نەمسا: دەبێت بە خێرایى دانوستانەکان لەگەڵ تورکیا رابگیرێن

 سباستین کورز سەرۆک وەزیرانى نەمسا رایگەیاند، دەبێت یەکێتیى ئەوروپا بە خێرایى و بە بێ دواکەوتن کۆتایى بە دانوستانەکانی لەگەڵ تورکیا بهێنێت.

سباستین کورز سەرۆک وەزیرانى نەمسا تەمووزى ئەمساڵ بووە سەرۆکى دەوریى یەکێتیى ئەوروپا. لەبارەی دانوستانەکانى یەکێتیى ئەوروپا لەگەڵ تورکیا بە رۆژنامەى کاسی مەرینى (Kathimerini)ی یونانى راگەیاندووە "پێویستە بەخێرایى و بەبێ دواکەوتن دانوستانەکانى یەکێتیى ئەوروپا لەگەڵ تورکیا رابوەستێنرێن".

سەرۆکى دەوریى یەکێتیى ئەوروپا راشیگەیاندووە "تورکیا بە بەردەوامى لە بەها و پرنسیپەکانى ئەوروپا دوور دەکەوێتەوە".

ئەوەشى وتووە "پێویستە لە نێوان تورکیا و یەکێتیى ئەوروپادا لەسەر هەندێک بابەتی دراوسێتی و دۆزینەوەی هەندێک بژاردەى تر بۆ هاوکاری، رێگا چارەیەک بدۆزرێتەوە".

نەمسا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لەسەرەتاى داواى تورکیا بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیى ئەوروپا، لە دژى ئەو داوایەى تورکیا بووە و نایەوێت تورکیا ببێتە ئەندامى یەکێتیى ئەوروپا.

ر.م