تەڤگەری ئازادی: لە گرتنی ئەندامەکانمان خۆش نابین و هەڵوێستی جیاوازمان دەبێت

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان لە بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان لە لایەن پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە، هەڵوێستێکی توندی نیشاندا و وتی، ئەمجارە پەدەکە بۆی ناچێتەسەر و هەڵوێستی جیاوازمان دەبێت و چالاکی فراوان ئەنجام دەدەین.

تارا حسێن جێگری هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیی لە بارەی دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان لە هەولێر ڕایگەیاند: پەدەکە بە دەستگیرکردنی ئەندامەکانمان دەیەوێت پێشێلکارییە نا ئەخلاقی و نا دیموکراتی و نا مرۆییەکانی پەرەپێدەدات لەبەرامبەر ئازادیخوازان، بەڵام ئەمجارە بۆی ناچێتەسەر و هەڵوێستی جیاوازمان دەبێت و چالاکی فراوان ئەنجامدەدەین.

ئەمڕۆ لە بارەگای تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان لە شاری سلێمانی، تارا حسێن جێگری هاوسەرۆکانی گشتی تەڤگەری ئازادیی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا، پەیامێکی لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان- پەدەکە ڕاگەیاند، لە بارەی دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان لە شاری هەولێر.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا تارا حسێن ئاماژەی بەوەدا: تەڤگەری ئازادیی ڕێکخستنێکی سیاسی کۆمەڵایەتی مۆڵەت پێدراوە و دەتوانێت لە تەواوی عێراقدا کاربکات، بەڵام بەردەوام گرتن و هەڕەشە و دژایەتی لەسەر تەواوی ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی بەڕێوەدەچێت، ئێستاش چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکی ڕەشبگیریی لەلایەن پەدەکە وە لە شاری هەولێر دەستیپێکردووە لەسەر ئەندامەکانمان، ئەندامەکانی ئێمە هەموو خۆبەخشن و خاوەن پرەنسیپ و ئەخلاقن و خاوەنی ڕابردوویەکی پاکن، کەسانێکی وڵاتپارێزن بەتایبەتی ئەو ئەندامانەی کە ئێستا لە شاری هەولێر دەستگیرکراون، لە ناویاندا پێشمەرگەی دێرین و زیندانی سیاسی و کەسانی وڵاتپارێزن، بۆیە پەدەکە ئیسپاتیکرد کە نە پارتە نە دیموکراتە نە کوردستانییە.

وتیشی: تاکە تاوانی ئەندامانی ئێمە، کە لای پەدەکە تاوانە ئەوەیە کە خاوەنی فکرن و دەیانەوێت کۆمەڵگا هۆشیاربکەنەوە، تاکە چەکی تەڤگەری ئازادیی ئایدۆلۆژیا و فکرە، کە دەمانەوێت کۆمەڵگا خاوەن ئیرادە و ڕێکخستووبێت، لەبری ئەوەی کە ببن بە کرێگیراوی داگیرکەران، لە بەرامبەر تەسلیمییەتیدا تێکۆشان پێشبخەن، تەڤگەری ئازادیی ئەمڕۆ تاکە هێزە کە خاوەنداریی لەگەلەکەی دەکات و هەڵوێستی هەیە، هەر بۆیە پەدەکە پلانی زۆر مەترسیدارتری هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، دەیەوێت ئەو دۆخەی ئێستا پەرەپێبدات لە گەندەڵی و نادادیی و نەبوونی ئازادیی و بڕینی مووچە، هەروەها دەیەوێت هاوکاریی زیاتری داگیرکاریی بکات و هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسی کۆمەڵکوژیی بکاتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو: ئەو هەناسەیەی کە لە هەولێر و دهۆک و بادینان هەیە، پەدەکە دەیەوێت بەتەواوەتی بیخنکێنێت و لەناو ئاوی لێڵدا مەلەی خۆی بکات، دەمانەوێت ئەوە ڕابگەیەنین کە ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی بە گرتن و هەڕەشە و لێدان و تەنانەت کۆمەڵکوژکردنیشمان سارد نابینەوە و ناوەستین، بەردەوام دەبین لە چالاکی و کار و خەباتی تێکۆشانی خۆمان و خاوەنداریی کردن لە گەلی خۆمان، ڕێگە بەبێ مافی و نادادیی و داگیرکاریی نادەین لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆتایشدا ڕایگەیاند: بەدڵنیاییەوە بێدەنگ نابین و بێهەڵوێست نابین لەبەرامبەر پەدەکە، کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پێشێلکارییە نا ئەخلاقی و نا دیموکراتی و نا مرۆییەکانی پەرەپێدەدات لەبەرامبەر ئازادیخوازان، بەڵام ئەمجارە بۆی ناچێتەسەر هەڵوێستی جیاوازمان دەبێت و چالاکی فراوان ئەنجامدەدەین، چ لە ئاستی هەرێم و عێراق و چ لە ئەوروپا، هەموو ڕێگایەکی مەدەنی دەگرینەبەر لە دژیان، کار و خەباتمان چڕدەکەینەوە لە بەرامبەر سیاسەتە نا دیموکراتی و نا ئەخلاقییەکانی پەدەکە.

جێگای ئاماژەیە بە تۆمەتی ئەندام بوون لە تەڤگەری ئازادیی، نزیکەی مانگێکە تەحسین یاسین جەعفەر، ئەندامی تەڤگەریی ئازادیی لەشاری هەولێر لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراوە، دوو ڕۆژ لەمەوبەریش بە هەمان تۆمەت پیاوێک و ژنێکیان بەناوەکانی سەمیرە حەمەد ئەمین و مام سامی دەستگیرکرد، هەروەها هەڵۆ سامی، شاعیری گەنج لە هەولێر، لە فەیسبووکی خۆیەوە ڕایگەیاند، ئاسایش هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و دایک و باوکیان دەستگیکردووە، بە وتەی هەڵۆی کوڕیان، باوکی ئازادکراوە و دایکی تا ئێستا لە بێسەروشوێنە و نازانن لە کوێ دەستبەسەرە.

ز.ش