قۆناغی نوێ و پلانى داگیرکردنى باشووری کوردستان

دەوڵەتى تورک لەلایەن ئاکەپە – مەهەپەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەو دەوڵەتە لە قۆناغی نوێى پلانەکەیدا بۆ داگیرکردنى باشووری کوردستان هەم دەیەوێت خۆی لە کەرکوک جێگیر بکات هەم دەیەوێت رێگا بۆ شەڕێکى هەمە لایەنە خۆش بکات.

تورکیا بە پێشەنگایەتى ئاکەپە – مەهەپە دەیەوێت پلانی داگیرکردنى عێراق و باشووری کوردستان لە رێگەى هاوکاریى ستراتیژیانەی پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە - PDK)ەوە بگەیەنێتە ئاست و قۆناغێکی نوێ.

لە عێراق دا رۆژی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨ هەڵبژاردنى پەرلەمان ئەنجامدرا و رۆژی ٢ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا و ئەرکی پێکهێنانى حکومەتى نوێ دا بە عادل عەبدولمەهدی. عەبدولمەهدیش لە ٢٥ی تشرینى یەکەمدا دەستەى وەزیرانی خۆی بۆ پەسەند کردن بردە پەرلەمان. لە پەرلەماندا ١٤ وەزیری کابینەکەى دەنگیان پێدرا و ٨ وەزیریشی دەنگیان پێنەدرا و ڤیتۆ کران. ئەو ٨ وەزیرە، کە دەنگیان پێنەدرا وەزیرانى ناوخۆ و دادی تیادا بوو. کێشەی ئەو ٢ وەزارەتە لە کێشەى وەزیر و وەزارەتەکانى تر زیاتر قسە و باسیان لەسەر کرا.

مەسعود بارزانى سەرۆکى پەدەکە رۆژی ٢٢ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ سەردانى بەغدای کرد و دەوترێت بارزانى و هادی عامری و نوری مالیکی لەسەر هەڵبژاردنى وەزیری ناوخۆ رێککەوتون و لە بەرامبەریشدا بارزانى و مالیکى و عامری رێککەوتوون گوشار لە عادل عەبدولمەهدی بکەن، کە وەزارەتى داد بە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە) نەدات. دوای ئەوەش وەزارەتى دادیان بە یەنەکە نەدا. یەنەکەش رایگەیاند، ئەگەر وەزارەتى دادی پێنەدرێت پەرلەمانتارەکانی لە بەغدا دەکشێنێتەوە.

ئەگەری هەڵوەشاندنەوەى ئەو حکومەتە لە ئارادایە کە هێشتا بە تەواوی پێکنەهاتووە!

رەنگە ئەو قەیرانە رێگا بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو حکومەتە خۆش بکات، کە هێشتا بە تەواوی پێکنەهێنراوە. یەنەکە شاندێکی رەوانەى بەغدا کرد بۆ ئەوەى قەیرانەکە چارەسەر بکات و هەندێک چاوپێکەوتنى ئەنجامدا، بەڵام ئەنجامی چاوپێکەوتنەکان ئاشکرا نەکراون. پەدەکەش بۆ ئەوەى رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەى یەنەکە تێکبدات، لە سەرەتاى ئەم هەفتەیەدا شاندێکی رەوانەى بەغدا کرد.

بێگومان پێنەدانى وەزارەتى داد بە یەنەکە هەموو هۆکارەکەى بۆ سەردانەکەى بارزانى بۆ بەغدا ناگەڕێتەوە. بارزانى هەوڵیدا ئەوە نیشان بدات بە هەڵبژاردنى بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆک کۆماری عێراق، هێشتا دەسەڵات و پێگەکەی لە هەرێمى فیدراڵی کوردستان نەگۆڕاوە.

لە بابەتى کەرکوکدا رێککەوتنێک لە نێوان تورکیا و پەدەکەدا هەیە (هەندێک هێزى تریشیان لەگەڵدایە) و بە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەرشەد ساڵحی لە بەغدا فەرمیەت بەو رێککەوتنەکە درا.

یەنەکە و پەکەکە بە گژ یەکدا دەکەن

پەدەکە بەو هەوڵانەى لە بەغدا تێر نابێت و لە هەرێمى فیدراڵی کوردستانیشدا هەنگاوێکى فێڵبازانە و فریودەرانەى هاوێشت. لە رێگەى وەزارەتى ناوخۆی حکومەتى فیدراڵەوە بڕیارى داخستنى بارەگاکانى تەڤگەری ئازادیى دەرکرد، بەڵام ئەو بڕیارەی بە قوباد تاڵەبانیى یەنەکەیى، کە جێگری سەرۆک وەزیرانە دەرکرد. لەو رێگەیەوە هەوڵی دا ئەم کارانە بکات:

  * یەنەکە و بزووتنەوەى ئازادیى کورد بە گژ یەکدا بکات.

* یەنەکە رابکێشتە ناو ئەو هاوکارییەى کە خۆی پێشەکەشی تورکیاى دەکات.

* سەرباری بوونی مۆڵەتى رەسمیش، بڕیارى داخستنى بارەگاکانى بە یەنەکە ئەنجامدا و بەو شێوەیە خواستى لە نێوان یەنەکە و بەغدادا قەیران دروست بکات.

* خواستى قوباد تاڵەبانی لە بەرامبەر بەغدا تەنگاو بکات و هەمیش دنە بە مشتومڕەکانی ناو یەنەکە بدات.

بەڕێوەبەرییان لە ناو ماڵەکەى خۆیاندا دەستنیشانکرد

کاتێک یەنەکە بەو کێشانەوە دەتلایەوە، پەدەکە بە خێرایى کۆبوونەوەى خۆی ئەنجامدا و بەڕێوەبەریى کوردستانى فیدراڵی لە ناو خۆیاندا دەستنیشان کرد. بۆ سەرۆکایەتیى هەرێم و سەرۆک وەزیران و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیى کەسانى بنەماڵەى بارزانییان دەستنیشانکرد. یەنەکە لە دژی ئەوە دەوەستێتەوە. پەدەکەش پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، بەڵام لە باشووردا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت، کە ئەگەری ئەوە هەیە سەرلەنوێ گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیى روو بدات.

 تورکیا بە کاری بریکار و پەیمانکارەکەى تێر نابێت

دەوڵەتى تورکیا دڵخۆشە بەو کارانەى پەدەکە، بەڵام پێى تێر نابێت. خۆیشی دەست بە جموجوڵ دەکات. بۆ ئەوەى پەدەکە و یەنەکە لە دژی پەکەکە بخاتە شەڕەوە، بۆ ئەوەى یەنەکە و بەغدا لە یەکتر داببڕێت، بەشێوەکی چالاکانە لە هەوڵدایە. یەنەکە حسابێکى هەڵەى بۆ ماوەیەکی کەم و کورتخایەن کرد، بەڵام وادیارە هەستى بە هەڵەکەى کردبێت، بەڵام ئەوە روون نییە کە ئاخۆ بۆ تێکدان و هەڵوەشاندنەوەى ئەو پلانە هەنگاو دەنێت یان نا.

پلانەکەى تورکیا چەپەڵە و هەوڵی زۆریشی بۆ دەدات، بەڵام ئەوەى دەرەنجامەکە روون دەکاتەوە کوردە، بە تایبەتى تێگەیشتن و عەقڵییەتى سیاسی پەدەکە و یەنەکە رۆڵی دەبێت لە رەتکردنەوە و کاریگەریى ئەو داگیرکەرییە چەوسێنەرانەیە دا.

ر.م