فیلمی ١٤ی تەمموز بە ژێرنووسی کوردی لە مەراسیمێکدا لە سلێمانی نمایش دەکرێت

فیلمی ١٤ی تەمموز، کە باس لە بەرخۆدانی پێشەنگانی پەکەکە لە زیندانی ئامەدی باکوری کوردستان دەکات، سبەینێ ١ی دیسەمبەر بە ژێرنووسی کوردی لە مەراسیمێکدا لە سینەما سالم-ی شاری سلێمانی نمایش دەکرێت.

فیلمی ١٤ی تەمموز، کە باس لە بەرخۆدانی پێشەنگانی پەکەکە لە زیندانی ئامەدی باکوری کوردستان دەکات، سبەینێ ١ی دیسەمبەر بە ژێرنووسی کوردی لە مەراسیمێکدا لە سینەما سالم-ی شاری سلێمانی نمایش دەکرێت، ستافی سینەما سالمیش داوا دەکەن هاووڵاتییان بە گوڕوتینەوە پێشوازی لە فیلمەکە بکەن.

بڕیارە کاتژمێر ٠٣:٠٠ی دوانیوەڕۆی سبەینێ ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨، بۆ یەکەمجار فیلمی ١٤ی تەمموز لە سینەما سالمی شاری سلێمانی بە ژێرنووسی کوردی (سۆرانی) نمایش بکرێت.

فیلمی ١٤ی تەمموز، کە کاری دەرهێنانی لەلایەن دەرهێنەری کورد هاشم ئایدەمیرەوە بۆ کراوە و بە زمانی تورکی لە باکوری کوردستان بەرهەم هێندراوە، بۆ یەکەمینجار لە سینەما سالم لە شاری سلێمانی بە ژێرنووسی کوردی نمایش دەکرێت.

فیلمەکە باس لە بەرخۆدانی پێشەنگانی پەکەکە دەکات لە زیندانی ئامەدی باکوری کوردستان لە ساڵی ١٩٨٢ دا، کە ئەشکەنجەیان لەسەر بووە، بەرادەیەک ڕێگەیان پێنادرێت بە زمانی دایک قسە بکەن، لە بەرامبەریشدا زیندانییەکان هەڵوێست وەردەگرن، تا دەگاتە رادەی مانگرتن لە خواردن تا مردن.

بە وتەی لاوک ئەبوبەکر، ئەندامی ستافی سینەما سالم، رۆژی ٢٧ی نۆڤەمبەر لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئاگادارکراونەتەوە، کە نابێت فیلمەکە نمایش بکەن، بەڵام وەک باسی لێوەکرد: "دوای ئەوەی بەیاننامەیەکمان بڵاوکردەوە و بەڕوونی هەڵوێستی خۆمان لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییە دەربڕی، کەسانێکی زۆر و کۆمەڵێک کەسی ئازادیخواز هەڵوێستی جدیان هەبوو و دەنگدانەوەیەکی زۆریشی لەناو خەڵک و لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوەتەوە، دواجار ئاسایشی سلێمانی  ئاگاداری کردینەوە، کە ڕێگە بە نمایشکردنی فیلمەکە دەدرێت".

ئەو ئەندامەی ستافی سینەما سالم، لەبارەی کاتەکانی نمایشکردنی فیلمەکەوە ئەوەی خستەڕوو، کە جگە لە ڕۆژی یەکەم، کە کاتژمێر ٠٣:٠٠ی دوانیوەڕۆی نمایش دەکرێت، ڕۆژانی دواتر لە دوو کاتی جیاوازدا و لە کاتژمێر ٠٣:٠٠ی دوانیوەڕۆ و ٠٨:٠٠ی شەو فیلمەکە نمایش دەکرێت.

وەک هەڵوێستێکیش لەبەرامبەر دروستکردنی ئاستەنگیی بۆ نمایشکردنی فیلمەکە، ستافی سینەما سالم بڕیاریانداوە، کە یەکەم ڕۆژی نمایشکردنی فیلمەکە بە مەراسیمێک بێت، هەروەها سیمینارێکیش لەسەر ئاستەنگییەکانی ئاسایش بۆ پێشکەشکردنی فیلمەکە ڕێکدەخەن.

فیلمی ١٤ی تەمموز پێشتر لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە هەریەکە لە هیندستان، پۆلۆنیا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بەشداریکردووە، هەروەها لە فێستیڤاڵی ساڵی ٢٠١٧ لە فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک بەشدارییکردووە و توانیویەتی دوو خەڵات لەبوارەکانی باشترین ئەکتەر و باشترین دەرهێنەری وێنەگرتن وەربگرێت، ئەمساڵیش فیلەمەکە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی بەشدارییکردوو و خەڵاتی ڕێزلێنانی فێستڤاڵەکەی وەرگرت.

ر.م