گرنگیی خۆڕاگریی و یەکێتی گەلی کورد! - شیکاری -

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە لایەن ئەمریکاو ڕوسیاوە پشتیوانی لێ دەکرێن، هەروها بەڕێوەبەرانی ئێران، عێراق و سوریا بە شێوەیەکی شاراوەو ئاشکرا پشتیوانیان لێ دەکەن. لەوە خراپتر هەندیک لە حزبە کوردییەکان لە هێرشە قڕکەکری و کۆمەڵکوژییەکاندا بەکار دەهێنرێن.

شیکارییەکی گرنگ لەسەر بوونی پلانێکی نوێی هاوبەش لە نێوان تورکیاو ئێران و سوریاو عێراق بە ناوی 'سیاسەتی قرکردنی کورد' لە هەر چوار پارچەی کوردستان کە بە پلەی یەکەم ئەمریکاو روسیا پشگیریی لێ دەکەن و هەندێک لە حزبە کوردییەکانیش بۆ ئەم مەبەستە بەکار دەهێنرێن.

گەلی کورد دەتوانێت لە دژی هێرشە قڕکەرییەکان کە پێشوەختە پلانیان بۆ داڕێژراوە، هەستێتە سەر پێ و لەسەر ئەم بنچێنەیە تێکۆشانی ئازادی و هەبوونی خۆی بەفراوان بکات. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە سەرەتا ئەو راستییە ببینرێت، دواتر خۆڕاگری و یەکێتیەکی دیمۆکراتیکی ناوخۆیی، بنیاد بنرێت.

دەوترێت لە مانگی ئاب و مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ لە چوارچێوەی چاوپێکەوتنەکانی نێوانی تورکیا و ئێران دا، هەر یەک لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا کۆبونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجام داوەو بڕیاریان لەسەر پەیرەوکردنی پلانێک بە ناوی 'سیاسەتی قرکردنی کورد' لە هەر چوار پارچەی کوردستان داوە و ئەمریکاو روسیاش ئەم پلانەیان پەسەند کردووە. بۆیە هێرشەکانی ئەم دوو ساڵەی دوایی کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە دژی گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادی ئەنجام دەدرێن، لە چوارچێوەی ئەم پلانەدان.

بە پێی ئەم سیاسەتە هاوبەشە کە 'بەرنامەیەکی نوێی قڕکردنی کوردە' بە رێگای هێرشی تایبەت و دڕندانە، هەوڵ دەدرێت بەڕێوەبەرانی کورد رەشەکوژ بکرێن و پەکەکەش لە ناو ببرێت و بە پشتیوانی هێرشە داگیرکەرییەکان، بە دەستی دەوڵەتی تورک، کۆتایی بە شۆڕشی ئازادیی رۆژئاواو بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی باکورو رۆژهەڵاتی سوریاش بهێنرێت، هەروەها لە عێراقیش گۆڕانکاری لە دەستور دا ئەنجام بدرێت و کۆتایی بە سیستمی 'فیدڕاڵی کوردستان' لە باشوری کوردستان بهێنرێت، بەم شێوەیە دەستکەوتەکانی گەلی کورد کە لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا بە تێکۆشان بەدەست هاتوون، کۆتاییان پێ بهێنرێت و پلانی قڕکردنی گەلی کورد بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت.

لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٧وە، کاتی مسۆگەربوونی تێکچوونی چەتەکانی داعشی فاشیست لە پایتەختەکەیان شاری رەقاو تا ئێستاشی لە گەڵدابێت، ئەو رووداوانەی لە کوردستان روو دەدەن، بوونی هێرشە پلان بۆداڕێژراوەکان پشتراست دەکاتەوە. بۆ نمونە؛ سەرەتا سەرکردایەتی پارتی دیمۆکراتی کوردستانیان هاندا بۆ ئەنجامدانی 'ریفراندۆمی سەربەخۆیی'، دواتریش بە شێوەیەکی یەکگرتوو هاوبەش، دژی ئەنجامی ریفراندۆمەکە وەستانەوە و ئەنجامەکانی قبوول نەکرد و بە هێرشێکی سەربازی شاری کەرکوک لە باشوری کوردستان جیا کرایەوە. بەم هەنگاوەش لە باشوری کوردستان کە بەرتەسک و بێکاریگەر کرا، هەم گۆڕانکاری لە دەسەلاتەکەیدا ئەنجامدرا، هەم دەسەڵاتەکە زیاتر گرێدرا بە هێزە بیانییەکانەوە. بەدەر لەوەش ئەو ئۆپڕاسیۆنە پلان بۆداڕیژراوەی نێوان یەنەکەو پەدەکە بارۆدۆخێکی ئالۆزی هێنایە ئاراوەو لە لایەکی تریشەوە یەنەکەو پەدەکەی خستە بارودۆخێکی وەهادا کە زیاتر لە دژی پەکەکە بوەستنەوە.

