گەریلا بۆتان: تا ئێمە لێرە بین ناهێڵێن دوژمن پێشڕەوی بکات

ئاکیف بۆتان گەریلای هەپەگە باسی لە هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر حەفتانین و خۆڕاگری گەریلاکانی کرد و وتی:"تا ئەو کاتەی ئێمە لێرەین دوژمن ناتوانێت هەنگاوێکیش پێشڕەوی بکات، ئێمە واز لە خانتور ناهێنین."

ئاکیف بۆتان گەریلای هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە کە لە خۆڕاگری 'جەنگی حەفتانین'دایە دەڵێت لە ساڵی رابردووە ئەو لە ناوچەی خانتور شان بە شانی هەڤاڵانی لە خۆڕاگریدایە لە دژی هێزەکانی دوژمن.

گەریلا بۆتان لە قسەکانیدا باس لە دەرفەتەکانی ناوچەی خانتور دەکات بۆ هێزی گەریلا و دەلێت:"لە رووی گەریلایەتیەوە ئەم ناوچەیە بە راستی دەرفەت دەدات بە مرۆڤ کە بتوانێت گورزی کوشتندە لە دوژمن بدات. لێرە دەکرێت بە گروپی بچوک بجوڵێیتەوە و خۆت بپارێزی و هێرشیش بکەی."

هێزی داگیرکەرانی تورک لە ١٦ی حوزەیرانەوە هێرش دەکاتە سەر ناوچەی خانتور کە یەکێکە لەو ناوچانەی هێزەکانی گەریلا خۆڕاگریەکی گەوری تێدا بەڕێوە دەبەن.

بۆتان دەڵێت:" سەرەتا کە هێرشیان کردە سەر خانتور، شەوی یەکەم و دووهەم نەیانتوانی هیچ هێزێکی سەربازی لێرە جێگیر بکەن. ئەوانیش بڕوایان نەدەکرد روبەرووی خۆڕاگریەکی بەم چەشنە دەبنەوە."

بۆتان هەروەها باسی لەوەش کرد، کاتێک دوژمن سەربازەکانی جێگیر کرد، شەڕ و پێکدادان دروست بوو و لێرە ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژرا و وتی:"ئەو بەیانیەی دوژمن سەربازەکانی جێگیر کرد، ئێمەش بە گروپی بچوک خۆمان خزاندە ناو هێزەکانیان و لێماندان. ئەوان پێیان وابوو کە ئێمە خۆمان کشاندووەتەوە. هەوڵەکانیان پوچەڵ بوونەوە. پشتیان بە تەکنیکەوە بەستبووەوە، بەڵام تێک چوون."

گەریلای هەپەگە بۆتان ئاکیف هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی هێزی گەریلا ئەو کاتە زۆر بە مۆڕالە کە دەجەنگێت و وتی:"لە ناوچەی خانتور هێزی گەریلا سەروەرە، بۆیە دوژمن گورز لە دوای گورزی بەر دەکەوێت."

بۆتان وتی، تا دواجاریش مۆڕاڵمان هەر وا دەبێت و بەم شێوەیە دوا:" ئێمە دەجەنگین و مۆڕاڵیشمان قەت تێک ناچێت. لە راستیدا گەریلا ئەو کاتە بەرزترین مۆڕاڵی هەیە کە شەڕ دەکات. ئیرادەیەکی گەورە لە ئارادایە، هیوایەکی گەورەمان لە دڵدایە. دوژمن هەستی بەوە کردبوو کە خۆڕاگری دەکەین، بەڵام نەک هێندەی لە بەرامبەر تەکنیکەکانیان بوەستینەوە و خۆڕاگر بین و بۆ دواوە هەنگاو نەنێین. بە دەیان هێریشی ئاسمانی ئەنجام دران، لەوانەیە بە سەدان هێرشی تۆپخانە و هاوەن کرانە سەر خانتور، بە بەردەوامی فڕۆکەی کەشف دەگەڕا، بەڵام گەریلا بەردەوام لە خۆڕاگریدابوو. دوژمن بە سەربازەکانی دەوت: 'بەردەمتان پاک کرایەوە، بڕۆن و شەڕ بکەن'. بەڵام سەربازی دوژمن کاتێک دەردەچوو بۆ شەڕ، گورزی کوشتندەی بەردەکەوت. خۆڕاگریەکی مێژوویی بوو."

بۆتان رایگەیاند، دەوڵەتی تورک جاش و کۆنترا لە بەرەی پێشەوە جوڵەی پێدەکات و وتی:"سەرباز هیچ کات بە تەنها هێرشی ئەنجام نەداوە. هەمیشە یان جاش و یان کۆنتراکان لە پێشیانەوە بوون. هیچ کات هێندە ترسنووک نەبوون. بە تایبەت لە گردی شەهید بەخۆردان، کاتێک یەکەمین گورزمان لە سەربازەکانیاندا، هەندێکیان گریان. ئێمە ئەمەمام بە چاوی خۆمان بینی. تا ئێستاش سەربازەکان ناتوانن پێشڕەوی بکەن. لەو شوێنانەی گورزیان بەردەکەوێت دەکشێنەوە. ئێستا هێزەکانی گەریلا لە ناوچەکە بڵاو بوونەتەوە. خانتور ناوچەیەکی بەرفراوانە، بەرزە، هەموو تاشە بەرد و دار و درەختە. دوژمنیش لە ناوچەکەیە و ئێمەش. تا ئەو کاتەی ئێمە هەبین، دوژمن ناتوانێت پێشڕەوی بکات، چونکە ئێمە واز لە خانتور ناهێنین. پێدەچێت ئەم قۆناغە ماوەیەکی درێژ بخایەنێت، بەڵام ئەوەی سەردەکەوێت، ئەوە ئێمەین. چونکە ئێرە شوێنی گەریلایە."

ئاکیف بۆتان راشیگەیاند، ژنە گەریلاکانیش لەم خۆڕاگریەدا رۆڵێکی گەورەیان بینین و وتی:"وەک ئاشکرایە لە دوژمن ناترسن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوژمن بە پلەی یەکەم هێرش دەکاتە سەر هەڤاڵانی ژن. دوژمن زۆر لە ژنان دەترسێت."

ز.ش