نامەیەکی دەستنووسی ئۆجالان بڵاوکرایەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە ٢٠هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیى نێونەتەوەیدا نامەیەکى دەستنووسی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی بڵاوکردەوە، کە رێبەر ئاپۆ بۆ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و مامۆستا رەسوڵ هاواری نووسیوە.

ئەژماری "نوسینگەی تایبەتی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد" بە بۆنەى ٢٠هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیى نێونەتەوەیى لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد چەند پەیام و پۆستێکى بڵاوکردووەتەوە، کە یەکێکیان نامەیەکى دەستنووسی ئۆجالانە بۆ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و مامۆستا هاوارە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داواى ئازادیى بۆ "سەرۆک ئاپۆ" کردووە و وێنەیەکى مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و رێبەر ئاپۆی بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیویەتى "بەداخەوە ئەمرۆ بیست ساڵ تێپەری کرد بەسەر دەستگیرکردنی بەرێز ئۆجەلان ...بیرمەندوو تێکۆشەری گەلی کورد مامۆستا برایم ئەحمەد و بەرێز ئۆجەلان. ئازادی بۆ بەڕێز ئۆجەلان هەڤاڵ و هاوڕێی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال تاڵەبانی".

هەروەها لە پۆستێکدا بە ناوی "یادگارییەک" نامەیەکى دەستنووسی رێبەر ئۆجالان بۆ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و مامۆستا رەسوڵ هاواری بڵاوکردووەتەوە، کە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٥ / ١٨ی سەرماوەز و نووسراوە "لە ئەرشیفی خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەدەوە" و تیایدا هاتووە "ئه‌م نوسینه‌ له‌ سه‌ر به‌رگی ئه‌لبومێك نوسرا بوو كه‌ سه‌رۆك ئاپۆ پێشكه‌شی باوكم و كاك حه‌مه‌ ره‌سوڵ هاواری كردبوو.. له‌ ناخی دڵمه‌وه‌ هیوای ئازادی و سه‌ربه‌ستی و ته‌مه‌ندرێژی و له‌شساغی بۆ سه‌رۆك ئاپۆ ئه‌خوازم".

دەقی نامە دەستنووسەکە

"بۆ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و هاوار (محەمەد رەسوڵ)، من زۆر دڵخۆشبووم. ئەو دیدار و دانیشتنانەى ئەنجامماندان، مێژوویى بوون. هەنگاوێکى گەورە بوو. دامەزراندنى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان بۆ میلـلەتى کورد سەرکەوتن بوو. من هەموو کات سەلامەتى و سەرکەوتن بۆ ژیانیان دەخوازم و سڵاوم هەیە.

٩/١٢/١٩٩٥

عەبدوڵا ئۆجالان".

 

پەیوەندییەکى پتەو لە نێوان عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و هەر یەک لە مۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و مامۆستا رەسوڵ هاوار دا هەبووە. چەندین سەردان و دیداریان ئەنجامداوە. لەسەر چەندین بابەتى سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابووری و چارەنووسی میلـلەتى کورد گفتوگۆیان کردووە. یەکێک لە بەناوبانگترین گفتوگۆکانیان زنجیرە گفتوگۆیەک بوو لەبارەى شۆڕشی باشووری کوردستانەوە بە ناوی "دادگای مێژوو" کە لە هاوینى ساڵی ١٩٩٦ ئەنجامدرابوون. لە ساڵی ١٩٩٧ بە چەند زنجیرەیەک لە رۆژنامەى سەرخۆبوون دا بڵاوکرایەوە و دواتر وەرگێڕدرایە سەر زمانى کوردی و بەشێوەی کتێبیش بڵاوکرایەوە.

لێنکی کتێبى دادگای مێژوو

 https://www.emrro.com/pdf/dadgaymeju.pdf

 ر.م