بۆ نمونە؛ فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە لە دژی بەڕێوەبەرانی پەکەکە کە خستونیەتە لیستی ڕەنگاوڕەنگ، بە هەموو توانا تەکنیکی و هەواڵگرییەکانەوە هێرشی کۆمەڵکوژکردن ئەنجام دەدات. ئەو قۆناغەی کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ بە کۆمەڵکوژییەکەی پاریس دەستیپێکرد، لە باکور، باشور و و ڕۆژئاواش دوو ساڵە بە تووندی بەردەوامە. تورکیا و ئەمریکا بۆ پێدانی زانیاری لەبارەی سەرکردەکانی پەکەکە خەڵاتی پارەیان دیاریی کرد، بەو شێوەیە سیستمێکی وەهای نێچیر بۆ کوشتن داهێنرا.

بێگومان ئەو هێرشانە دژی کورد بە دەستی دەوڵەتی تورک دەکرێ و زیاتریش ئەمریکا و ڕوسیا پشتیوانی هێرشەکان دەکەن. لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەرانی ئێران، عێراق و سوریاش بە شێوەیەکی شاراوە و ئاشکرا پشتوانیان لێ دەکەن. شتی هەرە خراپیش ئەوەیە کە هەندیک حزب و ڕێکخستنی کوردی لە هێرشە قڕکارییەکان و کۆمەڵکوژییەکاندا بەکار دەهێنرێن. ئەو کۆمەڵکوژیی و قڕکردنانەی دەکرێن، لە ناکۆکی نێوان ڕێکخستنەکای کوردەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆ نمونە؛ ڕیفراندۆمی باشوور و لەدەستدانی کەرکوک خرایە ئەستۆی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی. بۆ نمونە هێرشەکانی دژی پەکەکە و ڕۆژئاواش بە سودوەرگرتن لە سیاسەتەکانی پەدەکە و یەنەکە لەدژی کورد کران.

ئاخۆ بوار نییە کە ئەو بەڕێوەچوونە بگۆڕێت و بەکەڵکی کورد بێت؟ بێگومان هەیە، زۆریش هەن. بۆ نمونە؛ ئەو دەوڵەتانەی کە دژی کورد پلانی هاوبەشیان ئامادە کردووە، لە هەمان کاتدا لەناو خۆیاندا ناکۆکیان هەیە. ئەو ناکۆکییە ناوخۆییانەی لە تورکیا و ئاستی دژایەتیکردنی ئاکەپە و مەهەپە لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ٣١ ی ئازار و ٢٣ی حوزرەیران بە شێوەیەکی ئاشکرا دیار بوو. ڕاستییەکەی دەسەڵاتدارییەکی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە ڕووخا. بەڕێوەبەرایەتی ئەسەد-ی سوریا کە بە وشەی "تیرۆریست" لە نەتەوە یەکگرتووەکان گلەیی لە کورد دەکات، دۆخەکەی ئاشکرایە. چالاکییە جەماوەرییەکانی عێراق ئیدارەکەی لە دەسەڵات خستووە. لە ئێران کە لەژێر گەمارۆی ئەمریکا دایە، سەرۆک کۆمار ڕۆحانی خۆی دانی بەوە نا کە لەبەرامبەر چالاکییەکانی گەل بە قورسترین قۆناغی مێژووی ئێراندا تێدەپەڕن.

لە لایەکەی دیکەوە، هەرچەند ڕێککەوتنی قڕکردن چوار لایەن قبولیشیان کردبێت، ئەمریکا و ڕووسیا لەگەل ئەو دەوڵەتانەی باسیان دەکرێت خاوەن پەیوەندییەکی بەهێز و بەرژەوەندی هاوبەشن. خۆی پێویست نییە کە باسی دژایەتی ئەمریکا و بەڕێوەبەرانی ئێران  و سوریا بکرێت. ئەو دەوڵەتانەی نزیکی یەکترن دیارن، خاوەن ناکۆکی گەورەن. تورکیا و ئەمریکا هاوپەیمانی ناتۆ و هاوکاری ستراتیژین، بەڵام هەموو کەس ناکۆکییەکانیان دەبینێت. دوایین جاریش دیداری ئەم دواییانە واشنتۆن لەنێوان ئەردۆغان و ترەمپ دا ئەو دۆخە بە شیوەیەکی ئاشکرا دەرکەوت. لەدژی گوشارەکانی ئەردۆغان کە بانگەشەی "تیرۆریستبوون" بۆ کوردانی ڕۆژئاوا دەکات، ترەمپ بە وتەی "لە تورکیاش کورد هەن و تورک باش سەیریان دەکات" هەم هەڕەشەی کرد، هەم گاڵتەشی پێکرد.

