ئۆک: پێویستە یاری بە چارەنووسی گەلەکەمان نەکەین - بەشی سێیەم و کۆتایی –

سەبری ئۆک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) وتی:" ئەگەر داگیرکاری تێک بشکێنرێت، دەسەڵاتی باشوری کوردستان هەناسەیەکی قوڵ و ئارام هەڵدەمژێت. نەک ئەو کاتەی داگیرکاری بەهێز بێت و پەکەکەش لاواز. هەموو کەسێک بەرپرسیارە بەرامبەر بەمە."

بەشی سێیەم و کۆتایی چاوپێکەوتنی سەبری ئۆک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە بەرنامەی رۆژەڤی وڵات لە ستێرک تی ڤی دا.

لەم قۆناغەدا دەبێت گەلی کورد یەکێتی خۆی بونیاد بنێت. بۆ ئەوەی گەل نەبێتە قوربانی قۆناغەکە و دەستکەوتەکانی لەدەست نەچێت، دەبێت چیبکەن؟

زۆر راستە. لە کاتی سایکس پیکۆدا کورد لە چ بارودۆخێکدا بوون؟ بێئیرادە بوون، بێرێکخستن بوون، ئەوانەی لە گۆڕەپانەکەشدا بوون قبوڵ نەکران، یان بە واتایەکی دیکە بە پێی پێویست بەهێز نەبوو، بەڵام ئەگەر ئیرادەیەکی رێکخستنکراوی گەلی کورد هەبوایا، یەکگرتوو بوونایا، چارەنووسی گەلی کورد ئەوها نەدەبوو.ئەم ئازارە سەد ساڵەیەمان نەدەچێشت. ئەمڕۆ بەڕاستی دەرفەتێکی مێژوویی هاتووەتە پێش. مێژوویە، چونکە لە هەر کوێوە تەماشای بکەی، تەنها هێمایەک دەبینین، ئەویش، 'ئەی کورد ببن بە یەک، مێژوو بۆ ئێوەیە'.  

ئەمە زۆر ئاشکرایە. کاتێک دەبینین جارێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دوای دواڕۆژی خۆیدایە، زۆر زیاتر پێویستە گەلی کورد خۆی خەریک بکات بەو بابەتەوە، ئەنجامێک لە مێژوو بەدەست بێنێت و بۆ دواڕۆژ خۆی باشتر و بەهێزتر ئامادە بکات، تەنانەت رۆژەڤیش دیاری بکات و لەسەر ئەو رۆژەڤە کار بکات. ئەوەش یەکێتی گەلی کوردە. ئەم بارودۆخەی کە ئێستا هەیە، نالەبارە، هەر کەسە و سەربەخۆیە. بۆ نمونە باکور سەر بەخۆیە، رۆژهەڵات سەربەخۆیە، باشور سەربەخۆیە و رۆژئاواش بە هەمان شێوە سەربەخۆیە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکەی ٥٠ میلیۆن کورد هەن، بەڵام هەر یەکە و لە لایەکە، با کەس خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت، نەڵێن فلان پارچەم رزگار کرد و هەمیشەییە. بەم شێوەیە نیە. ئەمە نە بۆ باشور راستە نە بۆ رۆژئاوا. تەنها شتێک هەیە کە دەستکەوتەکانی گەلی کورد چی لە رۆژئاوا و باشور و رۆژهەڵات و باکور بپارێزێت، ئەویش یەکێتی گەلی کوردە. با ئەوە باش بزانین کە تا ئەو رۆژەی ئەم چەترە گشتیە، یان ئیرادەی گەلی کورد بونیاد نەنرێت و بە رێکخستنکراو نەبێت، هیچ یەکێک لە پارچەکانی کوردستان ئارام نابن و هەمیشە رووبەرووی فشار و هەڕەشە دەبنەوە. بۆیە ئەوە مافی گەلەکەمانە.  بۆ نمونە ماوەیەک لەمەوبەر هونەرمەندانی کورد هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا کرد. ئێستا رۆشنبیران خاوەن هەڵوێستن. من زۆر جار پێشنیارم کردووە، چی باکور، چی باشور لە رۆژاوا و رۆژهەڵات کۆمەڵگا ناوەستێت، کۆبوونەوەی جەماوەری ئەنجام دەدات، خاوەنی یەک دروشم بێت و یەک پەیامیان هەبێت و بڵێن ببین بە یەک و داوای یەکێتی نەتەوەیی بکەن. زۆر گرنگە کۆمەڵگا فشار لەسەر سیاسەتمەداران دروست بکات و سیاسەتمەدارانیش چی لە رووی ئەخلاقی و سیاسیەوە، بەرژەوەندیەکانی گەلەکەمان بە بنچینە وەربگرتن. دەوترێت لە رۆژئاوا هەوڵدانێک هەیە کە کورد ئیرادەی خۆی یەک بخات و کێشەکانی چارەسەر بکات. ئەمە بەڕاستی شتێکی زۆر باشە. لە روویەکی دیکەوە مرۆڤ تەماشا دەکات، دڵگرانە، بێبڕوا دەبیت. پرسی زینی وەرتێ لە ئارادایە. نامانەوێت شەڕێکی وەها بێخێر لە نێوان ئێمە وەکو پەکەکە و پەدەکەدا رووبدات. هەمیشە بانگەوازێکمان ئەوەیە کە هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە شوێنی پێشووی خۆیان، ئەوکاتە کێشەکە چارەسەر دەبێت. زۆر گرنگە کوردی پارچەکانی دیکە یەکێتی خۆیان دروست بکەن، کە ئەمە جێگا دڵخۆشیە. ئایا ئەمە کاریگەری خۆی نابێت؟ ئەمە ئاشکرایە کە کاریگەری دەبێت. با یاری بە چارەنووسی گەلەکەمان نەکەین.

