ئایا پارتی سیخوڕی بۆ تورکیا دەکات و دەستى لە تیرۆری زەکى شەنگالیدا هەیە؟

لە لێکۆڵینەوەی سەر شەهادەتى زەکی شەنگالی ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى ئێزدییەکان زانیاریى نوێ ئاشکرا بوون. بەپێى ئەو زانیارییانە کەدەپە دەستى لەو تیرۆرەدا هەیە.

خدر عەلی شەنگالی نووسەری رۆژنامەى یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکا بابەتێکى لەبارەى کاری سیخوڕیى پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) بۆ دەوڵەتى تورکیا لە ماڵپەڕی فۆروم (Forûm) بڵاوکردەوە. بابەتەکە شیکاری و زانیاریی سەرەنجڕاکێشی لەبارەى تیرۆری زەکى شەنگالی ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى ئێزدی-یەکان خستووەتەڕوو. زەکى شەنگالی لە ١٥ی ئابی ٢٠١٨ و لە شەنگال بەهۆی هێرشێکى ئاسمانیى دەوڵەتى تورکیاوە شەهید بوو.

خدر عەلی شەنگالی سەرنجی خستوەتە سەر ئەو پرسیارانە، کە پەدەکە لەو کەسانەى دەپرسێت لە شەنگال یان شوێنەکانى تر لە شەڕدا هەڵهاتوون. زۆربەى ئەو ١٠٠ پرسیارە و وەڵامەکانى ئەو پرسیارانە، ئەو زانیارییانەن کە دەوڵەتى تورکیا بە دوایاندا دەگەڕێت.

پرسیارەکانى  پاراستنى پارتی

شەنگالی وتى "هەندێک لەو پرسیارانە کە پەدەکە لەو کەسانەى، لە شەنگال یان شوێنەکانى تر هەڵهاتوون دەپرسێت، بە دەستى ئێمە گەیشتوون. هەروەها پێش ئەوەى هەپەگە لە شەنگال بڕواتە دەرەوە ئەو پرسیارانەی لە یەک دوو کەسێکى تر کرابوون، کەوتبووە دەستى هێزى خۆپاراستنى شەنگال. کاتێک مرۆڤ سەرنجی ئەو پرسیارانە دەدات ئەوەى بۆ دەردەکەوێت، کە ئەو پرسیارانە کاری دەوڵەتى تورکە و تەنها ئەو پرسیارانە لە دەوڵەتی تورک دەوەشێتەوە".

شەنگالی وتیشی "ئەو کەسانەى ئەو پرسیارانە دەپرسن دەبێت ئەندامانی میت بن، کە لەگەڵ پارتیدان، چونکە ئەوە بۆ دونیا و عالەم روونە، کە میت و پاراستن پێکەوە کار دەکەن. دەوترێت پێشتریش کاریگەریى موساد بەسەر پاراستنەوە هەبووە، بەڵام ئێستا میت کاریگەریى بەسەر پاراستنەوە هەیە".

خدر عەلی شەنگالی لەبارەى ئەو پرسیارانەوە کە دەپرسرێن نووسیویەتى، پرسیارى وەک "پەیوەندیى ژن و پیاو لە ناو پەکەکەدا، شێوەى دروستکرنى ئەشکەوتەکان، شێوازى دروستکردنى تونێلەکان، جموجوڵی فەرماندەکانى گەریلا و بەڕێوەبەرانى پەکەکە، شێوازى کاری راگەیاندن و میدیا، کۆبوونەوەکان، قاچاخچێتیى ماددەهۆشبەرەکان" دەپرسرێن. ئەو پرسیارانەش بۆ پەدەکە سوودیان نییە.

باشە پەدەکە شوێنى پەناگەکان بە دەوڵەتى تورکیا دەڵێت؟

شەنگالی لە بابەتەکەیدا باسی ئەوەشیکردووە  پرسیار لەبارەی "پەیوەندیى هاوڕێیانەى نێوان گەریلا ژن و پیاوەکان، هەڤاڵێتى لە سەنگەرەکان لەسەر بنەمای خۆشەویستیى دیموکراسی و ئازادی" دەکەن. باشە ئێستا "پەیوەندیى نێوان پەدەکە و دەوڵەتى تورک لەسەر بنەمای کام عەشق و خۆشەویستییە؟".

هەروەها شەنگالی دەپرسێت "باشە پرسیارکردن لەبارەى پەنگەکانەوە چ سوودێکیان بۆ پەدەکە هەیە؟. باشە هەواڵگریى پەدەکە کار بۆ ئەوە دەکات، کە فڕۆکە جەنگییەکانى تورک کامپەکانى گەریلا بۆردومان بکەن؟".

