بایک: گەل و گەریلا داگیرکەری تێکدەشکێنن

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند، گەلی کورد ئەو هێرشە بە هێرش لە دژى هەموو باشوورى کوردستان دەزانێت. بایک راشیگەیاند "گەل و گەریلا دەبنە یەک و لە دژى داگیرکەری کۆمەڵکوژکار شەڕ دەکەن".

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە بەشى دووەمى چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ رۆژنامەى یەنى ئۆزگیور پۆلیتیکا باسى لە داگیرکەریى دەوڵەى تورک بۆ سەر باشوورى کوردستان و بێدەنگیى هێزەکانى باشووری کوردستان و هەڵوێستى گەل و گەریلا کرد.

ئاکەپە سەرەتا بە فریودان و ئێستاش بە هێرشکردن لە دژى کورد دەیەوێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە

بایک ئەوەى بە بیرهێنایەوە، کە لە تورکیا یاساى کارى سیاسەت هەیە و لەو بارەیەوە وتى "لە تورکیا بۆ دیموکراسى تێکۆشان بەڕێوەدەچێت و لە بەرامبەردا لە دژى گەلی کورد و هێزە دیموکراسیخوازەکان شەڕ بەڕێوە دەچێت. یاساى دەسەڵاتداربوون لە تورکیا پەیوەندیى بە قەبارە و توانای کۆنترۆڵکردنى کوردەوە هەیە. ئەو هێزانەى کە نەتوانن کورد کۆنترۆڵ بکەن، نەتوانن بەسەر کورددا زاڵ و باڵادەست ببن، شانسى ئەوەیان نییە ببنە دەسەڵاتدار. ئاکەپە لەسەرەتاى چوونە سەر دەسەڵاتدا پلانى ئەوەى دانا، کە لە رێگەى فریودان و لە خشتەبردنەوە کورد کۆنترۆڵ بکات. بە عەقڵییەتى 'ئەوەى کە بە باشترین شێوە بتوانێت کورد کۆنترۆڵ بکات دەشتوانێت رێگری لە تێکۆشانى کوردان بکات، دەتوانێت کوردان فریو بدات و کوردانیش لە پەکەکە و هەدەپە هەڵبگەڕێنێتەوە' بەردەوامیى دا بە دەسەڵاتەکەى. دەسەڵاتى ئاکەپە دواى ئەوەى زانیى، کە ئیدى ناتوانێت لەوە زیاتر کوردان فریو بدات و کۆنترۆڵیان بکات، دەستیکرد بە دروستکردنى گوشار، زۆرداری، ملهوڕی و بەڕێوەبردنى سیاسەتى شەڕ. ئاکەپە چووەتەوە سەر ئەو رێگایە، کە بە عەقڵییەتى 'ئەوەى کە بە باشترین شێوە بتوانێت شەڕ لە دژى کوردان بکات، ئەوەیە کە دەتوانێت کوردان سەرکوت بکات، دەتوانێت پاکتاویان بکات و بیانسڕێتەوە' بۆیە جگە لە دژایەتیکردنى کوردان و ئەنجامدانى هێرش لە دژى بزووتنەوەى ئازادی هیچ شانسێکى تر بۆ مانەوەى دەسەڵاتى ئاکەپە نەماوە. هەروەها هێرشیش دەکاتە سەر هێزە دیموکراسیخوازەکان".

