لە مەراسیمێکى گەورەی جەماوەریدا تەرمی زەبیحییەکان لە بانە بەخاکسپێردران

قائیمقامی شاری بانە هەواڵى دەستگیرکردنى بکوژی زەبیحییەکانى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بکوژەکە دانى بە تاوانەکەیدا ناوە. هاوکات تەرمی زەبیحییەکان بە بەشداریى جەماوەری خەڵکى بانە لە گۆڕستانى سڵێمان بەگی ئەو شارەدا بە خاکسپێردران.

محەمەد فەلاحی قائیقماقی بانە بانگەشەی ئەوەى کردووە، بکوژی رەحیم و کەیوان زەبیحی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى رژێمى ئێرانەوە دەستگیرکراوە و دانى بە تاوانەکەیدا ناوە. بە وتەی قائیمقامی بانە، هۆکاری کوشتنی رەحیم و کەیوان زەبیحی بۆ کێشەى دارایى لە نێوان بکوژەکە و ئەو ٢ برایەدا دەگەڕێتەوە.

سەرباری ئەوەى قائیمقامى بانە ناوی بکوژەکە و وردەکاریی چۆنیەتیى کوشتنى ئەو ٢ برایە لەلایەن بکوژەکەوە نەخستووەتەڕوو، بەڵام بەشێک لە میدیاکانى ئێران لە زاری رەسوڵ کەرمی بەرپرسی پۆلیسی بانە بڵاویانکردووەتەوە، کە بکوژەکە ناوی ئەکبەر عەباسی و خەڵکى شاری مەراغەی سەر بە پارێزگاى تەورێزە.

بە وتەى بەرپرسى پۆلیسی بانە، بکوژەکە بە سپرای ئەو دوو برایە بوراندووەتەوە و دواتر بردونى بۆ  دەرەوەى بانە و ئاگری لە ئۆتۆمبێلەکەیان و خۆیان بەرداوە، بەڵام عەلی ئازادی فەرماندەى پۆلیس لە پارێزگاى سنە رایگەیاندووە، بکوژەکە ئەو ٢ برایە بانگهێشتى کافتریایەک کردووە و دەرمانى خەوی کردووەتە ناو چاییەکەیان و دواى کاتژمێرێک لە پیاسەکردن ئەو ٢ برایە بە ئۆتۆمبێلەکەیى خۆیان بردووەتە دەرەوەى شاری بانە و ئۆتۆمبێلەکەى و خۆیانى ئاگر تێبەرداوە و کوشتونی.

رۆژی هەینى ٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ / ١٦ی سەرماوەز لە توڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنە و ڤیدیۆی تەرمی سوتاوی ئەو ٢ برایە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا لە ٥ کیلۆمەتری رێگای بانە – ئارمەردە و لە نزیک گوندی نێزەڕۆی بانە بڵاوکرایەوە.

بەپێى وێنەکان و بەشێک لە سەرچاوەکانى هەواڵ لە رۆژهەڵاتى کوردستانەوە، زەبیحییەکان بە دەست بەستراوی و لەسەر کورسیى دواوەى ئۆتۆمبێلەکەیاندا ئاگریان تێبەردراوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هۆکاری کوژرانى زەبیحییەکان لە چوارچێوەى پلانەکانى سوپاى پاسداران و ئیتڵاعاتى ئێران دا لێکدراوەتەوە و باس لەوە دەکرێت ئەو کارە لە چوارچێوەى هەوڵەکانى ئەو دوو دەزگا ئەمنى و سەربازییەدایە بۆ سڕینەوە و پاکتاوکردنى هەڵسوڕاوانى رۆشنبیری و هونەری و مەدەنی و ژینگەپارێزی لە رۆژهەڵاتى کوردستاندا.

لە دواى ئەو رووداوە و کاردانەکانى ئەمڕۆ هاووڵاتییانى بانە لە مەراسیمێکى جەماوەریى گەورەدا تەرمی هونەرمەند و سینەماکاری کورد رەحیم زەبیحی و کەیوان زەبیحی-یان لە گۆڕستانى سڵێمان بەگی بانە و لە بەشی هونەرمەنداندا بە خاکسپارد.

 

لەکاتى بەخاکسپاردنى تەرمی رەحیم و کەیوان دا هێزێکى زۆری ئەمنى لە بانە و سەر رێگا و دەورووبەرى گۆڕستانەکەدا بڵاوەیان پێکرابوو.

سینەماکار و دەرهێنەری گەنجی رۆژهەلاتى کوردستان رەحیم زەبیحی لە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی / ١٩٧١ی زایینى لە بنەماڵەکەى کەمدەرامەت لە شاری بانە لە دایکبووە.

ئەو سینەماکارە زیاتر لە ٢٠ کورتە فیلم و فیلمی درێژى بەرهەمهێنابوو و بەشداریى لە زیاتر لە ٥٠ فێستیڤاڵی هونەری و سینەمایدا لە ئێران و جیهاندا کردبوو و چەندین رێزلێنان و خەڵاتى پێبەخشرابوو.

زەبیحی زۆرجار رایگەیاندبوو، خەمی مرۆیى ئەوی کردووە بە سینەماکار. زەبیحی لە زۆربەى فیلمەکانیدا نەهامەتیى ژیانى هاووڵاتییانى کورد و جیاکاریکردن بەرامبەریان و چەوساندنەوەى نەتەوەیى میللەتى کوردی خستووەتەڕوو.

بەشێک لە له‌ گرینگترین به‌رهه‌مه‌كانی زه‌بیحی بریتین لە؛ کورتە فیلمەکانی «هاوار»، «سەتەلایت»، «کۆتایی شەڕ»، «ئەو پیاوەی کە چوو بۆ سەیران»، «ساتە مەزادکراوەکان»، «تیرۆریستێک دادەبەزێ»، «ڕۆژی دوایی»، «ئیسترێس»، «سەمای ڕەنگەکان»، «ژانی دابڕانی ئەبەدی»، فیلمی «وه‌ڵاتی ئەفسانە».

ر.م