بەرپرسانى پارتی چارەنووسی خوێندکارانی هەولێر دەدەنە دەستى تورکیا!

مستەفا گۆک سوو بەڕێوەبەری دەزگاى مەعاریفی تورکیا رایگەیاند، ئامانجیان لە کردنەوەى خوێندنگەى مەعاریف لە هەولێر بۆ ئەوەیە خوێندکارەکان ببنە هەڵگری بیر و ئەندێشەکانیان لە هەرێمى کوردستاندا.

دوێنێ یەکەم خوێندنگەى دەزگاى مەعاریفی دەوڵەتى تورکیا بۆ خوێندکارانى قۆناغی سەرەتایى لە شاری هەولێر و بە ئامادەبوونى بەرپرسانى دەوڵەتى تورکیا و بەرپرسانى هەرێمى کوردستان (بەرپرسانی پارتی لە حکومەتى هەرێم) کرایەوە.

لە مەراسیمى کردنەوەى ئەو خوێندنگە تورکییەى دەوڵەتى تورکیادا لە شاری هەولێر هەر یەکە لە سەفین دەزیى وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و پشتیوان سادق وەزیری پەروەدەی هەرێمى کوردستان، کە هەر سێکیان بەرپرسانى باڵاى پارتین لە حکومەتى هەرێمى کوردستاندا، ئامادەبون.

مستەفا گۆک سوو بەڕێوەبەری دەزگاى مەعاریفی تورکیا لە کاتى کردنەوەى خوێندنگەکەدا سوپاسی بەرپرسانى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد، کە خوێندکارانى هەولێر بۆ خوێندن دەنێرن بۆ خوێندنگەکەیان.

خوێندنگە بۆ بڵاوکردنەوەى بیری دەوڵەتى تورکیا!

گۆک سوو ئەوەشى وت "ئێمە هەرێمى کوردستان هەر وەک تورکیا بە وڵات و نیشتمانى خۆمان دەزانین. ئامانجمان ئەوەیە خوێندکاران و گەنجان ببنە هەڵگری بیر و ئەندێشەکانى ئێمە لە هەرێمى کوردستاندا".

بەڕێوەبەری دەزگاى مەعاریفی تورکیا وتیشی "بۆ دروستکردن و کردنەوەى ئەو خوێندنگەیە هیچ گرفتێکمان نەبووە و حکومەتى هەرێم زۆر بە باشی هاوکاری و هەماهەنگیى لەگەڵ کردووین". بۆ ئەوەش سوپاسی بەرپرسانى حکومەتى هەرێمى کرد و بەڵێنى ئەوەشی دا، ئەو خوێندکارانەى لەو خوێندنگەیەدا دەخوێنن دەتوانن لە تورکیا درێژە بە خوێندن بدەن!.

سەفین دزەیى وتەبێژی حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە بە مۆرەیەکى رژێمى تورکیا لە ناو حکومەتى هەرێمى کوردستاندا دەناسرێت لە قسەکانیدا لە کاتى کردنەوەى ئەو خوێندنگەیەى دەوڵەتى تورکیا لە هەولێر سوپاسی دەزگای مەعاریفی تورکیا کرد، کە وانە بەپێى سیستمى پەروەردەى تورکیا بە خوێندکارانى کورد دەڵێنەوە!.

ئەو خوێندنگەیە یەکەمین خوێندنگەى دەزگاى مەعاریفی تورکیایە لە هەرێمى کوردستان. خوێندنگەکە بۆ قۆناغی سەرەتایى بۆ خوێندکاران کراوەتەوە.

رۆژی پێنجشەممە ١٨ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم و جێگری سەرۆکى پارتی پێشوازیى لە شاندى دەوڵەتى تورکیا و دەزگاى مەعاریف کردبوو و سوپاسی تورکیاى کردبوو بۆ کردنەوەى خوێندنگەى تورکی بۆ خوێندکارانى کورد لە هەرێم!.

خوێندنگە تورکییەکان لە هەرێم

دەوڵەتى تورکیا بۆ یەکەمجار لە رێگەى دەزگاى فەزالەری سەر بە گروپەکەى فەتحوڵا گیولەن لە ساڵی ١٩٩٥ لە هەرێمى کوردستان یەکەم خوێندنگەى کردەوە. دواتر باخچەیان ساوایان و خوێندنگەکانى قۆناغی سەرەتایى، ناوەندى، ئامادەیى، پەیمانگا و زانکۆکانى ئەو گروپە لە زۆربەى ناوچەکانى هەرێمى کوردستاندا کرایەوە.

