سەربازێکى هەڵهاتوی تورکیا چەندین کەسی بە بارمتە گرتووە

لە تورکیا سەربازی بە زۆرەملێیە. سەربازێک لە سوپاى تورکیا هەڵهاتووە لە لقێکى بینای فرۆشگاى نێودەوڵەتیى (AVM) چەندین کارمەندنى ئەو فرۆشگایە بە بارمتە گرتووە.

بەپێى میدیاکانى تورکیا، سەربازێک لە یەکەی دیلۆکەوە هەڵهاتووە و بە چەکێکى جۆری (G3) چووەتە ناو شەقامەکانى دیلۆک.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو سەربازە چووەتە لقی بیناى فرۆشگای نێودەوڵەتى (AVM) لە دیلۆک و چەندین کەسی لە کارمەندانى فرۆشگاکە بە بارمتە گرتووە.

تاوەکو ئێستا نازانرێت ئەو سەربازە لەبەر چی هەڵهاتووە و لەبەر چی لەو فرۆشگایەدا ئەو کەسانەى بە بارمتە گرتووە.

سەربازی لە تورکیا بە ناچاری و زۆرە ملێیە و لە ئێستادا تورکیا گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر هێزە سەربازی و ئەمنییەکانى لە ناوخۆ و دەرەوەى تورکیا. هەموو رۆژێک سەربازەکان دەباتە گۆڕەپانێکى شەڕ و لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و چەندین ناوچەى تورکیا و هەروەها لە عەفرینەوە و تاوەکو باشووری کوردستان ئۆپەراسیۆنیان پێ ئەنجام دەدات و بە بەردەوامى لە شەڕ و ئامادەباشیدان.

بەهۆی گوشارەکانى دەوڵەتى تورکیاوە، ساڵانە چەندین سەربازی سوپاى تورکیا لە ناو سوپایەدا هەڵدین، یان خۆیان دەکوژن. دۆسیەى سەربازە کوژراوەکان لە ناو سوپاى تورکیادا تاوەکو ئێستا چەندجار لە پەرلەمانى تورکیادا قسەى لەبارەوە کراوە.

بەپێى ئامارەکان ٢ ملیۆن و ٩٣٠ هەزار کەس لە تورکیا کاتى سەربازیى زۆرەملێیان دواخستووە و بە قاچاخی ژیان بەسەر دەبەن. هەروەها ملیۆنێک و ٨٨٥ هەزار و ٤٤٨ کەسی تریش بەهۆی ئەوەى خوێندکاران لە کاتى خۆیدا نەچوون بۆ سەربازی.

لە ئێستاشدا لە تورکیا ٥٨٥ هەزار و ٢١٠ کەس، کە تەمەنیان لە تەمەنى سەربازیدایە نەچوون بۆ سەربازی و ٥ هەزار و ٧٧٢ سەربازیش لە ریزەکانى سوپاى ئەو وڵاتەدا هەڵهاتوون.

دەوڵەتى تورکیا بۆ چارەسەرکردنى ئەو قەیرانە پرۆژە بڕیارێکی ئامادە کردووە بۆ ئەوەى ئەو کەسانەى ناچن بۆ سەربازی ماوەى سەربازییەکەیان بکڕنەوە و لە شوێنى ئەواندا کەسانێک بە پارە بکاتە سەرباز.

ر.م