ده‌میرتاش: توركیش ده‌توانن فێری كوردی بن
هاوسه‌رۆكی گشتیی پێشووتری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ده‌رباره‌ی هاوخه‌باتیی زمانی كوردی له ئامه‌د، له ڕێی پارێزه‌ره‌كانییه‌وه په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه.
هاوسه‌رۆكی گشتیی پێشووتری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ده‌رباره‌ی هاوخه‌باتیی زمانی كوردی له ئامه‌د، له ڕێی پارێزه‌ره‌كانییه‌وه په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه.
ده‌میرتاش له په‌یامه‌كه‌یدا كه له زیندانه‌وه ناردوویه‌تی ڕایگه‌یاندووه، له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی هه‌موو زمانێك قه‌در و قیمه‌تی هه‌یه، زمانی كوردیش یه‌كێكه له‌و زمانانه. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه خاوه‌نداره‌تی كردن له‌و زمانانه‌ی كه قه‌ده‌غه كراون واتاداره.
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش سه‌رنجی خسته سه‌ر هاوخه‌باتیی زمانی كوردی كه له لایه‌ن ٩ پارتی باكووری كوردستان ده‌ستی پێكردووه و پلاتفۆڕمێكی بۆ دروست كراوه. ناوبراو نووسیویه‌تی: «هاوخه‌باتیی زمانی كوردی له ئامه‌د واتادار و گرینگ ده‌بینم. پێویسته ئه‌م خه‌باته به‌باشی چاودێری بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی جێبه‌جێ بكرێن و هه‌موو كه‌سیش هه‌وڵه‌كانی بخاته‌گه‌ڕ.»
ده‌میرتاش ڕایگه‌یاند: «له كاتی ڕاگه‌یاندنی باری نائاساییدا زۆر كه‌ناڵی كوردی، ڕۆژنامه، گۆڤار و ماڵپه‌ڕ، زارۆخانه، كۆرس و په‌یمانگه داخران. نه‌ك ته‌نیا فێربوونی زمانی كوردی، به‌ڵكوو بێ ویژدانییه ئه‌گه‌ر ڕێگری له بهفهرمیبوون و بوونه زمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بكرێت و به‌ربه‌ست بۆ ئه‌و هه‌وڵانه دروست بكرێت كه سه‌ره‌ڕای كه‌می ده‌رفه‌ت بۆ پاراستنی زمانی خۆیان ده‌یده‌ن.»
«به‌دڵنیاییه‌وه پێویسته قه‌ده‌غه‌كارییه بێ واتاكانی سه‌ر زمان هه‌ڵبگیرێن. ئێمه له كاتێكی وه‌هادا ده‌ژین كه پێویسته هه‌موومان له هه‌موو كه‌س زیاتر خاوه‌نداره‌تی له زمانی دایكی بكه‌ین. زمانی ده‌سه‌ڵاتداره‌كان كه له ژیانی ڕۆژانه‌دا له ڕاگه‌یاندن و ته‌كنه‌لۆژیادا زیاتر به‌كارده‌هێنرێن، ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر گه‌مارۆی زمان ده‌دات و سیسته‌می په‌روه‌رده له توركیا كه كوردی قبووڵ ناكات بووه‌ته هۆكاری ونبوونی زمانی كوردی. زۆر شه‌رمه كه ئه‌م دۆخه وه‌ها به‌رده‌وام بێت.»
ده‌میرتاش له درێژه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا باسی له ڕۆڵی ده‌نگبێژان كردووه له پاراستنی زمانی كوردیدا و نووسیویه‌تی: «بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی مه‌رج نییه ئینگلیز بیت، بۆ فێربوونی توركی مه‌رج نییه تورك بیت، بۆ فێربوونی كوردیش مه‌رج نییه ئێوه كورد بن. من ته‌نیا هانی ئه‌و كه‌سانه ناده‌م كه زمانی دایكییان نازانن، به‌ڵكو ئه‌مه بۆ هه‌موو كه‌سه. ئێمه پێكه‌وه ده‌ژین، كه‌واته پێویسته ڕێز له زمانی یه‌كتر بگرین و فێرببین. ئه‌مه ئێمه ناكاته دژبه‌ری یه‌كتر، به‌ڵكو جوانتر و به‌هێزترمان ده‌كات.»
s.m