لە دواى کودەتاکەى گروپەکەى گیولەن لە ساڵی ٢٠١٦ لە تورکیا و دەستکردن بە داخستنى خوێندنگانى ئە گروپە لە ناو تورکیا و دەرەوەى تورکیا، وەزارەتى پەروەردەى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ٣١ هەزار و ٥٠٠ خوێندکار لە خوێندنگە تورکییەکانى گیولەندا دەخوێنن و داوایکرد رێگاچارەیەک بدۆزرێتەوە بۆ درێژەدان بە خوێندنى ئەو خوێندکارانە لە خوێندنگە تورکییەکانى دەوڵەتى تورکیادا.

لە دواى ئەوە دەستکرا بە گۆڕینى بەشێک لە بەڕێوەبەران و بەرپرسانى خوێندنگە تورکییەکان لە هەرێمدا. لەگەڵ ئەوەشدا ئاکەپە بۆ ئەوەى خۆی راستەوخۆ دەستبەسەر هەموو خوێندنگە تورکییەکان لە دەرەوەى تورکیادا بگرێت دەستبەکار بووە و لە رێگەى دەزگاى مەعاریفەوە دەستیکردووە بە کردنەوەى خوێندنگەى تورکی لە وڵاتانى تردا، کە شانبەشانى خوێندنگەکانى گیولەن کار بۆ بڵاوکردنەوەى بیر و بۆچوونی دەوڵەتى تورکیا بەپێى سیستمى پەروەردەى تورکیا دەکەن. لە سیستمى پەروەردەى تورکیادا مافی خوێندن بە هیچ یەک لە کوردەکانى باکووری کوردستان رەوا نابینرێت و کار بۆ بە تورککردنى خوێندکارانى هەموو خوێندنگەکان دەکات.

بە وتەى بەرپرسانى تورکیا خوێندنگەکانى سەر بە دەزگاى مەعاریف بەپێى سیستمى پەروەردەى تورکیا لە وڵاتە "دۆست و براکاندا" خوێندکاران پەروەردە دەکەن.

سەفین دزەیى کێیە؟

سەفین دزەیى وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستانە و یەکێکیشە لە بەرپرسە باڵاکانى پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) بە سەرۆکایەتیى مەسعود بارزانى و بە کەسێکى زۆر نزیک لە گروپەکەى نێچیرڤان بارزانى دەناسرێت.

سەفین دزەیى خوێندنى لە پەیمانگە تایبەتەکانى سەر بە نەتەوەپەرستەکانى تورکیادا تەواو کردووە. زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە تورکیا ژیاوە و لەو ماوەیەشدا هەموو قۆناغەکانى خوێندنى لە خوێندنگەی نەتەوەپەرستەکانى تورکیادا بەسەر بردووە.

وتەبێژی حکومەتى هەرێمى کوردستان هاوسەرگیریى لە هاووڵاتییەکى تورکیادا کردووە، کە هاوسەرەکەشی بە کەسێک سەر بە گروپە توندڕەو و نەتەوەپەرستەکانى تورکیا دەناسرێت.

سەفین دزەیى و هاوسەرەکەى خاوەنى دەیان ملیۆن دۆلارن لە تورکیا. تەنها لە ئەنقەرەى پایتەختى تورکیا خاوەنى ٨ ڤێلای گەورە، ٢ ئۆتێل و ٢ کۆمپانیاى بازرگانین.

هەڵوێستە بەردەوامەکانى سەفین دزەیى بۆ پشتیوانیکردن لە دەوڵەتى تورکیا، لە بانگەشەکانى دەوڵەتى تورکیا، لە ئۆپەراسیۆنە زەمینى و ئاسمانییەکانى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر خاکى هەرێم، پشتیوانیکردنى لە پرۆژەکان و بنکە سەربازییەکانى تورکیا لە هەرێم و لێدوانەکانى لە دژی خەباتى پارچەکانى تری کوردستان، ئەو گومانەی زیاتر بەهێزکردووە، کە سەفین دزەیى مۆرەیەکى دەوڵەتى تورکیایە لە ناو حکومەتى هەرێمى کوردستاندا و لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە بەسەر پارتی و بارزانییەکاندا سەپێنراوە!.

ر.م