات

دوای هێرشی سەربازی روسیا لەدژی ئوکراینا، وڵاتانی ئەوروپا دەستیان بە داخستنی گۆڕەپانی ئاسمانی لەبەرانبەر فڕۆکەکانی روسیا کرد.

ئەڵمانیا، بەلجیکا، لوکسەمبورگ و ئیتاڵیا بڕیاریاندا گۆڕەپانی ئاسمانی خۆیان لەبەرانبەر کۆمپانیەکانی فڕۆکەوانی روسیا دابخەن.

فەڕەنسا رایگەیاند، وەک پرەنسیپ لێکۆلینەوەیان لەمبارەدا کردووە، بەڵام داوای بڕیارێکی گشتی ئەوروپی کرد.

بەرلین وتی، ٣ مانگ ئاسمانی وڵاتەکەیان لە بەرانبەر فڕۆکەکانی روسیا قەدەغەیە.

ئەلکساندر دە کرۆ سەرۆکوەزیری بەلجیکا باسی ئەوەی کرد کە بەلجیکا بریاریداوە ئاسمانی وڵاتەکەیان بە رووی هەموو کۆمپانیە روسیەکان دابخرێت. گۆڕەپانی ئاسمانی ئەوروپا بۆ یەکتری کراوەیە بەڵام بۆ ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکەن داخراوە.

لوکسەمبورگیش کە گۆڕەپانێکی گرنگی هێڵی فڕۆکەوانیە بە تایبەتی لە رووی فڕۆکەی بارهەڵگرەوە، رەشنوسێک بەم مەبەستە ئامادە دەکات.

روسیاش وەک وڵامێک، ئاسمانی وڵاتەکەی و هەموو گەشتێکی ترانزێتی بۆ وڵاتانی ئەورۆپا قەدەغەکرد.

ف.ق