هاوپەیمانى نێودەوڵەتى هێزەکانى رژێمى سوریای بۆردومانکرد

فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژ بە داعش هێزەکانى لایەنگرى رژێمى سوریایان بۆردومانکرد و بەلانیکەمەوە بە هۆى ئەو بۆردومانەوە ٣٨ کەس کوژراون.

هێرشەکە لە ناوچەى ئەل حاری لە باشوورى رۆژهەڵاتى بوکەمال لە سنوورى پارێزگاى دێرەزۆردا بووە.

ئاژانسى هەواڵى فەرمیى سوریا (سانا) بڵاویکردەوە، هێرشەکە لەلایەن هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى، کە ئەمریکا سەرۆکایەتیى دەکات ئەنجامدراوە.

رێکخراوى چاودێریى مافەکانى مرۆڤ لە سوریا رایگەیاندووە، روون نییە هێرشەکە لەلایەن چ هێزێکەوە ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆى هێرشەکەوە ٣٨ چەکدارى لایەنگری رژێمى سوریا کوژراون.

مانگى شوباتى رابردوو هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە دێرەزۆر هێزەکانى رژێمى سوریایان بۆردومانکرد، کە هێرشیان کردبووە سەر بنکە و  بارەگای شەڕڤانانى قەسەدە. لەو هێرشەدا بەلانیکەمەوە ١٠٠ چەکداری لایەنگری رژێم کوژرابوون.

ر.م