زینی وەرتێ بەم شێوەیە چارەسەر دەبێت. ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە شوێنی پێشووی خۆیان، کێشەکە چارەسەر دەبێت. کاریگەری لەسەر رۆژئاواش دروست دەکات، بە گشتی هەموو رۆژێک گەلەکەمان لێدوان بڵاو دەکاتەوە، دەبێت ئەمە ببینرێت. بە سووربوون لەسەر شەڕ و دروستکردنی کێشە، هیچ کەس شتێکی دەست ناکەوێت. تەنها زیانی دەبێت بۆ گەلی کورد. دەوڵەتی تورکیش هەموو رۆژێک بۆ نمونە ناوچەی برادۆست بوردومان دەکات، باشوری کوردستان بوردومان دەکات. ئەو رۆژە راپۆرتێکی ئەمریکیەکان بڵاو کرایەوە، ئەوانیش دانیان بەوەدا ناوە کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیەکانی سەر باشوری کوردستان، لە سەدا هەشتا، خەڵکی مەدەنی دەبێتە قوربانی. بۆچی ئەمە نابینرێت، ئایا پەکەکە سەروەریی باشوری کوردستان رەد دەکاتەوە؟ ئایا پەکەکە قبوڵی ناکات؟ هێچ کێشەیەکمان لەگەڵ یەکتر نیە. ئێمە بە دیمۆکراسیانە و بە شێوەیەکی مەعقول رەخنە دەگرین، بەڵام نەمان وتووە دەسەڵاتەکەتان رەتدەکەینەوە یان قبوڵی ناکەین. شتێکی بەم شێوەیە بوونی نیە. بەڵام ئێمەش رێکخستنی ئەم گەلە و ئەم خاکەین. ئایا کاتی خۆی پەدەکە نەچووە رۆژهەڵات، نەچوو بۆ ئێران و مۆسکۆ؟ ئەمە بە دڵی پەدەکە نەبوو، مەجبوور بوو. مێژوو وەهایە. دەبێت ئەمە قبوڵ بکرێت. ئێستا پەکەکەش وەکو هەر کەسێک کە لە خۆڕاگریدایە، لە هەر جێگایەک بێت، بەرخۆدان دەکات. دەبێت ئەمە ببینرێت. ئەگەر داگیرکاری تێک بشکێنرێت، دەسەڵاتی باشوری کوردستان هەناسەیەکی قوڵ و ئارام هەڵدەمژێت. نەک ئەو کاتەی داگیرکاری بەهێز بێت و پەکەکەش لاواز. ئەمە روون و ئاشکرایە. هەموو کەسێک بەرپرسیارە بەرامبەر بەمە. لەم قۆناغە مێژوویەدا بونیادنانی یەکێتی گەلی کورد هەنگاوێکی پێویستە. دەبێت کورد وەکو سەد ساڵ لەمەوبەر بێریکخستن نەبێت، ئەمڕۆ دەبێت خۆی ئامادە بکات، خۆیان بە رێکخستن بکەن، بتوانن ببن بە وڵام و داواکاریەکانی گەلەکەمان جێبەجێ بکەن.

