لە ئەریڤانی ئەرمینیا رێپێوان لە دژی پیلانگێڕی بەڕێوەچوو

لە شاری ئەریڤانی پایتەختى ئەرمینیا رێپێوانێک بۆ ئیدانەکردنى پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى ١٥ی شوبات رێکخرا.

کوردستانیان و دۆستەکانیان بە پێشەنگایەتیى کۆمیتەى کوردستان و یەکێتیى ژنانى ئازاد لە بەردەم بینای ئۆپێرا لە ئەریڤان کۆبوونەوە و رێپێوانیان ئەنجامدا.

چالاکوانان لە رێپێوانەکەدا پۆستەرەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان بەرزکردەوە و دروشمەکانى "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بێ سەرۆک ژیان نابێت"، "بژی بەرخودانى رۆژئا"، "بژی بەرخودانى شەنگال"، "ئەردۆغان فاشیست، تورکیا فاشیست" وترانەوە.

کنیاس حەسەنۆڤ هاوسەرۆکایەتیى یەکێتیى کوردستان لە ئەرمینیا و پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانى ئەرمینیا لە گۆڕەپەیانى میتینگەکە وتەیەکى پێشکەشکرد و پیلانگێڕییەکەى ئیدانەکرد.

حەسەنۆڤ سەرنجی خستەسەر بێدەنگیی رێکخراوەکانى نێونەتەوەییەکانی مافەکانى مرۆڤ لە بەرامبەر گۆشەگیری و وتی "رێبەر ئاپۆ ماوەى ٢١ ساڵە بە ئیرادە و ورەیەکى بێ هاوتا لە ناو هەلومەرجی قورسی زینداندا لە بەرخوداندایە و ئامانجی پیلانگێڕییەکەى پوچ کردووەتەوە. ئەوەى دەکەوێتە سەر شانی ئێمە ئەوەیە، بە بەرخودانێکى لەو شێوەیە پیلانگێڕییەکە بە تەواوی تێکبشکێنین. بۆ ئەوەش ئێمە تێکۆشانی خۆمان لە هەموو گۆڕەپان و ئاستەکاندا گەش دەکەین".

ئیلا تۆڤماسیان هاوسەرۆکى کۆمیتەى کوردستان، ژێنیکا قادر ئەندامی کۆمیتەى کوردستان، شێخ تاهیر برۆیان ئەندامی کۆمیتەى کوردستان، خەلیل خەمگین ئەندامی کۆمیتەى کوردستان وتەیان پێشکەشکرد و لە وتەکانیاندا داواى ئازادییان بۆ ئۆجالان کرد. میتینگەکە بە شێعرەکانى زیلان رەشۆیان کۆتایی پێهات.

ژ.ت