لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک: داوا دەکەین باڵیۆزی تورکیا بدرێتە دادگا

وتەکانی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، کاردانەوی  لایەنە سیاسییەکانی کەرکوکی لێکەوتەوە و نیگەرانن لە بێ هەڵوێستیی حکومەتی عێراق وهەرێمی کوردستان و ئیدارەی شارەکە. ڕاشیدەگەیەنن ئەو جۆرە لێدوانانە خزمەت بە یەکڕیزی و پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان ناکات.

سەبارەت بە وتەکانی فاتح یەڵدز باڵیۆزی گشتیی تورکیا لە عێراق، ڕایگەیاندبوو: "کەرکووک خاکی باب و باپیرانێتی"  لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان و ئاماژەیان بەوەکرد، ئەو لیدوانەی باڵیۆزی تورکیا مەترسیدارە و دەبیت هەرچی زووە لیكۆڵێنەوە لەو باڵیۆزە بکرێت.

"وتەکەى باڵیۆزى تورکیا نیازیان بۆ داگیرکردنى کەرکوک دەخاتەڕوو"

لەو بەریەوە زامۆ کەرکووکی ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری بەرەی دێموکرسی گەل ڕایگەیاند: "وتەکانی باڵیۆزی تورکیا مانای ئەوە دەگەیەنێ کە ئێمە نیازمان هەیە کەرکوک داگیر بکەین ئەو نیازە پیسەی تورکیا روون و ئاشکرایە. هەروەها سەردانی حەشدی تورکمانی کردووە بۆ پاڵپشتی کردنیان بۆ بێکاریگەرکردنی کورد لە کەرکوک. ئەو قسەیەشی، کە کردوویەتی و وتویەتى 'کەرکوک شاری باو باپیرانمانە' کێشە لە نێوان نەتەوەکانی کەرکوک دروست دەکات".

"بێدەنگیى لایەنەکان بووە هۆى ئەوە باڵیۆزى تورکیا ئەو قسانە بکات"

هەروەها محەمەد گۆلدەری بەرپرسی بزووتنەوی گۆڕان لە کەرکووک وتی: "پێیوایە لێدوانەکانی فاتح یەڵدز لێدوانی مەترسیدارن. پێشیوایە تورکیا دەیەوێت مێژووی داگیرکاری بۆ شاری کەرکوک بگۆڕێت بۆ موڵكداری.

هەروەها ئەو بەرپرسی بزووتنەوەی گۆڕان وتیشی: "پێموایە ئەو جورئەتەی فاتح یەڵدز قسەی پێدەکات لە بێدەنگیی ئەو حیزب و لایەنە سیاسییانەوە بۆی دروستبووە، کە بێ جورئەتن لە وەڵام دانەوە، بێ جورئەتن لە رێگریکردن لە پەلکێشکردنی سوپای تورکیا بۆ باشووری کوردستان، ئەگەر تورکیا ئەمڕۆ بۆ کەرکوک وا بڵێت سبەی بۆ موسڵ وبەغدادیش وا دەڵێت".

"وتەکانى باڵیۆزى تورکیا لە دژى یاساکانە و دەبێت دادگایى بکرێت"

رەوەند مەلا مەحمود جێگری یەكەمی لێپراسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: "دەوڵەتی تورکیا لە هیچ شوێنێک باوەڕی بە پێکەوە ژیان نییە. ئەبینین لە تورکیا لاس و چەرکەس و کورد و عەرب و... هتد دەژین بەڵام ئەوان دان بە کەسیانیاندا نانێن. هەروەها دەبینین تووشی چ قەیرانێکی دارای و ئیداری بوونەتەوە، بۆیە دەیانەوێت کێشەکانی خۆیان بە ووڵاتانی تر بفرۆشن. ئەو قسانەی کردوویەتی لە دەرەوەی دەستوور عورف و عادەتە و پێوست بوو عێراق بیداتە دادگا".

"دەبێت حکومەتى عێراق هەڵوێستى جدیی هەبێت"

هەر لەوبارەیەوە حسین کەرکوکی  بەرپرسی دەستەی دبلۆماسی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستانیش قسەی کرد. ئەو بەرپرسەی تەڤەگەری ئازادی پێیوایە باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد و قونسولی تورکیا لە هەولێر کاری سیخوڕی دەکەن و نەک کاری دیبلۆماسی.

هەروها وتیشی: "لە عورف و عادەتی دیبلۆماسیدا پێویستە رێز لە یاساو ڕێساکانی ئەو دەوڵەتە بگیرێت، بەڵام دەوڵەتی تورکیا رێز لە یاسا و رێسای عێراق ناگرێت".

 ئەو بەرپرسەی تەڤگەری ئازادی داواش دەکات حکومەتی عێراق بێتە سەر خەت و بە جدی لە سەر ئەو پێشەڵکارییانەی تورکیا بێتە دەنگ.

ر.م