جەمیل بایک هەڕەشەکانى ئەردۆغانى بۆ داگیرکردنى قەندیل، مەخمور، شەنگال، منبج و هەموو رۆژئاوا بەبیر خستەوە و وتى "بە لێدوانەکانى 'بێگومان من برادۆست، باشووری کوردستان داگیر دەکەم، من هێرش دەکەمە سەر فڵان شوێن و فیسار شوێن' هەوڵ دەدات ئەوە بسەلمێنێت کە تا چ رادەیەک دوژمنى کوردە، دوژمنى پەکەکەیە. چارەنووسى خۆى بەستووەتەوە بەو هێرشانەوە. یان ئەوەتا دەبێت دەستبەرداری دەسەڵات بێت یان دەبێت درێژە بەو سیاسەتە بدات. بێگومان دەشتوانن بە سیاسەتى دیموکراتیک، بە تێکۆشان بۆ بە دیموکراسیکردنى تورکیاش ببەن بە بەڕێوەبەر، بەڵام لە دەسەڵاتداریى ئاکەپەدا ئەو عەقڵییەتە بوونى نییە. لە راستیدا هێزە دیموکراسیخوازەکان شانسێکیان پێدا. کوردان شانسێکیان پێدا. زۆرێک لە هێزەکان شانسیان پێدا، بەڵام لەبەر ئەوەى دەسەڵاتداریى ئاکەپە لە نەریت و بەها دیموکراسییەکان دوورە، کاتێک دەرفەتى پێدرا خۆی کرد بە بەشێک لە سیاسەتى دەوڵەتى کلاسیک. ئێستاش بووەتە نوێنەر و پارێزەرى دەوڵەتى کلاسیک".

دەوڵەت و سوپاى تورکیا هێز و توانای شەڕى زەمینیان لە دژى گەریلا نییە

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لەبارەى هەڕەشەى دەوڵەتى تورکیا بۆ ئەنجامدانى هێرش لە دژى گەریلا وتیشی "دەوڵەت و سوپاى تورک هێزى ئەوەیان نەماوە شەڕی زەمینى ئەنجام بدەن. هەر چەند سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و هێزە جۆراجۆرەکانى دەوڵەتى تورک هاتوهاواریش بکەن، سوپاى تورکیا ئیرادەى ئەوەى نەماوە، کە بتوانێت شەڕی زەمینى لە دژى گەریلا بەڕێوەببات، بەڵام بوون بە خاوەنى هەندێک توانا و تەکنەلۆژیاى سەربازی و لە رێگەى ئەو تەکنەلۆژیا سەربازییەوە خۆیان لەسەر پێ هێشتووەتەوە و هەوڵ دەدەن بەردەوام بن لە شەڕکردن. بە چاودێریى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و بە فڕۆکەى جەنگى دەست دەکەن بە بۆردومانکردن و هەندێک هێزى سەربازى لە شوێنى بۆردومانەکەدا پیادە دەکەن. لە یەک دوو گرد لەسەر سنوورى چەلێ، لە گردی لێلیکانی ناوچەى برادۆست بە بەکارهێنانى ئەو شێوازە ئاڵاکەى خۆیان داچەقاندووە. یانى شێوازێکى شەڕ و ئەو هێزەى نییە، کە بتوانێت ناوچەیەک کۆنترۆڵ بکات".

دەمانویست پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان باش بکەین...

بایک دەربارەی هێرشکردنە سەر برادۆست کە ناوچەیەکى سنوورییە ئەوەى وت "باشە ئێستا چۆن دێن بۆ قەندیل؟ بۆ ئەوەى بێنە قەندیل دەبێت بە درێژایى ١٠٠ کلیۆمەتر دۆڵ و چیا ببڕن. دەبێت هەموو ئەو دۆڵ چیایانە بە هێزى سەربازى کۆنترۆڵ بکەن، بێگومان بە بێ هاوکاری و پشتیوانى پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) ناتوانن ئەو کارە بکەن. بەبێ هاوکاریى پەدەکە ناتوانن بچنە شەنگال و مەخموریش. بەڵێ، دەتوانێت بە فڕۆکە بۆردومان ئەنجام بدات. هەر وەک چۆن پێشتر شەنگالی بۆردومانکرد. روونە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا رێگا بە هێرشى لەو شێوەیە دەدات. ماوەیەک لەوە پێش لە یەک کاتدا قەرەچۆغ-یان لە رۆژئاوا و شەنگالیان بۆردومانکرد. بە ئاگاداریى رووسیا و ئەمریکا ئەو شوێنانەیان بۆردومانکرد. یانى هەر دوو دەوڵەتى رووسیا و ئەمریکا ئاگادارى ئەو بۆردومانە بوون. بە تایبەتى ئەمریکا ئاگادار بوو. ئەمریکا هۆشدارى نەدابوو. ئەوە دژ بە یەک و پارادۆکسە، دواى بۆردومانەکە ئەفسەرانى ئەمریکا چوون سەردانى قەرەچۆغیان کرد. دۆخێکى لەو شێوەیە و تێکەڵ و پێکەڵیى سیاسی لە ئارادایە".