شەنگالی لە بەردەوامیى بابەتە شیکارییەکەیدا نووسیویەتى "پرسیارەکانى، گەریلا پەناگە و تونێلەکان چۆن دروست دەکەن؟ ئەشکەوتەکان بە چ شێوازێک دروست دەکەن؟ فەرماندەکانى گەریلا و بەڕێوەبەرانى پەکەکە چۆن جموجوڵ دەکەن؟ چەند هێزى بەرگرییان لەگەڵدایە؟ روون و ئاشکرایە ئەو پرسیارانە سوودی بۆ پەدەکە نییە. باشە وەڵامی ئەو پرسیارانە چی لێدەکەن؟ نزیکەى ١٠٠ پرسیار لەو کەسانە دەپرسن. وەڵامى زۆربەى ئەو پرسیارانە تەنها سوودی بۆ دەوڵەى تورک هەیە".

پەیوەندیى نێوان پاراستن و میت

شەنگالی سەرنج دەخاتە سەر پەیوەندیى هەواڵگریى پارتی (پاراستن) و دەزگاى هەواڵگریى تورکیا (میت) و ئاماژە بەو ئیدعایانە دەکات، کە دەڵێن، هێرش لە دژی زەکى شەنگالی دەرەنجامی پەیوەندیى نێوان پەدەکە و میتە.

"ئەم پرسیارانەش دەکرێن، بەرێوەبەرانیان چۆن زانیارییەکان بە یەکتر دەگەیەنن؟. چۆن و بە چ شێوەیەک لەگەڵ یەک کۆدەبنەوە؟ چۆن بە چ شێوەیەک جموجوڵ دەکەن؟ چەند کەس لەگەڵ یەکتر دەمێننەوە؟ ئەو پرسیارانە، هەر هەمان ئەو پرسیارانەن کە دەوڵەتى کۆماری تورکیا بە دواى وەڵامەکانیاندا دەگەڕێت، چونکە کاری دەوڵەتى تورک ئەوەیە، کە شوێنی بەڕێوەبەران دەستنیشان بکات و دەستبکات بە بۆردومانکردنى شوێنەکانیان. دەوڵەتى تورک بۆ ئەو کارەش 'یەکەی سەرکردایەتیى' دروستکردووە. زانیارییەکان لەو یەکەیەدا کۆدەکرێنەوە. دەوترێت پاراستنى پارتیش زانیارییەکانى دەداتە ئەو یەکە سەرکردایەتییەى دەوڵەتى تورک. ئەو کەسانەى لە ناو پەدەکەدا لە دۆسیەى پەکەکە بەرپرسیارن، راستەوخۆ لەگەڵ میت دا لە پەیوەندیدان و لەبارەی هەموو ئامانجەکان و شوێنەکان و خاڵ و پێگەکانى پەکەکە لەگەڵ میت دا کۆدەبنەوە.

دەوترێت ئەو ئەندامانەى میت، کە لەلایەن پەکەکەوە دەستگیرکراون زانیاریى زۆریان لەو بارەیەوە ئاشکرا کردووە. دەشوترێت، ئەو ئەندامانەى میت کە لە دەستى هەپەگەدان، زۆرترین زانیارییان لەبارەى پەیوەندیى خۆیان لەگەڵ پەدەکە خستووەتەڕوو. لەبەر ئەوەش ئیدعا دەکرێت، کە هێرش بۆ سەر زەکى شەنگالی پەیوەندیى بە پەیوەندییەکانی نێوان پەدەکە – میت ەوە هەیە. ئەگەر پەیوەندیى نێوان پەدەکە و میت لەو ئاستەدا نەبوایە، ئەو کەسانەی لە گەریلا دابڕاون و لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراون لە لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیاندا، ئەو پرسیارانەیان نەدەپرسی، کە تەنها سووودی بۆ دەوڵەتى تورک هەیە".  

خدر عەلی شەنگالی نووسەری رۆژنامەى یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکا لە بابەتەکەیدا لێکدانەوەى بۆ پرسیاری "لە ناو پەکەکەدا کێ ترافیکى مادە هۆشبەرەکان بەڕێوەدەبات؟" کرد و نووسیویەتى "یەکێک لە پرسیارانە، کە میت دەهێنێتەوە یادی مرۆڤ ئەوەیە، کە لە ناو پەکەکەدا کێ قاچاخچێتیى ماددەى هۆشبەر دەکات؟. ئایا ماددەى هۆشبەر بە گەریلا دەدەن و رەوانەى شەڕیان دەکەن؟ وەک دەزانرێت دەوڵەتى تورک دەیان ساڵە لەوبارەیەوە درۆ بڵاودەکاتەوە و دەیەوێت بەو درۆیانە پەکەکە رەش بکات. دەیانە ساڵە ئەو پرسیارانە دەپرسێت و هیچى دەستنەکەوتووە، چونکە لە بنەڕەتدا کارێکى لەو شێوەیە بوونی نییە تاوەکو وەڵامى پرسیارەکانى دەست بکەوێت".

