لە شاری سلێمانی یادی کەریم کابان کرایەوە

بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ھونەرمەندان و ھەوادارانی دەنگی ھونەرمەند کەریم کابان، یادی دووەمین ساڵیادی کۆچی ئەو هونەرمەندە کرایەوە.

 

کاتژمێر ٤:٠٠ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە ھۆڵی تەلاری ھونەر لە شاری سلێمانی، لە لایەن تپی موسیقای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی ھونەری سلێمانییەوە، دووەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ھونەرمەند کەریم کابان کرایەوە.


لە یادەکەدا (عادل محەمەد) ئەندامی تیپی موسیقای سلێمانی، توێژینەوەیەکی لەسەر کەریم کابان پێشکەشکرد کە تێیدا ئاماژە درابوو بە ژیانی ھونەری کابان و چۆنیەتی تێکەڵبوونی کەریم کابان بە دنیای گۆرانی و بەرھەمە ھونەرییەکان و ھەڵوێستە سیاسیەکانی کەریم کابان.

 

 

دواتر لە لایەن تیپی مۆسیقای سلێمانییەوە چەند گۆرانییەک لە  گۆرانیەکانی کەریم کابان لەمیانی پێشکەشکردنی توێژینەوەکەدا پێشکەشکرا.

کەریم کابان، ناوی تەواوی "عەبدولکەریم جەلال مەحمود"ە، لە ساڵی ١٩٢٧ لە گەڕەکی شێخان لەشاری سلێمانی لەدایکبووە، خاوەنی زیاتر لە ٢٠ گۆرانی تۆمارکراوە، لەژیانی ھونەریشدا ئەگەرچی بەرھەمی زۆری نەبووە، بەڵام بەو چەند بەرھەمەی کە ھەیەتی توانیویەتی زۆرترین ھەوادار کۆبکاتەوە، کابان لەڕۆژی پێنج شەمەی ١٤ـ١ـ ٢٠١٦ و لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا و پاش زیاتر له‌ ٧٠ ساڵ خزمه‌تکردن به‌ هونه‌ری گۆرانی و میوزیکی کوردی، له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شار لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.