بایک رایگەیاند، کە بەڕاستى حەز دەکەن بزانن پەیوەندیى نێوان پەدەکە و دەوڵەتى تورک چۆنە و لەوبارەیەوە راشیگەیاند "ئەوە لە کاتێکدایە، ئێمە دەمانویست پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پەدەکە باش بکەین. چاوپێکەوتن ئەنجام دەدران بۆ ئەوەى پەیوەندییەکان باش بکرێن و کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەوە چى بوو، کە لە ناکاو ئەم دۆخە هاتە ئاراوە؟! دەوڵەتى تورک هات بۆ برادۆست و هەندێک گردى داگیرکرد".

ئەو هەنگاوانەى تورکیا بۆ داگیرکردنى سەرتاسەرى باشوورى کوردستانە

بایک هۆشداریى دا و وتى "جێگیربوونى سەربازانى سوپاى تورکیا لە باشوورى کوردستان هەنگاون بۆ داگیرکردنى تەواوى باشوورى کوردستان. باشە کێ دەتوانێت بڵێ ئەو داگیرکەرییە روو نادات؟ بە ناوى ئۆپراسیۆنى ئاشتییەوە چوونە ناو قوبرس. ئێستاش دەڵێن، دەچن بۆ ئەو گوندانەى پەدەکە تیایدا باڵادەستە و دەڵێن 'ئێمە بۆ چاکەى ئێوە هاتووین بۆ ئێرە، ئێمە دواتر دەڕۆین'. ئەوە شتێکى پێکەنیناوى و نوکتەیە. دەسەڵاتى فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە دوژمنى کوردانن. دوژمنایەتیکردنى کوردیشیان بە شێوەیەى ئاشکرا و روون ئەنجامداوە. ئەوەیان لە رۆژئاوا کرد، ئەوەیان لە کەرکوک نیشاندا، بە سوتاندن و خاپوورکردنى شارى کوردان لە باکوورى کوردستان ئەوەیان سەلماند. باشە مەگەر ئەوە ئەوان نەبوون کە دەیانوت 'ئێمە لە باکووری عێراق هەڵەیەکمان کرد و ئێمە ئەو هەڵەیە لە رۆژئاوا دووبارە ناکەینەوە'. ئەو هەڵەیەى کە لە باکوورى عێراقدا کردووێتى چییە؟ هەڵەکە ئەوەیە فیدراسیۆن دامەزرا و لە کاتى خۆیدا دەستێوەردانى نەکرد و رێگریى لێنەکرد، ئەوە بە هەڵە دەزانن. ئەو چ مانایەکى هەیە؟ ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت ئەو هەڵەیەى خۆیان چاک دەکەنەوە. یانى بە ئاشکرا دەڵێن، ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، پێگەى باشوورى کوردستان هەڵدەوەشێننەوە".

