جەمیل بایک: ئەردۆغان هەر کات بەرەو تێکشکان دەڕوات دەست بە درۆکردن دەکات

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە وەڵامى ئەو ئیدعایەى ئەردۆغانى دایەوە کە وتبوی "کادێرە سەرکردەکانى پەکەکەمان لە قەندیل بۆردومان کردووە" و رایگەیاند، هەموو ئەو قسانە بە تەواوی درۆن.

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە وتى، ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا دەیەوێت بە پڕوپاگەندە و درۆ لەهەڵبژاردندا سەربکەوێت. وتیشی "ئیتر ئەو درۆکردنانە ناتوانێت ئەردۆغان رزگار بکات".

بایک لەبارەى هێرش بۆ سەر قەندیل وتى "سوپاى تورک ناتوانێت بێتە قەندیل، ئەوە ئەستەمە بۆیان. ئەگەریش بێت، هیچی دەست ناکەوێت".

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) قسەى کرد.

بایک وتى "تورکیا لە دۆخێکدایە، کە بە درۆى گەورە و گوشار و شاتەشاتەوە دەڕواتەوە هەڵبژاردنەوە. تەیب ئەردۆغان ماوەى چەند رۆژێکە لە کۆبوونەوەى جەماوەرییەکاندا دەستیکردووە بە درۆکردن. دەیەوێت بە درۆکانى کۆمەڵگە فریوبدات و بە نەژادپەرستی، شۆڤێنیزم و هاندانى فاشیزم، لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت".

"زیان بە نینۆکى هەڤاڵێکیشمان نەگەیشتووە"

ئەوە چەند رۆژە لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن دەڵێن، کاتێک بەڕێوەبەرایەتیى پەکەکە لە قەندیل کۆبوونەوەى هەبووە، بۆردومانمان کردوون و گوایە لەو بۆردومانەدا ٣٥ هەڤاڵی ئێمەیان شەهید کردووە. ئەوە بە تەواوى درۆیە. نەک هیچ هەڤاڵێکى بەڕێوەبەرییمان شەهید نەبووە، بەڵکو تەنانەت شەڕڤانێکیش شەهید نەبووە و زیانیش بە نینۆکى هەڤاڵێکیشمان نەگەیشتووە. ئەوان پڕوپاگەندە لەسەر بنەمانى درۆکردن دەکەن. بەبێ ئەوەى شەرم بکەن دەستیان بەو درۆیانە کردووە.

ئەگەر هەندێک کەس درۆ دەکەن، دەبێت ئێوە هۆکارەى درۆکردنەکەى بە باشى بزانن و لێى تێبگەن. ئەو درۆکردنە ماناى ئەوەیە کە تاوانى گەورەى کردوە و ناچارە، بێهێزە، لاوازە، بێزارە و لە ترسی تێکشکاندندا ئەو درۆیانە دەکات. جگە لەو پێناسەیە هیچى تر بۆ دۆخی درۆکردنە ناوترێت.

میدیاى تورک وەک ئەوەى ئەو درۆیە راست بێت، دەستیان بە بڵاوکردنەوەى کردووە. ئەو میدیایانە چ میدیاکن کە ئەوە بڵاودەکەنەوە؟ ئەوانە میدیاى سەر بە ئەردۆغانن و ئەو میدیایانەن، کە فەرمان لە ئەردۆغانەوە وەردەگرن. پێش هەموو شتێک بە پێى بنەماکانى کارى رۆژنامەوانى، دەبێت ئەخلاق و راستگۆیی لە کارەکەیاندا هەبێت، بەڵام ئێمە دەبینین، کە میدیاى تورکیا بە گشتى لە خزمەتى ئەردۆغاندایە. ئەردۆغان چ درۆیەک بکات، ئەو درۆیە بڵاودەکەنەوە و زەقیشى دەکەنەوە. لە تەلەفزیۆن و رادیۆییەکاندا بڵاودەکرێنەوە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە کۆمەڵگا فریو بدەن...

