قەرەیلان: خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادە دەکەن

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، دەستبەسەردا گرتنی شارەوانییەکان و ئۆپەراسیۆنەکانی قڕکردنی سیاسی و لە ناوبردنی سەربازی لە چوارچێوەی گەلەکۆمەیەکدا دەکرێن و وتی: "بە شەڕی دژی کورد دەیانەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدەن"

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان بۆ ڕادیۆی دەنگی وڵات قسەیکرد و وەڵامی پرسیارەکانی ئارژین فوراتی دایەوە.

قەرەیلان ڕایگەیاند، دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان هێرشێکی پلان بۆداڕێژراوی ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆنە لەدژی ئیرادەی گەل و وتی: "ئاشکرایە، بە تایبەتی شارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وانیان هەڵبژاردووە. ئەوەش نەک تەنیا پێشێلکردنی ئەخلاق، یاسا و دیموکراسییە. لە هەمان کاتدا پێشێلکردنی شەرەف، شکۆ و ئیرادەی گەلی کوردە. هێرشێکی جدییە، نیشان دەدات کە شەپۆلی ئەو هێرش و شەڕەی لەدژی گەلەکەمان دەکرێت، هێشتا بێ پەروا بەردەوام دەبێت".

کەسانی هەر ماقووڵ، ئەوانەی سیاسەتی کوردن

قەرەیلان ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکان لە کەسایەتی هەدەپە لەدژی هەمو کوردە و وتی: "خۆی هەرسێ سەرۆک شارەوانی کە لە ئەرکەکانیان دوور خراونەتەوە، لەناو گەلی کورد ناسراون و نوێنەرایەتی هەمووان دەکەن. لەناو کورد و سیاسەتی کورددا کەسانی زۆر ماقوڵن. بۆیە لە کەسایەتی سەرۆک شارەوانییەکاندا هێرش دەکرێتە سەر هەموو کۆمەڵگە. هێرش کراوتە سەر هەبوون و حەقیقەتی گەلی کورد".

چارەنووسی خۆی دەبینێت

قەرەیلان ڕایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆنی فاشیست هەم لە ناوەوە، هەم لە دەرەوە، لەڕووی ئابووریی، سیاسی، کۆمەڵایەتیدا لە قەیران دایە و وتی: "بەم دواییە چوونە ناو سوریا. لە خان شەیخون بە فەرمانی ڕووسیا دەوڵەتی سوریا لە سوپاکەیانی دا، بیستمان کە لەو ناوچەیە خەڵکیان لێ کوژراوە. ئەوە بۆ کۆمەڵگە ئاشکرا ناکەن، وەکو ئەوە نیشانی دەدەن کە ژمارەیەک خەڵکی سڤیل مردوون. لەوێش بە بنبەست گەیشتووە. پشتی بە ڕووسیا قایم بوو، بەڵام ڕووسیاش دەرسێکی بەو شێوەیەی پێ دان. ویستی بچێتە ناو ڕۆژئاوا، بەڵام لەوێش بە بنبەست گەیشت. دەبینن ڕۆژی تاریک چاوەڕوانیانە و بەرەو ڕووخان دەچن".

بۆ پەردەپۆشکردنی کێشەکان

قەرەیلان وتی: "بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو قەیرانە، دوای هەڵبژاردن شەڕی دژی کوردیان نوێ کردەوە. پەردەپۆشکردنی هەموو کێشەکان و مانەوەی ڕژێمی فاشیستیان بە لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادی کوردستانەوە بەستوەتەوە. بۆ ئەوەش دەیەوێت کۆمەڵگە ڕووبەڕووی یەکتر بکاتەوە، حەساسیەت لەناو کۆمەڵگە دروست بکات، شەپۆڵی شۆڤینیزم فراوان بکات. بە کوشتنی گەلی کورد، بە بەکوشتدانی گەنجانی تورک لە چیاکانی کوردستان دەیەوێت ئەوە بکات".

بە کۆنسێپتی نوێی هێرشکردن دەیەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات

قەرەیلان ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەری زۆری هەیە بیەوێت لە ساڵی ٢٠٢٠ هەڵبژاردنێکی پێشوەختە ئەنجام بدات و وتی: "بەو کەش و ڕۆژەڤە، هەوڵ دەدات هەمووان سەرقاڵ بکات و بەو شێوەیە پێش بکەون. سەیر بکەن، نەک تەنیا سەرۆکی شارەوانی سێ شاری کوردستانی دەستبەسەر کرد. لە هەمان شەودا واتە شەوی ١٩ی ئاب/ ٢٨ی گەلاوێژ لە ٢٩ شاردا ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسی کرد و نزیکەی ٥٠٠ کەسیان دەستگیر کرد. هەروەها هەمان شەو لەدژی گەریلا لە سێ شار (جۆلەمێرگ، وان و شڕنەخ) ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی 'شکاندن' دەستپێکرد. سێ پلانی جیاواز بۆ قڕکردن لە سێ شوێنی جیاواز دەستیپێکرد و لە هەمان شەودا کەوتنە جێبەجێ کردن. ئەوە کۆنسێپتێکە، پلانێکە. لەو چوارچێوەیەدا بە شەڕی دژی گەلی کورد دەیانەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدەن. بە ڕای من ئامانجیان لەوە ئەوەیە خوێنی زیاتر بڕژێنن، کۆمەڵگە ڕووبەڕووی یەکتر بکەنەوە، دواتریش خۆیان وەکو فریادڕەسی تورکیا نیشان بدەن، هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بەڕێوەببەن و بەو شێوەیە لە دەسەڵات بمێننەوە، ڕژێمەکەیان بهێڵنەوە".