کاتێک گەل و گەریلا بوون بە یەک ئەوا داگیرکەر تێکدەشکێت

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە رایگەیاند، دەوڵەتى تورک دەڵێت 'کاتێک چووینە باشوور لێى ناکشێینەوە'، بەڵام ئێمە بۆ کردنە دەرەوەیان تاوەکو دوا هەناسە تێدەکۆشین و لە بەردەوامیى قسەکاندا وتى "ئێمە شانبەشانى گەلی باشوور تێدەکۆشین. بە دڵنیاییەوە گریلا تێدەکۆشێت. ئێمەش ئەزموونێکى ٤٠ ساڵەمان هەیە. تەکنەلۆژیاى سەربازی و تواناى داگیرکەرى کۆمەڵکوژکار هەر چەند بێت، گەریلاش شێواز و تاکتیکەکانى خۆى دەگۆڕێت و ڕێگایان لێدەگرێت و بەرەنگاریان دەبێتەوە. بە دڵنیاییەوە داگیرکەرییەکەیان تێکدەشکێنن. ئەگەر ئەوان شەڕ بەرفراوان بکەن، ئەوەش بۆ ئێمە بە مانای بەرفراوانکردن و گەشەدانە بە بەرخۆدان. ئێستا هێرشى زەمینى بۆ سەر قەندیل لە ئارادا نییە، بەڵام دەڵێن 'ئێمە هێرش دەکەین'. ئەو کاتە دەبێت لە دژى ئەوانەى کە دەڵێن 'ئێمە ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدەین' هەڵوێستێکى روونیان نیشان بدرێت. داوا لە گەلەکەمان لە باشوورى کوردستان و هەموو گەلەکەمان لە هەر چوارپارچەى کوردستان دەکەم لە دژی ئەو داگیرکەرییە لە پاڵ بەرخۆدانەکەى ئێمەدا بن و شانبەشانى ئێمە بەرەنگارییان ببنەوە. کاتێک گەل و گەریلا ببن بە یەک، ئەو کاتە بە دڵنیاییەوە تێکدەشکێن. بێگومان دەڕۆنە ناو گوندەکان و هەوڵ دەدەن خەڵک هەڵخەڵەتێنن. ئارد و مەعکەرۆنی دەبن بۆ گوندەکانی ناوچەى برادۆست. هەندێک خۆراکیان پێدەدەن. بەڕاستى ئیتر ئەوە زیاد لە حەد سنوور بەزاندنە. ئەوان دەیانەوێت بە فاک و فیک و فرتوفێڵ کورد بخەنە پێشەوە و دەستى کورد تێکەڵى شەڕەکە بکەن، بەڵام کورد ئیدی کوردى پێشوو نییە. ئیتر ناتوانن کوردان فریوبدەن".

ئەگەر حیزبەکان و حکومەتى باشوور داگیرکەریى دەوڵەتى تورک قبوڵ بکەن، دەدۆڕێن

بایک رایگەیاند، ئەگەر حیزبەکانى باشوور و حکومەتى باشوور لە بەرامبەر داگیرکەریى دەوڵەتى تورک بێدەنگ بن و داگیرکەرییەکە قبوڵ بکەن، ئەوە لە ئێستاوە هەڵە دەکەن. وتیشى "ئەوان خۆیان دەدۆڕێن. ئەوان دارى بن پێى خۆیان دەبڕنەوە. لەبەر ئەوەشە ئێمە داوایان لێدەکەین، کە سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستی خۆیان بکەن و پیایدا بچنەوە. ئەگەر دەبنە هاوبەش لە هێرش و داگیرکەرییەکەدا، ئەوا گەلی باشوورى کوردستان و هەموو گەلی کورد لە دژى ئەو هێزە سیاسییانە هەڵوێستیان دەبێت. دەبێت هەموو کەسێک لەوە تێبگات و ئاگادار بێت. دەکرێت ئەوان و دەوڵەتى تورک بەشێوەى کاتى و بۆ ماوەیەکى کورت ئەنجامێک بەدەست بهێنن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانن، کە ئێمە خۆڕاگرى دەکەین، لە دژى هێرشی بەرفراوانى داگیرکەری بەرخۆدانیش بەرفراوان و قوڵ دەبێت. کاتێک بەرخۆدان هەبێت ئەوە رووی راستەقینەوەى هەموو کەسێک ئاشکرا دەبێت. لەبەر ئەوەش دەبێت هەر کەس وتە و لێدوانەکانى، هەڵوێست و سیاسەتەکانى بەپێى ئەوە دیارى بکات".