دوای سەد ساڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمڕۆ لە سوریا، لە لیبیا، لە یەمەن ناکۆکی و شەڕ و ئاڵۆزی هەیە. ئەم شەڕ و ئاڵۆزیانە چی کاریگەریەک لە سەر دوارۆژ و چارەنووسی ئیرادەی گەلان دروست دەکات؟

کۆمەڵگا بەرێکخستنکراو نیە، ئیرادەی خۆی بەهێز ناکات و گەشەی پێنادات، بۆشاییەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە پڕدەکرێنەوە. ئیمە دەڵێین، دەوڵەتی تورکیا و فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە، بە بێ هیچ تێچوویەکی مرۆیی، لە دژی گەلی کورد، لە دژی یەمەن، لیبیا و تەنانەت لە باشوریش، شەڕ دەکات. ئەمانە کێن؟ چەتەن، عەرەبن. ناسنامەیان عەرەبیە. ئەگەر کۆمەڵگای عەرەبی کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، کێشە دیمۆکراسیەکانی چارەسەر بکات، گەشە بکات و بەڕێکخستن ببێت، چەتەیان لی دروست نابێت. دەوڵەتی تورکیا، یان نەتەوە-دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕست، ناتوانن بە ئاسانی خوێنی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رەنج و ماندووبوونی گەلانی ئەم ناوچەیە، بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار بهێنن.

بەڵام ناچارکردن، بێرێکخستنی و بێ پەروەردەیی بەکار دەهێنن. لە شەڕی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دا لە سوریا و ئیدلب و تەنانەت رۆژئاواش، لە سەدا ٩٠ بۆ ٩٩ عەرەبەکان لە ناو خۆیاندا لە یەک دەدەن. بەوەش رازی نین، دەیاننێرن بۆ لیبیا، واتە بە بێ هیچ تێچوویەک. لێرەدا ئەخلاق و ویژدان نیە. ئەو شەڕە کە لە بەرژەوەندی نەتەوە-دەوڵەت و هێزە دەسەڵاتخوازە نێودەوڵەتیەکاندایە، هیچ خێرێکی بۆ گەلان تێدا نیە. یاری پێدەکەن. بۆ نمونەی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم بە میلیۆنان، بە دەیان میلیۆن کەس گیانیان لەدەستدا، مردن، وایە؟ گەلان چی سوودێکیان لێبینی؟ لە ناوچەکە ئەو کۆمەڵگایانەی خۆیان بەرێکخستن کرد، شۆڕشیان کرد. وەکو ئەنجامێکی بابەتیانە بەم شێوەیە دەبێت، بەڵام لەو شەڕەدا گەلان خاوەنی هیچ مافێکی خۆیان نین، شەڕ، شەڕی داگیرکاریە، شەڕی نەتەوە-دەوڵەتەکانە. شەڕێکی شۆڕشگێری نیە، شەڕی گەلانی شۆڕشگێریش نیە، شەڕێک نیە دژ بە زوڵم کە لە خۆڕاگریدابن.

لە یەمەن و لیبیاش یاریەکی بەم شێوەیە بەڕێوە دەچێت. راستیەکەی چیە.؟ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەتا نەگات بە ئاستی دیمۆکراسیبوون، ئەم جۆرە کێشانە بەردەوام دەبن. کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کێشە گەلان، ژیانی ئازاد و نادیمۆکراسیبوونیەتی. تەنها رێگای چارەسەری، دیمۆکراسیبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. نەتەوە-دەوڵەتان یان هێزەکانی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست و دەسەڵاتخوازە نەتەوەییەکان، دیمۆکراسی بەرپا ناکەن. هەر چیەک لە بەرژەوەندی ئەواندا بێت ئەوە دەکەن. لە دژی دیمۆکراسین. بەڵام کۆمەڵگاکان بە تێکۆشانیان دەتوانن ئەمە بەدی بهێنن، بۆ نمونە دەتوانرێت لە دواڕۆژی سوریادا ئۆپۆزیسیۆنێکی دیمۆکراسی هەبیت، دادوەر بێت. لە باکورو رۆژهەڵاتی سوریا بەو ئیرادەیە دەتوانرێت کاریگەری هەبێت لەسەر سوریایەکی نوێی دیمۆکراسی. بۆ ئەمەش تێکۆشان کراوە. ئەمە بۆ گەلی کورد و کرستیان و عەرەب و هەموو گەلانی تری رۆژهەلاتی ناوەڕاست راستە.

