كۆما ئاوازێن چیا سروودی «٢٧ی مژدار» بڵاوده‌كاته‌وه‌

كۆما ئاوازێن چیا به‌بۆنه‌ی چله‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتیی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) نوێترین سروودی خۆی به‌ ناوی «٢٧ی مژدار» بڵاوده‌كاته‌وه‌.

تێكۆشین جوودی ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ته‌ڤگه‌ری چاند (TEV-ÇAND) و «كۆما ئاوازێن چیا» له‌ میانه‌ی به‌شداری كردن له‌ به‌رنامه‌یه‌كی ڕادیۆی «ده‌نگی وه‌ڵات» ئاشكرای كرد كه‌ به‌رهه‌مێكی نوێیان ئاماده‌یه‌.

جوودی سه‌ره‌تا پیرۆزبایی به‌رخۆدانی زیندانه‌كان به‌تایبه‌تی به‌رخۆدانی هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیك (كه‌جه‌ده‌) و په‌رله‌مانتاری پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌یلا گیوڤه‌نی كرد. گوتی: «ئیلهام له‌و به‌رخۆدانانه‌ وه‌رده‌گرین.»

تێكۆشان جوودی ده‌رباره‌ی به‌رهه‌مه‌ تازه‌كه‌ی كۆما ئاوازێن چیا گوتی: «ناوی به‌رهه‌مه‌كه‌مان [٢٧ی مژدار]ه‌. هه‌وڵماندا له‌م به‌رهه‌مه‌دا باسی ئه‌و به‌رخۆدانانه‌‌ بكه‌ین كه‌ كراون، هه‌روه‌ها باسی جوانی و ئاڵای په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ خوێنی شه‌هیدان ڕازێنراوه‌ته‌وه‌. هه‌ر ساڵیادێكی دامه‌زراندنی په‌كه‌كه‌ وه‌ك ژیانه‌وه‌یه‌كه‌. له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م ناوه‌مان لێناوه‌ (٢٧ی مژدار\٢٧ی تشرینی دووه‌م). به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه‌ تێكۆشانی په‌كه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌.»

جوودی به‌بیری خسته‌وه‌ كه‌ پێشتریش به‌رهه‌می سروودیان هه‌بووه‌، به‌ڵام جاری یه‌كه‌مه‌ له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ سروودێك به‌رهه‌م بێنن.

«ڕیتمه‌كه‌ی ڕیتمی سرووده‌. ئاوازه‌كه‌ی زۆر وشك نییه‌. له‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یدا ڕۆحی شۆڕشگێڕی و به‌رخۆدان هه‌یه‌. ئێمه‌ هه‌وڵمدا ئاوازه‌كه‌ی یه‌كسه‌ر په‌یوه‌ست بێت به‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی. ده‌توانین بڵێین له‌سه‌ر بنه‌مای دامه‌زراندنی هه‌سته‌كانی په‌كه‌كه‌دا ئه‌مه‌مان ئاماده‌ كردووه‌.»

له‌ كۆتایی به‌رنامه‌كه‌دا سروودی «٢٧ی مژدار» له‌ ڕادیۆكه‌ په‌خش كرا.

s.m