بەپێى ئەو دەسەڵاتەى ئێستا، هەموو تاکێکى کورد دوژمنە

جەمیل بایک ئاماژەى بەوەشکرد، سەفین دزەیى نیشانەى پشتیوانیکردن و هاوکاریکردنى داگیرکەرییە و لەو بارەیەوە وتیشى "سەفین دزەیى بەو لێدوانانەى رەوایى دەدات بە داگیرکەریى دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشوورى کوردستان. بۆیە ئەوە لێکدانەوەیەکى گەمژانە و ئەحمەقانەیە. باشە با لە سەفین دەزیى بپرسن، هەڵوێستى دژایەتیکردن بەرامبەر بە ریفراندۆم و کەرکوک لەبەر بوونى پەکەکە لە باشوور بوو؟  مانۆڕەکانى سەر سنوور لە دژى پەکەکە بوون؟ بۆ هێرشیان کردە سەر عەفرین؟ گەلۆ سەفین دەزیی هەر وەک دەوڵەتى تورک دەڵێت، پەکەکە لەوێ بوو؟ گەلۆ ئەو جۆرە نزیکایەتییە ماقوڵە؟ کاتێک داعش کۆبانێى داگیردەکرد، ئەو کەسەى کە دەیوت 'ئەوێ شوێن و خاکی عەرەبەکانە'، ئەردۆغان نەبوو؟ ئەوەى دەیوت "کۆبانێ لە کەوتندایە' ئەردۆغان نەبوو؟... دەسەڵاتداریى ئێستا دوژمنى کوردانە و کۆمەڵکوژکار و پاکتاوکارە. ئەمڕۆ پەکەکە دەکەنە بیانو، سبەی شتێکى دیکە دەکەنە بیانو. بۆ شێخ سەعیدی پیرانیان لەسێدارە دا؟ بەپێى ئەوان کەسێکى یاخی و سەرکەش بوو. بۆ سەید رەزایان لەسێدارە دا؟ بەپێى ئەوان، ئەویش یاخی و سەرکەش بوو. لەبەر ئەوەیە ئەوانەى پێش ئێمە بەرخۆدانیان کرد وەک کورد دەمێننەوە. کێ بیەوێت وەک کورد بمێنێتەوە لەلایەن ئەو رژێمەوە وەک دوژمن سەیر دەکرێت. ئەوەى ئاگادارى ئەوە نییە، ئەوە ئاگاداری راستیى کوردانیش نییە و ئاگادارى راستیى دەوڵەتى تورکیش نییە. ئەوانەى بەو جۆرە بیر دەکەنەوە نە دەتوانن بۆ ئازادیى گەلی کورد تێبکۆشن نە دەشتوانن بەرژەوەندیى گەلی کورد بپارێزین. دەبێت مرۆڤ پێش هەموو شتێک دوژمن بە باشى بناسێت".

 داوا لە پەدەکە دەکەین هەڵوێستى خۆى ئاشکرا بکات

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە باسى ئەوەیکرد "لە ناوچەى برادۆست هەندێک گرد داگیرکراون، بەڵام پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) هیچی بەرامبەر نەوتوون. دەوترێت ئێستا دەوڵەتى تورک بە گوندەکانى برادۆست دا دەسوڕێتەوە و کۆبوونە بۆ خەڵک ئەنجام دەدەن. ئەگەر پەدەکە رێگای بەوە نەدابێت و ئەوەى قبوڵ نەکردبێت، ناتوانن ئەو کارە بکەن. ئێمەش وێنەکانى ئەوانمان بینى، زۆربەى ئەو کەسانەى بەشدارى کۆبوونەوەکە بوون، ئەو کەسانە بوون، کە لە ژێر کاریگەریى پەدەکەدا بوون. ئەگەر پەدەکە نەیەوێت، گوندییەکانیش بەشدارى ئەو کۆبوونەوانە نابن. دەبوو لەم بارودۆخەدا پەدەکە بە هاووڵاتییانى ئەو گوندانەى بوتایە 'سڵاویشیان لێ مەکەن'. کۆمیتەى دیپلۆماسیى ئێمە راگەیاندراوى بڵاوکردەوە و داواى لە پەدەکە کرد هەڵوێستى هەبێت. ئێمەش داوا لە پەدەکە دەکەین هەڵوێستى خۆى ئاشکرا بکات. پێشتر لەگەڵ دەوڵەتى تورکیادا بەشداریى ئۆپراسیۆن دەبوو، بەڵام مەسعود بارزانى وتى 'ئیتر کارى لەو شێوەیە ناکەین'. باشە ئێستا دەستبەردارى ئەو هەڵوێستە بوون؟ پەدەکە حکومەتە، حیزبێکە کاریگەریى بەرچاوى بەسەر حکومەتەوە هەیە. هیچ نەبوایە دەبوو لە دژى راگەیاندراوەکەى نورەدین جانیکلی (وەزیرى بەرگریى تورکیا) لەبارەى داگیرکردنى باشوورەوە شتێکیان بوتایە و هەڵوێستێکیان هەبوایە".

