ساڵح موسلیم: مەترسییەکان زۆرن و ئاکەپە بە عەقڵییەتى ئیتحاد و تەرەقی دەجوڵێتەوە

ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم - TEV-DEM) رایگەیاند، عەقڵییەتى ئیتحاد و تەرەقی لە ناو دەوڵەتى تورک دا نوێکراوەتەوە. ئەوەش هەم بۆ کورد و هەم بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست مەترسییەکى گەورەیە.

ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتی یەکێتیى دیموکراتیک (پەیەدە - PYD) لەبارەى هەڕەشەکانى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد. موسلیم سەرنجی خستە سەر چاوپێکەوتنەکانى نێوان ئەمریکا و تورکیا و وتى، ئەوان دەیانەوێت هەندێک شت لە پشتى پەردەوە ئەنجام بدەن، کە ئێمە ئاگاداری نین.

موسلیم، هەڕەشەکانى ئەردۆغانى بە "راگەیاندنى شەڕ لە دژی هەموو کوردان" ناوزەد کرد و رایگەیاند، ئەوەى دەوڵەتى تورک دەیەوێت ئەنجامى بدات "نوێکردنەوەى عەقڵییەتى ئیتحاد و تەرەقییە".

موسلیم وتى "ئەردۆغان لە دواى ئەوەى لە تورکیا هەموو پلە و پۆستەکانى خستە دەستى خۆی، دەستیکرد بە جێبەجێکردنى پلانەکەى. لەگەڵ مەهەپە، ئەرگەنەکۆن، حیزبوڵا و هەموو تاوانبارانى شەڕی ساڵەکانى ١٩٩٠کان بووە هاوپەیمان. بە بڕوای ئێمە رێکخستنى ئیتحاد و تەرەقیی سەرەتاى سەدەی ٢٠ی سەرلەنوێ خستووەتەوە کار. لەو کاتەدا ئەرمەنی و سوریانییەکان سڕێندرانەوە و رۆمییەکانیش لە ئەنادۆڵ دەرکران. تەنها کورد مایەوە. ئێستاش دەیانەوێت بە ئیتحاد و تەرەقیى نوێ کورد بسڕنەوە. شەڕەکانیان لە باشوور، باکوور و رۆژئاوا لە پێناو ئەو سیاسەتەدا بەڕێودەبەن".

"ئەردۆغان مەترسییە بۆ سەر هەموو گەلان"

ساڵح موسلیم وتیشی "کورد مەترسییەکى گەورەى لە بەردەمدایە. عەقڵییەتى ئیتحاد و تەرەقی باشترین کوردی بە لاوە کوردی مردووە. بۆ کوردیش جگە لە بەرخودان هیچ رێگایەکى تر بوونی نییە. هیچ کوردێک ناتوانێت بڵێت من هیچم بەسەر نایەت. کاتێک باس لە کوشتار و سڕینەوە دەکرێت ئیتر ئەوان فڵان حیزب و فڵان بۆچۆن، یان فڵان حەز و ئاراستەیان بۆ گرنگ نییە".

موسلیم سەرنجی خستە سەر ئەو قسەیەى ئەردۆغان کە وتبوی "کوردە تیرۆریستەکان" و رایگەیاند "ئەو قسەیە بە ئەنقەست دەکرێت، چونکە ئەو هەڕەشانەى کە دەکرێن بە تەنها لە دژی کورد نیین".