ئاشکرایە، دەکرێت سوود لە ناکۆکییەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان و زلهێزەکانی وەکو ئەمریکا و ڕووسیا وەربگیردرێت، بەو شێوەیە لەدژی هێرشەکانی قڕکردنی کورد تێکۆشان بکرێت و تێکۆشانی ئازادی و هەبوون بەهێز بکرێت. کورد دەتوانێت بەرامبەر هێرشەکانی قڕکردن و پلانکراو بوەستنەوە، لەسەر ئەو بنەمایە تێکۆشانی خۆی بۆ ئازادی و هەبوون بەهێز بکات. بۆ ئەوەش دەبێت سەرەتا ئەو ڕاستیانە ببینن، دواتر بەرخۆدان و یەکێتی دیموکراتیکی ناوخۆیی پێکبهێنن. گرنگی بەرخۆدان و یەکێتی دیموکراتیکی کورد هەم بۆ ئەوان و هەمیش بۆ گەلانی هەرێمەکە و مرۆڤایەتی جارێکی دیکە ئاشکرا بووە.

باشە یەکێتی و بەرخۆدانێکی بەو شێوەیە چۆن بونیاد دەنرێت؟ بۆ ئەوەش پێویست ناکات مرۆڤ لە یۆتۆپیادا بژیت. کاتێک ئەو هەلومەرجە سیاسی و سەربازیانەی کە هەن هەڵبسەنگێندرێن، ئەوکاتە یەکێتی نێوان کورد لەسەر بنەمای گشتی دەتوانێت بنیاد بنرێت. بۆ نمونە؛ لەگەڵ بەبنەماگرتنی یەکپارچەیی گەل و وڵاتی کورد دەبێت مرۆڤ ئەو پارچەبوونەی کە هەیە لە سیاسەتدا بیبینێت. بۆ ئەوەش دەبێت هەر پارچەیەک، ناسنامە و یەکێتی نێوخۆیی خۆی دروست بکات. بەڵام لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە پارچەکان لەدژی یەکتری نەبن، بە پێچەوانەوە، پشتیوانی یەکێتی کوردستان بکەن. بە تایبەتی دەبێت حزبە کوردییەکان لە دەرەوە کار لەدژی یەکتری نەکەن و لە ناوخۆشدا کێشەکانیان بە سیاسەتێکی دیموکراتیک چارەسەر بکەن. یەکێتی گشتی کوردستان بە فەرماندەییەکی هاوبەشی پاراستن، بە کۆمیتەیەکی هاوبەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بە کۆنگرەی نەتەوەیی، هەروەها دەستەی جێبەجێکاری ئەو کۆنگرەیە دەتوانرێت پێک بهێنرێت.

 بۆ بنیادنانی یەکێتی دیمۆکراتیکی کورد، ئەم چوارچێوەیە تێرکەرە و گرنگە هەموو کەسێت ئەمە ببینێت و بە دوای داتاکان نەڕۆن و بەو شێوەیە یەکێتییەکە تەنگەتاو نەکەن. بێگومان یەکێتی و یەکڕیزی خاوەنی گرنگییەکی زۆرە، بەڵام هۆکارێکیش نییە بۆ ئەوەی هەموو شتێک لە خۆیەوە چارەسەر بکات. لەگەڵ بنیادنانی یەکڕیزی و یەکێتی، مەرجیشە تێکۆشانێکی هاوبەش پەیرەو بکرێت. ئەم تێکۆشانە هاوبەشە لە ئێستادا دەتوانرێت بە رێگای "بایکۆتکردنی کاڵای تورکی" پەیرەو بکرێت، کە بارۆدۆخێکی واتادار و لەهەمان کاتدا کاریگەریشە. بۆیە لەم کاتەدا هەم لە چوار پارچەی کوردستان و هەم لە دەرەوەی وڵات، کات کاتی بایکۆتکردنی دەوڵەتی تورکیایە و لە هەر جێگایەک بێت با ببێت، پێویستە هەر کوردێک و دۆستێکی کورد، دەوڵەتی تورک بایکۆت بکات.

سەرچاوە: یەنی ئوزگور پۆلیتیکا

ز.ش