دروستبوونى بەرەى نەتەوەیى نیشانەى هەڵوێستى گەلی کوردە لە دژى داگیرکەری

جەمیل بایک لە کۆتایى قسەکانیدا سەرنجى خستە سەر بەرەى نەتەوەیى لە دژى داگیرکەریى دەوڵەتى تورک، کە لە باشوورى کوردستان دامەزراوە و زۆربەى رۆشنبیران، دیموکراسیخوازەکان، رێکخراوەکانى  کۆمەڵی شارستانى ئەو بەرەیەیان دروستکردووە و بە رێزەوە سڵاوى بۆ ناردن.

هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە دەستنیشانیکرد، هەنگاوێکى لەو جۆرە کارێکى مێژووییە، بە تایبەتى کاتێک کە ٣هەمین شەڕی جیهانى لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست روو دەدات، پێویستە هەڵوێستێکى لەو جۆرە بوونى هەبێت.

بایک راشیگەیاند، هەلومەرجى ئێستاى شەڕ، هەلومەرجی سیاسی و سەربازی، بوون و دروستکردنى بەرەى نەتەوەیى و کۆنگرەى نەتەوەیى بەسەر کورد دا دەسەپێنێت. لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتیشی "باشوورى کوردستان پێشتر تێکۆشانێکى گەورەى بەڕێوەبردووە و شەهیدى زۆرى بەخشیوە، لەبەر ئەوەش ئەم گەلە لە دژى داگیرکەرى رادەپەڕێت. لەبەر ئەوەش ئێمە راگەیاندنى بەرەى نەتەوەیى بە گرنگ دەزانین. ئەوەش هەنگاو بە هەنگاو بەرفراوانتر دەبێت. هەتاکو دەوڵەتى تورک داگیرکەری بکات، ئەوە بەرخۆدان زیاتر دەبێت. ئەوەش دەبێتە هۆى ئەوە کە بەرەی نەتەوەیى و تێکۆشانی دیموکراتیکى نەتەوەیى بە تەواوى باشوورى کوردستاندا بڵاوبێتەوە. کاتێک دەوڵەتى تورک هێرش بکاتە سەر شوێنێک، ئەستەمە تەنها شەڕ لەو شوێنەدا ڕوو بدات. ئیدى گەلی کورد ئەوهێرشانە لە دژى باشوورى کوردستان بە هێرش بۆ سەر خۆى دەزانێت. لەگەڵ گەریلا و بزووتنەوەى ئازادیدا دەبن بە یەک و لە دژى داگیرکەری کۆمەڵکوژکار و پاکتاوکار شەڕ دەکەن و خۆڕاگری دەکەن. دامەزراندنى بەرەى نەتەوەیى ئەوە نیشان دەدات، کە گەلی کورد لە دژى داگیرکەری خاوەن هەڵوێستێکى چۆنە. لە هەموو شوێنێک زیاتر، گەلی باشوور پشتیوانیى لە بەرخۆدانى عەفرین کرد. گەنجانى باشووری کوردستان ڕوویان کردە عەفرین".

بایک دەستنیشانیکرد، گەلی باشوورى کوردستان هەموویان پێکەوە بە ژن و گەنجەوە پشتیوانیى بەهێز دەدەنە بەرخۆدان لە دژى داگیرکەران و وتى "لەبەر ئەوەیە ئێمە بەڕێزەوە سڵاو دەنێرین بۆ ئەو هەڵوێستەى گەنجان و ژنانی باشوورى کوردستان".

ر.م