لە مسوڵمانێتیدا درۆ نییە

لە مسوڵمانێتیدا درۆ نییە. درۆ بێ ئەخلاقییە. ئەردۆغان بە درۆکردن بێ ئەخلاقی دەکات. دەیانەوێت کۆمەڵگە فریو بدەن. دەیەوێت بە درۆ و فریودان دەسەڵاتەکەی بپارێزێت. دەیەوێت کۆمەڵگە بکاتە کەرەستەیەک و بە بەکاری بهێنێت. لەبەر ئەوەشە درۆ دەکات. درۆ لەبارەى عەفرینەوە دەکات. بۆ ئەوەى هەدەپە سەرنەکەوێت، لە ئیستەنبول بە دزییەوە فەرمانى رێگریکردن لە هەدەپە بە پیاوەکانى دەدات. کۆبوونەوە رێکدەخات. بە ئاژانسى هەواڵى ئەنادۆڵ (ئەی ئەی AA) دەڵێت 'هەواڵ دروست بکەن و تیایدا بنووسن بە ڕێژەى سەدا ٥٢ سەرکەوتن بە دەست دەهێنین. ئێوە دەتوانن ئەو هەواڵە بڵاوبکەنەوە'. لە پرسوس وڵاتپارێز دەکوژن و بە بەردەوامیش پڕوپاگەندە دەکەن و دەڵێن، ئەو کۆمەڵکوژییە پەکەکە و هەدەپە ئەنجامیان داوە. ئەوەشیان بە کەم زانى و هەوڵیاندا، ناوى پاڵێوراوى جەهەپە بۆ سەرۆک کۆمارى تێکەڵ بەو رووداوە بکەن. بە کورتی دەیانەوێت سەربکەون. ئەوانە بەشی سەرکەوتنیان ناکات بۆیە وتیان، کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتیى ئێمەیان لە قەندیل بۆردومانکردووە و ٣٥ هەڤاڵی ئێمەیان شەهید کردووە. بە بەردەوامى ئەوە دووبارە دەکەنەوە. بە هەموو ئەو شتانە دەیانەوێت گەلانى تورکیا فریو بدەن. دەیانەوێت بە درۆکردن هەڵبژاردن ببەنەوە و دەسەڵاتەکەیان لەسەر کار بهێڵنەوە".

ئیتر درۆکانى ئەردۆغان بڕ ناکەن

لە ناو کۆمەڵگەدا دەوترێت 'تەمەنى درۆ کورتە'. ئیدی درۆکانى ئەردۆغان بڕ ناکەن. تاوەکو ئێستا بە بەردەوامى دەیتوانى بە درۆکانى کۆمەڵگە لە خشتە ببات. زۆر کەس و لایەنەى بە درۆکانى هەڵخەڵەتاند، بەڵام ئیتر کۆتایى بەو درۆیانە هات. ئیدى کەس هەڵناخڵەتێت. ئێستا درۆى ئەوەى کە لە قەندیلیان داوە و گوایە ٣٥ هەڤاڵی ئێمەیان لە کۆبوونەوەیەکەدا شەهید کردووە، درۆیەک بوو کە تەمەنى زۆر کورت بوو. ئەو میدیایەى کە پێى دەڵێن، میدیا لایەنگرەکانى بۆ ئەو درۆیە بوونە ئامڕاز. ئەوەش هەموو شتێک دەخاتە بەرچاومان و هەموو شتێک روون دەکاتەوە. هیچ شتێکى لەو جۆرە نەبووە و رووى نەداوە. نە بەڕێوەبەرانى ئێمە، نە شەڕڤانەکانیشمان، هیچ کەسێک شەهید نەبووە و بریندار نەبوون. ئەوە بە تەواوى پڕوپاگەندەیەکى رەش و قێزەونە.

