داخستنی رێگای نێوان پارێزگاکان هەزاران بنەماڵەی شەهیدی کەرکوکی بێ مووچە کردووە

بەڕێوبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکوک دەڵێت: تا ئەم ساتە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون ڕەزامەندیی دەرنەبڕیوە بۆ ناردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراونی کەرکوک.

لە شاری کەرکوک ٤٥٠٠ بنەماڵەی شەهید و ئەنفالکراو هەیە، کە مووچە لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وەردەگرن، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و داخستنی رێگاکانی نێوان پارێزگاکان و سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ، لە ئیستادا ٤٥٠٠ بنەماڵەی شەهید و ئەنفالکراوانی کەرکوک ماوەی مانگ و نیوێکە بێ مووچەن، لە کاتێکدا کە چەندین رۆژە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی دەستپێکردووە، بەڵام بەهۆی داخستنی ریگای نیوان تەواوی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و قەدەغەکردنی هاتووچۆ بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان ناتوانن مووچەکانیان وەرگرن و هیچ پلانێکیش نییە بۆ گەیاندنی موچەکان بەو بنەماڵانە.

تاکو ئەم ساتە وەزارەتی کاروباری شەهیدان ڕەزامەندی دەرنەبڕیوە

خەلیل رەحیم کەریم بەڕێوبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکوک سەبارەت بە دابەشنەکردنی مووچەی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکوک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو بەرێوبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکوک هەموو ئامادەییەکمان دەربڕیوە بۆ هێنانەوەی مووچە و دابەشکردنی بەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکوک، بەڵام تاکو ئێستا لە چاوەڕوانیی وەڵام و ڕەزامەندیی وەزارەتی کاروباری شەهیدانین و تاوەکو ئەم ساتەش ڕەزامەندیان دەرنەبڕیوە بۆ ناردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکوک."

ماوەی ٤٥ رۆژە ئەم خانەوادانە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە

هەروەها دەربارەی داوا کاری بەڕێوبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکوک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان خەلیل رەحیم ڕایگەیاند: "ئێمە لە شاری کەرکوک چوار هەزار و ٥٠٠ خانەوادەمان هەیە، کە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانن و ماوەی ٤٥ رۆژە ئەم خانەوادانە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە، ئێمە وەکو بەڕێوبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکوک داوا لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە کار ئاسانیمان بۆ بکەن تا بتوانین مووچە دابەش بکەین بەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراونی کەرکوک دا."

سەبارەت بە قەدەغەی دروستبوونی هەر گردبوونەوەیەک لە شاری کەرکوک بەهۆی رێگریکردن لە بلاوبوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خەلیل رەحیم ڕایگەیاند: "دروست هەر کاتێک مووجە بگات، بۆ پاراستنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون لە بڵابوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەتوانین بەپێی زنجیرە ژمارە و ناو گروپ گروپ موچەیەیان بەسەر دابەش بکەین بۆ ئەوەی قەرەباڵغییەکی زۆر دروست نەبێت و ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبێتەوە."

کارمەندانی بانکەکە ئامادەییان دەربڕیوە کە بێن بۆ کەرکوک

لە کۆتایدا خەلیل رەحیم کەریم بەڕێوبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکوک وتی: "ئەو ٤٥٠٠ خانەوادە شەهیدە موچەیان لەلای بەرێوبەرایەتیەکەی ئێمەیە و موچەکانیان دابەش کراوە بەسەر دوو بانکدا ئەوانیش بانکی برایەتی لە شاری هەولیر لەگەڵ بانکی چەرمو لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، کارمەندانی هەردوو بانکەکەش ئامادەییان دەربڕیوە کە بێن بۆ کەرکوک و لەم شارە موچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دابەش بکەن."

ژ.ت