هاوسەرۆکی شارەوانی مەخموور: ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی بریندارن

لەیلا ئارزوو ئیلهان هاوسەرۆکی شارەوانی مەخموور بۆ ستێرک تیڤی: بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کامپی مەخموور برینداربوون و دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان خێرا بێتە سەر خەت.

لەیلا ئارزوو ئیلهان هاوسەرۆکی شارەوانی کامپی شەهید ڕوستەم جودی مەخموور لە لێدوانێکیدا بۆ ستێرک تیڤی ڕایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی ٦ بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کامپەکە برینداربوون".

لەیلا ئارزوو ئیلهان بانگەوازی لە نەتەوەیەکگرتووەکان و حکومەتی فدرالی ئێراق کرد: "بە زوویی بەهانای خەڵکی پەنابەری مەخموورەوە بچن و سنورێک بۆ بۆردومانەکانی ڕژێمی تورکیا و کوشتنی مەدەنیەکانی کامپەکە دابنێن، ئەگینا ئەوانیش بەشدار و هاوبەشی تاوانەکانی ڕژێمی تورکیان، چونکە کامپەکە و نیشتەجێبووەکانی بە پێی یاسای نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی ئێراق لێی بەرپرسیارن". 

لەیلا ئارزوو ئیلهان هاوسەرۆکی شارەوانی مەخموور بانگەوازی لە خەڵکی کوردستان کرد، لە سەر بۆردومانەکان و بە ئامانج گرتنی مەدەنیەکان بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت.
 

هـ.هـ