پرسیار بۆ شوێنەکانی خولی پەروەردەى پەکەکە دەکەن

شەنگالی لە بەشێکى تری بابەتە شیکارییەکەیدا نووسیویەتى، پرسیار لەبارەى ئەو شوێنانەوە دەکرێت، کە پەکەکە خولی پەروەردەى تیادا دەکاتەوە. دەەوڵەتى تورکیاش لە هەموو کەس لایەنێک زیاتر کار بۆ ئەوە دەکات ئەو شوێنانە دەستنیشان بکات.

شەنگالی ئەوەشى نووسیوە "دەوڵەتى تورک ئەو پرسیارانە لەو کەسانە دەکات، کە پەدەکە رادەستی تورکیایان دەکات. ئەوەندەى ئێمە بیستومانە، زۆربەى ئەو پرسیارانە، کە پەدەکە دەیپرسێت هەر هەمان ئەو پرسیارانەن، کە دەوڵەتی تورک لە کاتى ئەشکەنجەدانى کەسە دەستگیرکراوەکاندا، لێیان دەپرسێت. پەدەکە بەو پرسیارانە نەک تەنها دوژمنایەتیی خۆی بەرامبەر بە پەکەکە دەخاتەڕوو، بەڵکو هاوکات دەرخەری چۆنیەتیى پەیوەندییەتى لەگەڵ دوژمنى کوردان و داگیرکەری کوردستاندا".

یەکێتیىش دەکەنە ئامانجی دەوڵەتى تورک

بەپێى ئەو زانیارییانە، کە شەنگالی ئاشکراى کردوون، پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە)، یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانی (یەنەکە)ی کردووە بە ئامانج بۆ دەوڵەتى تورک. "بە کورتی ئەو پرسیارانە کە ئێمە لە هەندێک سەرچاوەوە وەرمانگرتووە، شەرمێکى گەورەیە بۆ پەدەکە. ئەگەر ئەو پرسیارانە بەبێ ئاگاداریی پەدەکە دەکرێن، کەواتە پاراستن لە کۆنترۆڵى میت و رێکخستنەکانى تری هەواڵگریدایە. ئەوەش نەک تەنها بۆ پەکەکە، بەڵکو مەترسییە بۆ هەموو گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی کورد، چونکە لە ناو ئەو پرسیارانەدا هەندێک پرسیار لەسەر یەکێتی نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە)ش دەکرێن. بە ئاشکرا یەکێتیش دەکەنە ئامانجی دەوڵەتى تورک".

گومانێکى زۆر لەسەر بەشداریى پەدەکە لە تیرۆری مام زەکى شەنگالی دا هەیە

شەنگالی لە کۆتایى بابەتەکەیدا وتویەتى "لە لێکۆڵینەوە لەبارەی تیرۆرکردنى زەکى شەنگالی دا ئەوە دەبینرێت، کە گومانەکان دەچنە سەر ئەو کەسانە کە لە پەدەکەوە نزیکن. بەپیى لێکۆڵینەوەکان کەسانێک، کە لە ناو پاراستن دا پەیوەندییان لەگەڵ میت دا هەیە، ناویان تێکەڵ بەو هێرشە بووە و زۆر باس لە رۆڵی ئەو کەسانە دەکرێت. لەبەر ئەوەى مام زەکى شەنگالی شوێنێکى دیاریکراوى نەبوو و کاتێک لە ئۆتۆمبێل دا بوو و لە رێگادا کرایە ئامانج، کەواتە زانیاریى گەرم و تازە بە تازە لەبارەى ئۆتۆمبێلەکە و شوێنى رۆیشتنەکەى مام زەکى شەنگالی-یەوە دراوە. شێوەى هێرشەکە بۆ سەر مام زەکى شەنگالی وەک ئەو هێرشانە نەبوو، کە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان دەستنیشانیان دەکەن و دواتر فڕۆکەى جەنگی دەچن و بۆردومانى شوێنە دیاریکراوەکە دەکەن. هاوکات لەو کاتەدا ئۆتۆمبێلەکانى پەدەکە و عێراقیش بەو رێگایەدا درۆیشتن. کەواتە ئەگەر زانیارییەکى تازە نەدرابێت ئەوا هێرشەکەش ئەنجام نەدەدرا، چونکە جیاکردنەوەى ئۆتۆمبێلەکەى مام زەکى شەنگالی لە ئۆتۆمبێلەکانى تری ناو ئەو رێگایە کارێکى ئەستەم دەبوو. رەنگە زانیارییەکە لەلایەن کەسانێکەوە درابێت، کە لە دەورووبەری شەنگالەوە هاتبێتن بۆ مەراسمیى ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەى کۆچۆ. لەو ناوچەیەشدا کەسانێکى زۆر پەیوەندییان بە پەدەکەوە هەیە. ئەو پرسیارانەى کە لە گەریلا دابڕاوەکانى شەنگال و ناوچەکانى تری دەپرسرێت، گومانێکى زۆر لەسەر ئەوە دروست دەکەن، کە پەدەکە دەستى لەو تیرۆرەدا هەیە".

ر.م