هاوڵاتی تورگوت کە لە هەلیکوپتەر خرایە خوارەوە، گیانی لەدەستدا

لە بەرواری ١١ی ئەیلولدا دوو هاوڵاتی بەناوەکانی سەروەت تورگوت وعوسمان شیبان لە گوندێکی شرنەخ لە لایەن سەربازانی تورکەوە دەستگیر کران و دواتر لە هەلیکوپتەر خرانە خوارەوە. دواجار هاوڵاتی تورگوت بە هۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.

سەربازانی سوپای داگیرکەر تورک لە ناوچەی شاخێی شاری وان دەستیان بە ئۆپڕاسیۆنێک کردبوو و ١١ی ئەیلول لە ناوچەی ئەلکی شاری شرنەخ لە گوندی چغلیجای دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی عوسمان شیبان و سەروەت تورگوتیان دەستگیر کردبوو.

دوای ٢ رۆژ لە دەستگیرکردنیان هەردوو هاوڵاتیەکە لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشانەی فێرکاریی شاری وان بینرانەوە.

ئاشکرا بوو کە ئەو دوو هاوڵاتیە لە هەلیکۆپتەر خراونەتە خوارەوە. سەروەت تورگوت کە باوکی ٧ منداڵ بوو، دوای ٢٠ رۆژ لە ژێر وردی پزیشکیدا، ئەمڕۆ رۆژی چوارشەممە گیانی لەدەستدا.

ز.ش