قەرەیلان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو کۆنسێپتە لە هەمان کاتدا لەدژی دیموکراسی تورکیایە و ڕایگەیاند، ئەگەر پێش بەوە نەگیرێت، سبەی سەرۆک شارەوانییەکانی ئەستەنبۆڵ و ناوچەکانی دیکەش دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

بەو شێوەیە وەڵامی ڕێبەر ئاپۆیان دایەوە

قەرەیلان دیداری ئەم دواییەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی وەبیر هێنایەوە و وتی: "ڕیبەر ئاپۆ بیرخستنەوە و هۆشیاری مێژوویی کرد و باسی لەوە کرد بۆ چارەسەریی ئامادەیە. ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسی لەدژی سیاسەتمەدارانی کورد، دەستبەسەرکردنی سەرۆک شارەوانییەکان و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ لەناوبردنی گەریلا کە لە چوارچێوەی ئەو کۆنسێپیتەدا بەڕێوەچوون، وەڵامێکە بۆ بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ. دەبێت وا لێی تێبگەین. ئەوان شەڕیان بەباشتر زانی".

دەبێت گەلەکەمان خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی بکات

قەرەیلان ڕایگەیاند، تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی بۆ گەلی کورد و هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا کەوتوەتە سەردەمێکی نوێ و وتی: "دەبێت سەردەمی نوێ لە تێکۆشانی گەریلادا هەر هەبێت، بەڵام ئەوەی پێویستە بکەوێتە پێشەوە، بزووتنەوە و ڕاپەڕینی گەلە. گەلەکەمان ئەگەر لەم کاتەدا خۆی بەڕێکخستن بکات و خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی بکات، ڕەنگی قۆناغەکە بە تەواوی دەگۆڕێت. خاوەنداریکردن لە هاوسەرۆکی شارەوانییەکان کە نوێنەری ئیرادەیە، ئەرکێکی مرۆڤایەتی، ئەخلاقی و وڵاتپارێزییە. هەموو کوردێک دەبێت بڵێت 'من دژی دەستبەسەرکردنی ئیرادەی خۆمم، من دژی ئەوەم کە هاوسەرۆک شارەوانییەکانم لە ئەرک دوور بخرێنەوە و قەیوم دابنێن، دژی دەستبەسەرداگرتنی مافەکانمم'. ڕەواترین داواکارییە خەڵک لەدژی ئەو ناحەقییە بوەستنەوە و خاوەنداری لە ئیرادەی خۆیان بکەن. لەو بابەتەدا دەبێت فیداکاریی بکرێت. بێگومان دەبێت هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا خۆیان بە خاوەنی ئەو مەسەلەیە بزانن.

ئەو سوکایەتی پێکردنە دەبێت قەبوڵ نەکرێت

گەلەکەمان دەبێت ببێتە هێزی پێشەنگی ئەو تێکۆشانە؛ دەبێت ئەو سوکایەتییە قەبوڵ نەکرێت. زۆر واتادارە، ئەو گەنجەی دوژمن هێرشی کردە سەر وتی 'بژی کوردستان، بمرێت کۆیلەداری'. دروشمێکی پێشترە، بەڵام چونکە واتایەکی گەورەی هەیە، بۆ ئەمڕۆش دەبێت. دەنگ هەڵبڕینی ئەو گەنجە لە کۆڵانەکانی ئامەد، بانگەوازییە بۆ هەموو گەنجانی کورد". قەرەیلان ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت گەنجان هەموویان وەڵامی ئەو بانگەوازە بدەنەوە.

بێدەنگبوون هاوکاریکردنی زوڵمە

قەرەیلان وتی: "لەم کاتەدا دوو شت گرنگن؛ بەڕێکخستن بوون و چالاکی. بێدەنگی لەم کاتەدا بێویژدانییە. هەموو کورد، هەموو ئەو کەسانەی لە تورکیان خوازیاری دیموکراسین، دەبێت دەنگیان لەدژی ئەو ناحەقییە بەرز هەڵبڕن. بێدەنگبوون هاوکاریکردنی ئەو زوڵمەیە. هاوکاریکردنی ئەم زوڵمەش تاوانە. بۆیە دەبێت بەرخۆدان هەبێت. دەبێت بە شێوەیەکی جەماوەری بڕژێنە ناو شەقامەکان، پێشەنگایەتی ڕێکخستنی جەماوەری بکرێت. ژن و گەنجانی کورد لەو سەردەمە مێژووییە و گرنگەدا دەبێت ڕۆڵێ پێشەنگ بگێڕن".

وتەکانی بارزانی گرنگن

قەرەیلان وتەکانی مەسعود بارزانی وەبیر هێنایەوە کە لە ناوچەی باڵەکایەتی کردی و وتی: "ئێمە وتەکانی کاک مەسعود بارزانی بە گرنگ دەبینین، وتەکانی جوانن. لە کاتێکی وادا کە دوژمن بەدوای گەمەی سیاسییەوەیە، دەیەوێت لەنێوان هێزە کوردییەکاندا کێشە و قەیران بخوڵقێنێت، وتەکانی بەڕێز کاک مەسعود بارزانی گرنگن. ئێمەش سڵاو لە وتەکانی دەکەین و هاوڕاین. هیوادارین ئەم وتانە تەنیا وەکو قسە نەمێننەوە، پێشگری لەو مەترسیانە بکەن کە هەیە و بەپێی ئەوە هەنگاوی کردەیی بنرێن. لەو چوارچێوەیەدا بانگەوازی ئێمە و بانگەوازی کاک مەسعود ئەو گرژییانەی کەم کردەوە کە هەبوون، دەبێت هەنگاوی پراکتیکیش بنرێن بۆ جێبەجێکردنی ئەو قسانەی کە دەکرێن. ئێستا هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە، بەڵام ئێمە بە هیواین".

ک-ش