ساڵح موسلیم لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "کورد مەترسییەکى گەورەى لە بەردەمدایە، بەڵام تەنها ئەو مەترسییە بە کوردەوە سنووردار نابێت، بەڵکو مەترسییەکى گەورەیە بۆ سەر هەموو گەلان. بۆ نمونە، ئێستا لە ئیدلب چی دەکەن؟ لەوێ زوڵم لە گەلی عەرەب دەکەن. لە هەندێک ناوچەى تر زوڵم لە پێکهاتە و لایەنى تر دەکەن. یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتى و سەرەکییەکانیانی ئیتحاد و تەرەقیى نوێ جێبەجێکردنی 'پەیمانى نەتەوەیى – میساقی میللی'یە. دەیانەوێت لە حەلەب تاوەکو موسڵ و کەرکوک، ئەو جوگرافیا  بەرفراوانە بخەنە ژێر دەستى خۆیان. ئەو سڕینەوە و داگیرکەرییە تەنها لە دژی کورد نابێت، بەڵکو سەرەی گەلانى تریش دێت. ئەردۆغان چەند رۆژ لەوە پێش وتبوی 'لە ناو ٢٠ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەوە تەنگاوکراین بۆ ناو ٧٠٠ هەزار کیلۆمەتر چوار گۆشە'، ئەو پیاوە هێشتا خەون بە ٢٠ کلیۆمەتر چوارگۆشەوە دەبینێت".

خەونی میساقی میللیی ئەردۆغان

موسلیم رایگەیاند، لە کاری سەرلەنوێ داڕشتنەوەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، ئەردۆغان دەستبەرداری ئەو رۆڵە بووە، کە بۆ تورکیا دانراوە و دەستیکردووە بە جێبەجێکردنى پلانەکەى خۆی.

موسلیم وتی "لە کاری سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا رۆڵێک بۆ تورکیا دیاریکرابوو، بەڵام تورکیا پلانى شاراوەى هەبوو و لە چوارچێوەى ئەو پلانە دەرچووە، کە بۆی دانرابوو. بۆ نمونە، بۆ خەونی میساقی میللی (پەیمانى نەتەوەیى) هەموو تیرۆریستەکانى بەکارهێنا، داعشی بەکارهێنا، بەرەى نوسرە و گروپەکانى تری بەکارهێنا، بەڵام دواى ماوەیەک پلانە شاراوەکەى ئاشکرا بوو. ئێستاش هەوڵ هەیە بۆ ئەوەى تورکیا لەو خەونە پاشگەز بکەنەوە. داعشی بەکارهێنا، بەڵام داعش بەرەو لە ناوچوونە، لە ئیدلب بەرەى نوسرەى بەکار دەهێنێت، چەتەکانى ئیغور و چیچان بەکار دەهێنێت. هەموو کەس بە ئاشکرا ئەوەى بینى، کە تورکیا پشتیوان و خاوەن و بەڕێوەبەری ئەو چەتانەیە. کوردان لە دژی داعش شەڕیان کرد و لە گۆڕەپانى نێونەتەوەیى بوونە خاوەن کاریگەری. لەبەر ئەوە تورکیا دەستبەرداری هەموو شتێک بوو تاوەکو کورد هیچی دەستنەکەوێت و ئەو سیاسەتەى گەیاندووەتە ئەم ئاستەى ئێستا. دەڵێت 'کێ چیى دەوێت من پێى دەدەم، بەڵام با تەنها کورد مافێکى دەستنەکەوێت' ئێوە دۆخی کەرکوکتان بینی، نەک تەنها لە یەک شوێن و بەرامبەر بە یەک لایەن، بەڵکو دەیەوێت لە هەموو شوێنێک خۆی لە هەموو کوردان رزگار بکات و لەناویان ببات".

"ئێمە بە گەلەکەمان پشت قایمین"

موسلیم لەبارەی هەڕەشەکانى سەر باکووری سوریا وتى "ئێمە نازانین لە نێوان ئەمریکا و تورکیا لە پشتی پەردەوە چی روودەدات، بەڵام گەلانى هەرێمەکە جگە لە هێزى خۆیان بە هیچ کەس و هێزێکى تر پشتیان گەرم نەکردووە".

