سیامەند موعینی: میت و ئیتڵاعات و پاراستن هەوڵی تیرۆرکردنی کادرانمان دەدەن

هاوسەرۆکی پژاک ئاشکرای دەکات، کە دەزگای میتی تورک و ئیتڵاعاتی ئێران و پاراستنی پارتی ژوورێکی هاوبەشیان هەیە و "هەوڵی تیرۆرکردنی کادرانی پژاک دەدەن".

هاوسەرۆکی پژاک ئاشکرای دەکات، کە دەزگای میتی تورک و ئیتڵاعاتی ئێران و پاراستنی پارتی ژوورێکی هاوبەشیان هەیە و "هەوڵی تیرۆرکردنی کادرانی پژاک دەدەن"، ئاماژە بەوەش دەکات، کە تورکیا دەیەوێت ئێرانیش بخاتە شەڕەوە دژ بە پژاک و هۆشداریدا: ئەگەر ئێران بکەوێتە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پژاک، بەدڵنیاییەوە پژاک لە سنوورەکان نامێنێتەوە و دەکەوێتە قووڵایی شارەکانی ئێرانەوە.

سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، لە میانی بەشدارییکردنی لە پڕۆگرامی ڕاڤە-ی تەلەفزیۆنی ئاریەن تیڤی-دا، تیشکی خستەسەر هێرشەکەی ٢٥ی حوزەیرانی  "مانگی شەش" دەوڵەتی تورک لە کونەماسیی و پرۆسەی داگیرکاریی سەر کوردستان.

هاوسەرۆکی پژاک باسی لە هێرشەکەی سەیرانگای کونەماسیی کرد و وتی: چوار هەڤاڵمان لەکاتی ئەرکدابوون و بۆ کارێکی ڕێکخستنیی بە کونەماسیدا تێپەڕبوون و جلی مەدەنییشیان لەبەردا بووە، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هێرش کرایە سەریان و هەڤاڵێکمان بەناوی ئاریوان شۆڕشگێڕ شەهیدبوو و سێ هەڤاڵیشمان برینداربوون.

موعینی ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات ئێرانیش بخاتە شەڕەوە دژ بە پژاک و وتی: دەوڵەتی تورک شەڕێکی هەمە لایەنەی دژ بە گەلی کورد دەستپێکردووە، هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە ئێران بخاتە نێو شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بزووتنەوەی ئێمە، بەڵام ئێران لاوازترە لەوەی بکەوێتە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پژاک، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخە ئابووریی و سیاسییەی کە ئێستا بەسەری هاتووە.

هاوسەرۆکی پژاک هۆشداریشیدا: ئەگەر ئێران بکەوێتە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پژاک، بەدڵنیاییەوە پژاک لە سنوورەکان نامێنێتەوە و دەکەوێتە قووڵایی شارەکانی ئێرانەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سیامەند موعینی باسی لە هەماهەنگیی نێوان میتی تورک و ئیتڵاعاتی ئێران و پاراستنی پەدەکە کرد و وتی: میتی تورک و ئیتڵاعاتی ئێران و پاراستی پەدەکە مێزێکی هاوبەشیان هەیە و جاروبار بەیەکەوە کۆدەبنەوە و لەسەر دۆخی کورد گفتوگۆ دەکەن، بەتایبەتیش کار لەسەر وەشاندنی گورز لە پژاک دەکەن.

لەبارەی وردەکاریی کارەکانیشیانەوە سیامەند موعینیی وتی: لەم مانگانەی ئەمدواییەدا بەتایبەت لە میدیاوە شەڕێکی تایبەت لەدژی پژاک دەکەن، وە هەوڵی تیرۆرکردنی کادران و ڕێبەرانی پژاک دەدەن، ئێمە زۆر بەوردیی ئاگاداری پیلان و پرۆژەکانیانین.

هەر لە قسەکانیدا، هاوسەرۆکی پژاک ڕایگەیاند: دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و بەدیارییکراوییش بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە بەرژەوەندییەکانیان بەستووەتەوە بە ئاکەپەوە، ئەوەش وایکردووە کە کارئاسانییان بۆ دەکەن بۆ ئەوەی سیخووڕیی بەسەر گەریلاوە بکەن.

سیامەند موعینیی جەختی لەوە کردەوە، کە بەبێ بنەبڕکردنی سیخووڕیی و خیانەت سەرکەوتن ئەستەمە لە کوردستان و وتی: ئەوە تەنها چارەنووسی باشوری کوردستان نییە، بەڵکو چارەنووسی هەموو کوردستانە، بۆیە پێویستە بەهەموومان بە یەکدەنگ دژی داگیرکاریی و سیستمی شۆڤێنیزم و داگیرکاریی هەڵوێستمان هەبێت.

ف.ق