تورکیا ئامێدیی کردووەتە ناوەندی هەواڵگری بۆ میت

رۆژنامەى ژیان بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) پێنج بارەگای لە قەزای ئامێدی کردووەتەوە و چەندین جۆر چەکی قورسیشی بردووەتە ئەو قەزایە.

ڕۆژنامەی ژیان لە ژمارە -٦٣ی رۆژی یەکشەممە ١٤ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨دا بڵاویکردووەتەوە، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هێرشە داگیرکارییەکانی بۆسەر باشووری کوردستان فراون دەکات و ئەو پارچەی کوردستانی کردووەتە ناوندی دەزگا سیخوڕییەکانی.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) پێنج بارەگای لە قەزای ئامێدیی سەر بە پارێزگای دهۆک لە باشووری کوردستان کردووەتەوە و هەموو جۆرەکانی چەکی قورسی بردووەتە ئە قەزایە و فڕۆکەخانەی ئامێدیشی تایبەت کردووە بۆ فڕینی فڕۆکەکانی بۆ لێدانی بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناو خاکی باشوزری کوردستان دا.

'بارەگای سەرەکیی ( میت) لە سەنتەری قەزای ئامیدیە'

لەو راپۆرتەدا باسی ئەوەشکراوە، دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بارەگایەکی سەرەکیی لە سەنتەری قەزای ئامێدی کردووەتەوە. هەروەها بارەگایەکی تری لە (سیری) لە ناحیەی شیلادزی کردووەتەوە لەگەڵ بارەگایەکی تر لە گرێ باردۆخ و بارەگایەکی تریش لە کانی ماسی.

هاوکات لەگەڵ کردنەوەى ئەو بنکە سیخوڕییانەدا "فرۆکەخانەی بامەڕنی لە ئێستادا کراوەتە بارەگای دەزگای هەواڵگریی تورکیا و هەموو جۆرە چەکێکی قورسیی وەک تۆپ، مووشەک، زرێپۆش و کۆپتەر تیادایە و فڕۆکەی جەنگیی تورکیا  لە فڕۆکەخانەی بامەڕنیی دەفڕن بۆ  بۆردوومانی خاکی باشووری کوردستان.

 هاوار ئامێدی بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی و جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکیتیی نێشتمانیی کوردستان هەبوونی ئەو ناوەندانەی دەزگای هەوڵگری تورکیا (میت)ی بۆ رۆژنامەکە پشتڕاست کردووەتەوە و وتویەتی: بوونی ئەو بارەگایانە وایکردووە هیچ سیمایەکی گەشتیاری بە ئامێدییەوە نەمێنێت و خەڵک بۆ گەشتیاری سەردانی ئەو قەزایە ناکەن.

'خەڵکی ناوچەکە  نا ڕازین'

هاوار ئامێدی ئاماژەی بەوەش کردووە: "زۆربوونی بارەگای تورکیا لە قەزای ئامێدی ترسی لای خەڵک دروستکردووە و چەندینجار خۆپێشاندان کراوە و داواکاری پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە، بەڵام هیچ چارەسەرییەک بۆ ئەو کێشەیە نەکراوە.

 

ر.م