ساڵیادی هەنگاوی ١ی حوزەیران نزیکە. ئەم هەنگاوە لە مێژووی گەلی کورددا شوێنێکی گرنگی هەیە. لە بارودۆخیکی وەک ئێستا دا کە گەلی کورد رووبەرووی فاشیزمێکی بەم شێوە دڕندە و توندوتیژە بووەتەوە، پێویست بە چی هەنگاوێک هەیە؟

١ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ لە مێژووی ئێمەدا، خاوەنی رۆڵ و واتایەکی تایبەتە. بۆچی؟ دوای پلانگێری نێودەوڵەتی هەتا ساڵی ٢٠٠٤ ئێمە وەکو پارت و بزوتنەوە بە راستی خەریکی کێشە ناوخۆیەکان بووین. رێبەر ئاپۆ ویستی گۆڕانکاریەک دروست بکات. رۆڵی بینی و زۆربەی هێزەکانمان خۆیان کشاندەوە بۆ دەرەوەی باکوری کوردستان. دواتر داگیرکاری و هێزەکانی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست ویستیان یاری بە رێکخستن و کەسایەتەکان بکەن، خەریکمان بکەن بە رۆژەڤێکی ناڕاست و ساختە. ئێمە خۆمان خەریک کردبوو بەوەوە، کێشە ناوخۆیەکان، ئەوانەی بڕوایان نەما، ئەوانەی دڵسۆز نەبوون، ئەوانەی هەوڵی لەناوبردنیان دەدا. لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی تورکیا و فاشیزمی ئاکەپە زۆر تێکەڵ نەدەبوو، دەیبینی کە رێکخستن بەشی خۆی کێشەی هەیە. بێگومان ئەمە بارودۆخێکی باش نەبوو.

لە مێژووی بزوتنەوەکەماندا دەرمانی هەموو کێشەکان و چارەسەریی هەموو کێشەکان، بریتیە لە تێکۆشانی هەنگاو بە هەنگاو. کاتیک تێکۆشان هەنگاو بە هەنگاو بێت، چی سەربازی و چی سیاسی، رۆژەڤ دەستنیشان دەکریت. یەکی حوزەیران واتە گرتن بەسەر قۆناغەکەدا. واتە لە دژی فرت و فێڵ و یاریەکانی دەوڵەتی تورک و فاشیزمی ئاکەپە پەیامی"ئیدی بەسە، ئەم یاریانە جێگای قبوڵکردن نین". کێشەی ناوخۆییشمان تەنها دەتوانرێت بە رێگای بەرفراوانکردنی تێکۆشانی دژی داگیرکاری و بە گەشکردنی شۆڕش چارەسەر بکرێت. بۆیەش هەنگاوی یەکی حوزەیران زۆر گرنگ و بەواتایە. بە رۆحی یەکی حوزەیران کە چۆن بووە وڵام بۆ قۆناغەکە، بووە وەڵامێکیش بۆ کێشەی ئەو سەردەمە، بووە رۆژەڤێکی نوێ، بارودۆخێکی نوێی هێنایە ئاراوە و لای گەلەکەمان هیوا و مۆڕالێکی دروست کرد، جۆشێکی گەورەی دروست کرد. ئەمڕۆش بە هەمان رۆح، پێویستی بە بەرفراوانکردنی تێکۆشانە. ئەوەی پێویستە بکرێت ئەمەیە، ئەوەشی کە بەدی دێت هەر ئەمەیە. با ئەوە بزانین، ئەو تەکنیکەی لە دژی ئێمە بەکار دەهێنرێت، تەکنیکێکی ئاسایی نیە. دەوترێت ئەو تەکنیکانەی لە لیبیا حەفتار لە دژی تورکیا بەکاری دەهێنێت، بەهێز نین. پێشکەوتووترین تەکنیکی سەردەم لە دژی ئیمە بەکار دەهێنرێت، ئێمە لە بەرامبەر ئەوە تێدەکۆشین و بەم شێوەیە لە خۆڕاگریداین و بەم شێوەیە شەڕەکەمان گەشتر دەکەینەوە. بە تایبەت بەم دواییە لە ئامەد، بۆتان، دێرسن، سەرحەد و لە باشوری کوردستان، ئەو هەنگاوانەی کە گەریلا ناویەتی، دەبێت بە چاوێکی گرنگەوە تەماشا بکرێت. ئەمە گیانی یەکی حوزەیرانە. رۆڵ و دواڕۆژیان دیاری کرد. هەروەها لە سەرتاسەری تورکیا چالاکیان ئەنجامدا. هیچ هیوایەک لە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە چاوەڕوان ناکرێت. هەموو شتێک وابەستەی خۆڕاگری و گەشەکردنی تێکۆشانی ئێمەیە. ئەگەر لەم رووەوە سەرکەوتوو بین، هیچ هۆکارێک نیە بۆ ئەوەی ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەست نەهێنین. هیچ هۆکارێک نامێنێت کە ئاکەپە سەر بۆ رێبەر ئاپۆ نەڤی نەکات. ئەمە گیان و واتای هەنگاوی یەکی حوزەیرانە. ئێستاش بە هەمان رۆح و هەمان هەڵوێست، چی لە رووی سەربازی، سیاسی، دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتیە بە بێوەستان و بە بڕوا و بڕیارێکی بەهێزەوە بەردەوام دەبین لەسەر تێکۆشانمان.

ز.ش