موسلیم وتیشی "ئەوەى لە عەفرین بەسەر ئێمەدا بارێنرا، بۆمبەکانى ناتۆ بوون" و  لە بەردەوامیى قسەکانیدا ئەوەشی وت "تورکیا لە هەوڵی جۆراجۆر و بەردەوامدایە بۆ ئەوەى کورد هیچی دەست نەکەوێت. هەندێکجار خۆی دەداتە پاڵ ناتۆ و هەندێکجاریش خۆی دەداتە پاڵ رووسیا. سیاسەتێکى پراگماتیک بەڕێوەدەبات. تورکیا هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە تەنگاو بووە و هەوڵ دەدات لە رێگەى شەڕەوە خۆی لەو تەنگابوونەوە رزگار بکات، چاوەڕێ دەکات هێرش و هەڕەشەکانى لە دژی ئێمە قبوڵ بکرێن. ئێمە نازانین لە پشتی پەردەوە چی روودەدات، بەڵام ئێمە بە هێزی گەلی خۆمان، بە رێکخستن بوون و بەرخودانی خۆمان پشت قایمین. یەکێک هەڵدەستێت و لە دژی تۆ شەڕ رادەگەیەنێت، دێتە بەر دەرگاکەت، تۆ لەو کاتەیا چی دەکەی؟ تۆ بەرەنگاری دەکەیت، چونکە جگە لەوە رێگایەکى ترت نییە. لەبەر ئەوەش ئێمە پشتی خۆمان بە کەس گەرم ناکەین، ئێمە پشت قایمین بە گەلەکەمان. بۆ نمونە لە عەفرین دا هەموو کەسێک خۆی کەڕ و لاڵ کرد. ٦٠ رۆژ بۆمبەکانى ناتۆ بەسەر سەرماندا دەبارێنران، چەکەکانى ناتۆ لە دژمان بەکارهێنران. ئەوە هەر خۆی لە خۆیدا لە دژی یاساکانى ناتۆ و رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، بەڵام کەس دەنگێکى هەڵنەبڕی".

"ئەمریکا نە دەوێت ئێمە لە دەست بدات و نەدەیەوێت تورکیاش لە دەست بدات"

ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەیەدە باسی ئەوەیکرد، ئەمریکا نایەوێت کوردان و تورکیاش لە دەست بدات، بەڵام مەرج نییە ئەوەش بۆ بە ئاکەپە بکرێت.

موسلیم ئەوەشی وت "ئەمریکا لەلایەک ناوێت کورد لە دەست بدات، بەڵام لەلایەکی تریش تورکیا هەیە. تورکیا ئەندامی ناتۆیە و لەگەڵ ئەمریکادایە. ئەمریکا دەیەوێت ئێمە و ئەوان لە دەست نەدات. ئەردۆغان و گروپەکەى هەر سوود لەوە دەبینین و ئەوە بۆ خۆیان بەکار دەهێنن. بۆ ئێمە کێشە نییە دەتوانێت پەیوەندیى لەگەڵ ئێمە هەبێت و پەیوەندیشى لەگەڵ تورکیا هەبێت، ئێمە دەڵێین، با پەیوەندییەکانى ئەمریکا لەگەڵ ئەوان بۆ دژایەتیکردنى ئێمە نەبێت و زیان بە ئێمە نەگەیەنێت، بەڵام تورکیا دەڵێت 'یان من، یان ئەوان'. دەیەوێت کارێک بکات، کە ئەمریکا هەڵوێستى خۆی بگۆڕێت. ئەمریکا نایەوێت ئێمە لە دەست بدات و نایەوێت تورکیاش لە دەست بدات. بەڵام مەرج نییە ئەوە بەرامبەر بە ئاکەپە بکرێت، چونکە ئاکەپەى بەو سیاسەتەوە ناوێت. ئێمە نازانین چ رێگایەک دەدۆزنەوە، بەڵام تورکیا سیاسەتەکانى نەک تەنها بۆ کوردان، بەڵکو بۆ هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهان مەترسییە".

ر.م