گۆڕێکى بە کۆمەڵ لە کەربۆرانی مێردین دۆزرایەوە

لە ئەشکەوتی لادێی گولبیش سەر بە گوندی ئاکیۆڵ لە ناوچەى کەربۆرانی مێردین، ژمارەیەکى زۆر ئێسک و پروسکی مرۆڤ دۆزرایەوە. کەسوکاری بێسەرشوێنکراوان رایانگەیاند، بە لانیکەمەوە کەلـلەسەری ٣٠ مرۆڤیان لەو گۆڕە بە کۆمەڵەکەدا بینیوە.

لە ئەشکەوتی لادێی گولبیش لە گوندی ئاکیۆڵ لە ناوچەى کەربۆرانی مێردین ژمارەیەکى زۆر ئێسک و پروسکی مرۆڤ دۆزرایەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان مەزەندە دەکرێت ئێسک و پروسکەکان هی ئەو کەسانە بن، کە لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا لەلایەن دەزگای هەواڵگریى جەندرمە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر (ژیتەم - JÎTEM) رفێنراون و دواتر  کۆمەڵکوژکراون.

هاووڵاتییەکى دانیشتوی گوندی ئالتنۆکول، کە خۆی یەکێکە لە کەسوکاری ئەو کەسانەى بێسەرشوێنکراون، لەو ناوچەیە ڤیدیۆی گۆڕە بە کۆمەڵەکەى تۆمار کردووە و لە ڤیدیۆکەدا ئێسک و پروسکی مرۆڤ و بەشەکانى ئێسک پروسکی وەک قاچ و ران و کەلـلە سەری مرۆڤ دەبینرێن. ئەو کەسەى ڤیدیۆی گۆڕەکەى تۆمارکردووە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، لە کاتی هەڵکەندنی زەویی ئەو ناوچەیەدا ئێسک و پروسکەکان دۆزراونەتەوە و ئەویش دەستیکردووە بە تۆمارکردنی ڤیدیۆی ئەو شوێنە و ئێسک و پروسکەکان.

ژیتەم لە ساڵانی ١٩٩٠دا لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە دروستکراو و هەزاران هاووڵاتیی کوردی رفاند و دواتر هەموو هاووڵاتییە رفێنراوەکانى کوشت و دوای ماوەیەکیش ئەوە روون بوویەوە، کە تەرمی کەسە رفێنراوەکان لە گۆڕی بە کۆمەڵ دا شاردراونەتەوە. هەر لە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە تاوانەکانى ژیتەم دا، حەوزی تێزاب بۆ کوشتنی هاووڵاتییانى کورد دۆزرانەوە و لە بیرەکانى نزیک حەوزەکانى تێزاب ئێسک و پروسک و کەلـلەسەری چەندین هاووڵاتیی کورد دۆزرانەوە. هەروەها لە چەندین ئەشکەوت و چەندین دۆڵ و گونددا سەدان گۆڕی بە کۆمەڵ لە سەرتاسەری باکووری کوردستاندا دۆزرانەوە. ئەمڕۆش لە لادێی گولبیش لە گوندی ئاکیۆڵ لە ناوچەى کەربۆرانی مێردین ئێسک و پروسکی چەندین کەس دۆزراوەتەوە، کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان چاوەڕێ دەکرێت ئەو ئێسک و پروسکانە پەیوەندییان بەو هاووڵاتییانەوە بێت، کە لەلایەن ژیتمەوە رفێنراون و دواتر کۆمەڵکوژکراون.

'بەلانیکەمەوە کەلـلەسەری ٣٠ مرۆڤم لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا بینی'

لە دواى دۆزینەوە و ئاشکرابوونی شوێنى ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە کەسوکاری بێسەروشوێنکراون چوونە شوێنى گۆڕە بە کۆمەڵەکە و یەکێک لە کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان رایگەیاند، کوڕی یەکێک لەو بێسەروشوێنکراوانەیە، کە ساڵی ١٩٩٣ لەلایەن ژیتەمەوە رفێنراوە و دواتر کوژراوە. راشیگەیاند، وەک کوڕی باوکێک، کە لەلایەن 'بکوژ نادیارەوە' باوکی کوژراوە و وتی، 'ئەو شوێنەى کە من ئێسک و پروسکەکانم تیادا بینی ئەشکەوتی لادێی گولبیش لە گوندی ئاکیۆل، کە لە شوێنی ژیانی منەوە، واتە لە گوندی ئاڵتنۆکول نزیکە. خزمان لە کاتی گەڕان بە دواى شوێنەوار و زێڕدا ئەشکەوتەکەیان هەڵکەندبوو و دواتر ئێسک و پروسکەکانیان  دۆزیبووە و کاتێک من لەو ئێسک و پروسکانە ئاگادار کرامەوە یەکڕاست رۆیشتم بۆ شوێنەکە و دەستمکرد بە تۆمارکردنی ڤیدیۆیی ئێسک و پروسکەکان. بە لانیکەمەوە کەلـلەسەری ٣٠ مرۆڤم ژمارد. بیرم لەوە دەکردەوە، کە دەبێت ئێسک و پروسکەکان هی ئەو کەسانە بن، کە لە ساڵانی ١٩٩٠دا کوژراون، چونکە پێشتریش گۆڕی بە کۆمەڵی تری هاوشێوە لە کەربۆراندا دۆزرابوونەوە".

'لە دواکاری گشتی سکاڵام تۆمار کرد'

کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان دواى ئەوەى ڤیدیۆ و دیمەنی شوێنى گۆڕە کۆمەڵەکەى تۆمار کردووە چووە بۆ داواکاری گشتی و سکاڵای تۆمار کردووە و وتی "دواى ئەوەى دیمەنی ئێسک و پروسکەکانم تۆمارکرد سەردانی داواکای گشتیم کرد و سکاڵام تۆمار کرد. بڕیارە دەستەیەک لە جەندرمە بێن بۆ ئەشکەوتەکە و سەیری ئێسک و پروسکەکان بکەن و لێکۆڵینەوە بکەن. دواى ئەوەى نمونەى ئێسک و پروسکەکان وەرگیران ئەوە روو دەبێتەوە کە ئێسک و پروسکەکان هی کێن و کەی کوژراون".

ژ.ت