هەموان دەزانن قەندیل بە بەردەوامى بۆردومان دەکرێت. تاوەکو ئێستا زۆر جار بۆردومانیان کردووە. زۆر فڕۆکەش بەشدارن لە بۆردومانەکەدا. بە بەردەوامى قەندیل بۆردومان دەکەن، بەڵام بۆردومانەکان هەر وەک بۆردومانەکانى پێشووترن و بەردەوامییان هەیە. بەڵام سەربارى ئەوەش دەڵێن 'ئێمە لە قەندیل نزیک بووینەتەوە. ئەوەندە کیلۆمەترمان ماوە بگەینە قەندیل، ئێمە ئەنجام بەدەست دەهێنین' بە بەردەوامى ئەو قسانە بۆ میدیاکان دەکەن. تاوەکو ئێستا لە زەمینەوە نەگەیشتوونەتە قەندیل، بەڵام بە بەردەوامى فڕۆکە قەندیل بۆردومان دەکات. ئەو بۆردومانکردنانە راستە. هەر بە درۆکانیاندا دیارە کە تاوەکو ئێستا بەو بۆردومانانە هیچیان دەست نەکەوتووە.

هاتنە قەندیل ئەوەندەش ئاسان نییە

ئەوەندەش ئاسان نییە بۆیان کە بێنە قەندیل. تەنها کاتێک دەتوانن بێنە قەندیل، کە پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) هاوکارییان بکات و پشتیوانییان لێ بکات و لەگەڵ داگیرکردنى قەندیل دا بێت، ئەوا تورکیا دەتوانێت لە وشکانییەوە بێتە قەندیل، چونکە تاوەکو قەندیل مەودایەکى دوور و درێژیان لە بەردەمدایە. چیایان لە بەردەمدایە، دۆڵیان لە بەردەمدایە. ئەوەندە ئاسان نییە کە تورکیا بتوانێت بە تەنها بێتە قەندیل. ئەگەریش بێن هیچ لە گۆڕیدا نییە تاوەکو ئەنجامى بدەن. دەبێت هەموو کەس لەوە تێبگات.

ئەردۆغان فاشیستەکانى لە دەورى خۆى کۆکردووەتەوە و هاوپەیمانییەکى لەگەڵ فاشیستەکاندا دروستکردووە. بە بەردەوامی لەگەڵ ئەو فاشیستانەدا شاتەشات دەکات و هەڕەشە دەکات. گوشار دەکات، مرۆڤەکان زیندانى دەکات، کۆمەڵکوژى ئەنجام دەدات و هەواڵى درۆ بڵاودەکاتەوە. دەیەوێت لەو رێگەیانەوە کاریگەرى لەسەر راى گشتى دروست بکات و لە هەڵبژاردندا سەربکەوێت.

ئەگەر مرۆڤێک بە بەردەوامى درۆ بکات و بە بەردەوامى کار بە مەکینەى درۆ بکات، ئەوە نیشانەى ئەوەیە، کە ئیتر کۆتایى پێهاتووە. نیشانی دەدات، کە ناچارە، دەترسێت و دەیەوێت تاوانەکانى بشارێتەوە.

ئەردۆغان ئومێدى خۆى سەر مەکینەى درۆ هەڵچنیوە

ئەردۆغان مەکینەیەکى درۆکردنە و تەنها کار بە مەکینەى درۆکردن دەکات، چونکە ئومێد و هیواکانى لەسەر مەکینەى درۆ هەڵچنیوە. شوێنکەوتووەکانیشی کار بە مەکینەى درۆ دەکەن. یەکێک لەو کەسە سەرەکییانەى کە کار بە مەکینەى درۆ دەکات سولەیمان سۆیلو-یە. ئەو درۆى زیاتر لە ئەردۆغان بەرهەم دەهێنێت، بەڵام کەس زۆر حساب بۆ درۆکانى ناکات. بۆ نمونە وەک ئەوەى لە پرسوس وڵاتپارێزان کوژران و ئەو هات و وتى 'پەکەکە، هەدەپە و جەهەپە ئەو کارەیان کردووە. لەلایەن موحەڕەم ئینجەوە هاوکارى کراون و ئەوەش هۆکارى رووداوەکەیە'. دەیەوێت بەوشێوەیە شتەکان پێچەوانە بکاتەوە. دەیانەوێت لەو رێگەیەوە لە ناو راى گشتیدا پشتیوانییەک بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن.

