ئەو کتێبخانەیەی شۆڕشێکی لە شاری کەرکوک هەڵگیرساندبوو

کتێبخانەی ئاسۆ ناوێکی دیاری شاری کەرکوکە و نزیکەی ٣٠ساڵ ناوەندێکی رۆشنبیری شارەکە بووە.

هیچ کوردێکی شاری کەرکوک نییە بە خوێندەوار و نەخوێندەوارییەوە، کە لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان ژیابێت ناوی کتێبخانەی ئاسۆی نەبیستبێت و نەزانێت چ رۆڵێکی هەبووە لە پێگەیاندنی چەندین کەسی رووناکبیر یا لە دروستکردنی کادری بەتوانای ڕیکخستنە نهێنییەکانی حزبە تێکۆشەرەکانی گۆڕەپانی خەباتی کوردایەتی لەو سەردەمەدا.

ئەم کتێب خانەیە لە ١ی حوزەیرانی ١٩٦٨ / ١١ی جۆزەردان کراوەتەوە و بەردەوامبووە لە کارەکانى تا ساڵی ١٩٨٦ لە لایەن رژێمى بەعس-ەوە داخراو.

جەبار عەبدوڵا ناسراو بە (جەبار ئاسۆ) خاوەنی ئەو کتێبخانە پڕ خزمەتە ئێستا لە دەرەوەی وڵات بەدەست نەخۆشیی دڵەوە دەناڵێنێت.

جەبار عەبدوڵا ناسراو بە (جەبار ئاسۆ) خاوەنی ئەم کتێب خانەیە بووە. لە بارەی کتێبخانەکەوە ئاسۆ جەبار عەبدوڵا کوڕی جەبار عەبدوڵا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و وتی: "لە ساڵی ١٩٦٨-١٩٨٦ ئەم کتێبخانەیە کاری کردووە. پاشان بە بڕیاری حکومەتی رژێمی بەعس داخراوە. وەکو باس دەکرێت ئەم کتێبخانەیە لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان قوتابخانەیەک بووە لە شاری کەرکوک لە ژێر چەتری کتێبخانە."

دەربارەی رۆڵی کتێبخانەکە لەو سەردەمەدا ئاسۆ جەبار وتیشی: " ئەم کتێبخانەیە هەستاوە بە رۆشنبیرکردنی گەنجانی ئەو سەردەمەی شاری کەرکوک، من دێتە بیرم لە کاتی چاپکردنی دێوانی بێکەس گەنجان بە لێشاو دەهاتن بۆ کتێبخانەکە. ئەمەش ئەوە دەگەینێت کە ئەو کاتە تامەزرۆیەکی زۆر هەبووە بۆ خوێندن، ژمارەیەکی زۆری کادری پێشکەوتوو لەو کتێبخانەیە لە دایکبوون."

ئاسۆ جەبار ئەوەشی وت: "لە سالێ ١٩٨٦ بە فەرمانی دادگای شۆڕش حوکمی هەتا هەتای بۆ باوکم دەرچوو و دەستگیرا بەسەر کتێبخانەکەدا و لەلایەن حکومەتی بەعسەوە داخرا و لەساڵانی حەفتاکان ناو کتێبخانەی ئاسۆ گۆڕا بۆ (تەلیعە) و کتێبخانەی (دارا)ش گۆڕا بۆ (مەعریفە)."

بۆ بەرز گرتنی رۆڵی ئەو کتێبخانەیە لەو سەردەمەدا لەلایەن گروپی شار بۆ بنیادنانی مەعریفە و بە هاوکاریی ئەنجوومەنی ئەدیبانی کەرکوک کۆڕێکی کراوەی  رێکخرا لە ژێر ناونیشانی "رۆڵی کتێبخانەی ئاسۆ لەسەر بزاڤی رۆشنبیریی کەرکوک".

ژمارەیەکی زۆری نووسەر و شاعیر و رۆشنبیری شاری کەرکوک کە رۆژێ لە رۆژان روویانکردبووە ئەو کتێبخانەیە وەکو ناوەندێکی رۆشنبیری شارەکە ئامادەبوون لە کۆڕەکەدا.

بەشدار بووان باسیان لە رۆڵی کتێبخانەکە کرد بۆ شاری کەرکوک، کە چۆن بۆ ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵ نەوەی رۆشنبیری پێگەیاندبوو.

هەڤاڵ دارا بەرپرسی گروپی شار بۆبنیادنانی مەعریفە دەربارەی ئەو کۆڕە کراویەی ئامادەیان کردووە بۆ بەرز ڕاگرتنی رۆڵی ئەو کتێبخانەیە بە ئاژانسی هەواڵی فوارت (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئامانجی سەرەکیی ئێمە لەم کۆڕە کراوەیە، قسە کردنە لەسەر کتێبخانەی ئاسۆ، کە بە یەکێک لە ناوەندەکانی مەعریفەی ئەو سەردەمە دانرابوو، کە توانیویەتی هەم خویندەوار پێبگەینێت و هەم ببێتە ناوەندێکی رۆشنبیری."

هەڤاڵ دارا وتیشی: "ئامانجی ئێمە لە قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە ئاشناکردنی گەنجانی ئەم سەردەمەیە بە کتێبخانەی ئاسۆ، جگە لە نەتەوەی کورد نەتەوەکانی دیکەش سوودیان لەم کتێبخانەیە بینیووە."

ر.م