یەپەگە: بەرامبەر بە داگیرکردنى عەفرین بێدەنگ نابین!

یەپەگە بە بۆنەى یەکەمین ساڵیادى هێرش و داگیرکەریى دەوڵەتى تورک بۆ سەر عەفرین رایگەیاند "ئێمە بێدەنگ نابین و تێکۆشان و بەرخودانمان بە هەموو شێوەیەک درێژە پێدەدەین".

فەرماندەیى گشتیى یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "تێکۆشان و بەرخودانى گەورەى گەلانى رۆژئاواى کوردستان و باکووری سوریا لەسەر بنەماى ئازادی و یەکگرتنێکى بێ هاوتادا بونیاتنراوە. تێکۆشانمان لە رۆژئاواى کوردستان، کە لە دژی داعش دەستمان پێکرد، لە دژی هەموو جۆرە هەوڵێکى داگیرکەری بەرفراوان و گەشترمان کردووە و بووەتە پرۆسەی شۆڕشێکى گەورەبوو و ریشەى خۆی داکوتاوە".

لە راگەیاندراوەکەى یەپەگەدا هاتووە:

"سڕینەوەى ئیتنی و دەستبەسەرداگرتن و هەموو جۆرەکانى پێشێلکاری..."

لە راگەیاندراوەکەى یەپەگەدا ئەوەش هاتووە "دەوڵەتى تورک هەموو وزە و تواناى خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەى هێرشە داگیرکەرییەکانى رەوا نیشان بدات، بۆ ئەوەى پێشکەوتنى هێزەکانمان لە رۆژئاواى کوردستان راوەستێنێت و رێگری لە گەشەسەندنى دیموکراسیى گەلانمان بکات، کە لەسەر بنەمای ژیانێکى هاوبەش بونیاتنراوە، دیسانەوە پلانى تری بۆ داگیرکەرى ئامادە کردووە.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر رۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / ٣٠ی بەفرانبار بە هاوکاریى ئەو هێزانەى کە چاویان لەو داگیرکەرییە نوقاند، هێرشە داگیرکەرییەکەى دەستپێکرد. یەکینەکانمان لە یەپەگە و یەپەژە و گەلی کوردستان هەڵوێستێکى ئەوەندە بەهێزیان خستەڕوو، کە رێگایان بەو داگیرکەرییە نەدا. لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، کە هێزێکى زەمینى بێ ئەژمار، بە هەموو جۆرە چەکێکى قورس و هێرشی قورسی ئاسمانی و پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیاى هێرشی ئەنجام دەدا، سەدان شەڕڤانمان بە هەڵوێستی فیداییانەیان، گەلەکەمان لە ٧ ساڵەوە بۆ ٧٠ ساڵی بەشدارییان لەو بەرخودانەدا کرد.

١٨ی ئاداری ٢٠١٨ / ٢٧ی رەشەممە و دواى هەنگاوی کشانەوەمان بە بەمەستى پێشگرتن لە کۆمەڵکوژکردنى هاووڵاتییان، دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە عەفرین و ناوچەکانیدا یەکە سەربازییە داگیرکەرەکانى جێگیر کرد. ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو یەکە داگیرکەرانە، چەندین گروپى تیرۆریستى و چەتەش لە عەفریندان. ئەوانە لە جوگرافیا و خاکی عەفرین دا پرۆسەى سڕینەوەى ئیتنیى جێەبەجێ دەکەن و بە شێوەیەکى بەرنامە بۆ دانراو و سیستماتیک دەست بەسەر دەوڵەمەندیى ئەو شارەیاندا گرتووە و ئەوە بووەتە کار و پیشەی فاشیستەکانى دەوڵەتى تورک لە عەفرین".

ئێمە لە هەموو کات زیاتر خۆڕاگری و داکۆکی دەکەین

یەپەگە لە راگەیاندراوکەیدا ئەوەشی خستوەتەڕوو "ئێمە یەکینەکانى یەپەگە و یەپەژە لە بەرامبەر ئەو داگیرکەری و فاشیزمە و هیچ هێزێکی تردا بێدەنگ نابین. لە دژی ئەو داگیرکەرییەى سەر عەفرین و بۆ ئازادکردنى گەلەکەمان و جوگرافیاکەمان رایدەگەیەنین، ئێمە بە هەموو بە شێوازەکانى بەرخودان تێدەکۆشین. لە دژی دەوڵەتى تورک، کە ئەمڕۆ لە دژی رۆژئاواى کوردستان و باکووری سوریا زمانى داگیرکەری بەکار دەهێنێت رایدەگەیەنین، بەها و نرخە دیموکراتیکەکان، کە گەلان ئافراندوویانە و رەواترین هەڵوێستمان بۆ بەرخودان لە هەموو کات زیاتر دەخەینەڕوو و داکۆکی لەو بەها و نرخانە دەکەین".

ر.م