گۆرگو: پێویستە سوید پەکەکە لە 'لیستی تیرۆر' دەربهێنێت

کەمال گۆرگو شانۆگەر و دووەم سەرۆکی کۆنسەی ئاشتی سوید ڕایگەیاند، دەوڵەتی سوید بەهۆی ڕووداوی کوشتنی پاڵمە پێویستە داوای لێبۆردن لە گەلکی کورد بکات و پەکەکش لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت.

١٠ حوزەیران داواکاری گشتی سوید لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند کە ئۆڵف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوید لە لایەن ستیگ ئەنگسترۆنەوە کوژراوە. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕۆشنبیرانی کورد لە سوید دوای ئەو لیدوانە زیاتر دەنگیان بەرخکردەوە و ڕایانگەیاند کە پێویستە سوید لێبۆردن لە کورد بکات و پەکەکەش لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت.

شانۆگەر کەمال گۆرگو کە لە ساڵی ١٩٧٦ەوە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید دەژی لەبارەی پرسەوە قسەی کرد

هیچ پەیوەندیەکتان لەگەڵ ئۆڵف پاڵمە هەبوو و کوشتنەکەی کاریگەریەکی چۆن لەسەر ئێوە دروست کرد؟

چەند جارێک لەگەڵ محەمەد باکسی سەردانی ئەومان کرد. لە ساڵەکانی ١٩٨٠دا لەدژی کودەتاکەی تورکیا ئێمە لە گۆڕەپانی سەرگەلستۆرگ دەستمان بە مانگرتن لە خواردن کرد. ئەو سەردانی کردین و هەوڵیدا لە دۆخەکە تێبگات و پرسیاری دەکرد. پاڵمە لە سوید مافی کوردی دەناسی کە بە زمانی خۆیان بخوێنن. ئەو کاتە باشترین وڵات بوو کە مافی کوردی دەناسی.

کاتێک بیستم پاڵمە کوژراوە سەرم سوڕما. لەبەرئەوەی دەمزانی بۆچوونی لەبارەی کورد چۆنە، ئەو تاوانباریەی کە ئاڕاستەی کورد دەکرا قبوڵ نەدەکرا. هیچ هۆکارێک نەبوو کە کورد پاڵمە بکوژێت. زۆر نیگەران بووم و تۆڕەبووم. کوردان تاوانبارکران و ناحەقیان لە کورد کرد. ژمارەیەک کورد دەستگیرکران، فشارێکی زۆر دروست بوو. کارەساتە گەورەکە بەسەر کوردەوە هات. زۆر کورد لە ترسا کە تاوانبار نەکرێن، کوردبوونی خۆیان دەشاردەوە. ئەوانەی لە کوردبوونی خۆیان هەڵنەدەهاتن، دەیانگۆت، ئێمە پەکەکە نین. بە کوشتنی پاڵمە هەوڵیاندا ناکۆکی لەنێوان کورددا زیاتر بکەن.

ڕووداوی کوشتنی پاڵمە ئەنجامێکی چۆنی بۆ کورد و پەکەکە خوڵقاند؟

دوای ڕووداوەکە لە وڵاتانی تری ئەوروپاش پەکەکە خرایە لیستی تیرۆرەوە. مافی سوید و ئەوروپا نییە کە گەلێک وەک تیرۆریست لەقەڵەم بدات. بەڵام لەبەرئەوەی هیچ میکانیزمێک بۆ پاراستنی کورد نییە، ئەو هەنگاوەیان بە ئاسانی جێبەجێ کرد.

ئاشکراکردنی کوشتنی پاڵمە لە لایەن ستیگ ئەنگەسترۆنەوە بۆ کورد چ واتایەک دەدات؟

پێویست بوو بە شێوەیەکی ئاشکرا سوید ڕایبگەیاندا کە دەستی کورد لە کوشتنی پاڵمەدا نییە. تا ئەو پرسە بە شێوەیەکی فراوان لەناو ڕای گشتی و میدیاکاندا جێی خۆی نەگرێت، کێشەکە چارەسەر نابێت. پێویستە ئێمەی کورد لەدژی سوید سکاڵا تۆمار بکەین. دوای ئەوەی سوید ئێمەی وەک تیرۆرسیت لەقەڵەمدا، زیانێکی گەورە دروست بوو. مافمان پێشێل کراو و سووکایەتی بە گەلی کورد و شەهیدەکانمان کرا.

تا پەکەکە لەناو لیستی تیرۆردابێت ئەردۆغان بە کەیفی خۆی دەتوانێت باشووری کوردستان بۆردومان بکات. بە ئەوروپا دەڵێت، ئێوە پەکەکەتان وەک تیرۆریست ڕاگەیاند و ئێمەش لەدژی تیرۆر شەڕ دەکەین. تاوانبارکردنی پەکەکە وەک تیرۆریست نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ کەسە پێشەکەوتووەکانی تورکیا و شۆڕشگێرەکانی تورکیاش کێشەیەکی گەورەیە. داواکاریە ڕەواکان بە تاوانبارکردن بە تیرۆریزم ڕەتدەکرێنەوە. بۆیە پێویستە بەر لە هەموو شتێک ناوی تیرۆر لەسەر پەکەکە هەڵبگیرێت.

ماوەیەکی زۆرە ئێوە لە کۆنسەی ئاشتی سوید ئەرکدارن. بۆئەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت هیچ هەوڵێکتانداوە؟

ئەوەمان لە کۆنسەی ئاشتی باس کرد. نامەیەک بۆ حکومەتی سوید دەنێردرێت و داوا لە حکومەت دەکەین کە لێبۆردن لە کورد بکات. لە کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریماندا دۆخەکە هەڵدەسەنگێنین.

من لایەنگری ئەوەم کە ڕۆشنبیران لە سوید بۆئەوەی کورد و پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێن، دەست بە هەوڵدان بکەن. بە تایبەتی ڕێکخستنەکانی کورد پێویستە هەمووان کۆببنەوە.

کەسایەتیەکانی ئەوروپا و پارێزەرانی مافەکانی مرۆب و کەسایەتیەکانی دیموکرات و پێشکەوتنخواز پێویستە بۆئەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت، پێکەوە کار بکەن.

ف.ق