رەوایەتیى بۆ هەڵبژاردن نەهێشتووەتەوە

ئەو کارانەى ئەوان لە ئێستاوە رەوایەتیى بۆ هەڵبژاردن نەهێشتووەتەوە. ئەم هەڵبژاردنە زۆر بە رەوا نازانرێت. ئەردۆغان بە ئاشکرا دەڵێت 'چى دەبێت با ببێت، دەبێت هەموو دەرفەت و تواناکان بخرێنە کار بۆ ئەوەى هەدەپە لە خوار بەربەرستەکەوە بێمێنتەوە'. ئەو جۆرە فەرمانانە لەبارەى هەدەپەوە بە هەموو کەسێک دەدات. لە پرسوس بە کۆمەڵکوژیى کوردان چاوترسێن دەکەن تاوەکو کەس دەنگ بە هەدەپە نەدات. سەربارى هەموو ئەوانەش دێن، درۆ لەبارەی قەندیلەوە دەکەن. ئەوان دەیانەوێت ورەى هەموو کەسێک بڕوخێنن. دەیانەوێت بێ بڕوایى، بێ متمانەیى و بێ ئیرادەیى بڵاوبکەنەوە تاوەکو لە هەڵبژاردندا سەربکەون.

ئەو فرتوفێڵ و درۆیانە پووچ و بەتاڵن. بەو درۆیانە ناتوانن کۆمەڵگە فریو بدەن. بەڵکو تاوەکو ئێستا ئەنجامێکیان لەو درۆکردنانە دەست کەوتبێت، بەڵام ئیدى ئەنجامى نابێت بۆیان. گەلانى تورکیا بە تایبەتى کۆمەلگەى مسوڵمانان ئەوەیان بینى، کە ئەردۆغان تاوەکو چ رادەیەک درۆ دەکات و تا چەند درۆزنە. دوایین درۆشى درۆکردن بوو لەبارەى قەندیلەوە. ئەوەش راستیى کەسایەتیى ئەردۆغان دەردەخات، کە چ کەسایەتییەکى هەیە.

ئەردۆغان و تیمەکانى چیللە و ئاغار

ئەردۆغان هەر یەک لە محەمەد ئاغار، تانسو چیللە ر و دەوڵەت باخچەلیى داوەتە پاڵ خۆی، دەیەوێت بە شاتەشات و هەڕەشەکردن و چاوسوورکردنەوە و زیندانیکردن و کوشتن و گوشار بەرامبەر بە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا، ئەنجامێکى دەست بکەوێت.

هەندێک لە دەوڵەتە رۆژئاواییەکان هێشتا پشتیوانى لە ئەردۆغان دەکەن. مرۆڤ لەوان تێناگات. باسى مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکەن، بەڵام دەشزانن ئەردۆغان لە تورکیا قەڵایەکى فاشیزمە. هەموو شێوازەکانى فاشیزم بەکار دەهێنێت. دەیەوێت هێزە دیموکراسیخوازەکان و گەلان پاکتاو بکات و بیانسڕێتەوە. چۆن ئەوە نابین، کە دەیەوێت لەو رێگەیەوە (لە رێگەى فاشیزمەوە) لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە، چۆن لەوە تێناگەن، چۆن ئەوان (دەوڵەتە رۆژئاواییەکان) بەو ڕادەیە لە بەها و نرخەکانى خۆیان دووردەکەنەوە، من ئەوانە بۆ گەلەکەمان و هێزە دیموکراسیخوازەکان بەجێدەهێڵم.

ر.م