پاڵێوراوێکى ئاکەپە بکوژەکانى پرسوسى ئاشکراکرد

حوسێن شەیهان ئۆغڵو پاڵێوراى ئاکەپە لە رحا لەبارەى کوشتارەکەى پرسوسەوە رایگەیاند، پاسەوانەکان و خزمانى ئیبراهیم خەلیل  یلدز پەرلەمانتارى ئاکەپە تاوانباران.

پرۆفیسۆر حوسێن شەیهان ئۆغڵو پاڵێوراوى ئاکەپە بۆ پەرلەمان لە رحا رایگەیاند، کوشتارەکەى پرسوس رۆبۆسکییەکى نوێیە و بەو شێوەیە بانگەشەکانى تەیب ئەردۆغان سەرۆکى گشتیى ئاکەپەى رەتکردەوە. راشیگەیاند، بەرپرسیاری ئەو کوشتارە ئیبراهیم خەلیل  یڵدز پەرلەمانتارى ئاکەپە و بنەماڵەکەین.

حوسێن شەیهان ئۆغڵو پاڵێوراوى ئاکەپە لە رحا لەبارەى کوشتارەکەى پرسوسەوە لە ماڵپەڕی Hîcrethaber.com بابەتێکى بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە "بنەماڵەى شەن یاشار پەکەکە نین و ئەوەى روویداوە رۆبۆسکییەکى نوێیە".

ئەو پاڵێوراوەى ئاکەپە لە بەشێک لە بابەتەکەیدا نووسیویەتى "رووداوەکەى پرسوس رۆبۆسکییەکى نوێیە. پاڵێوراوى ئاکەپە ٣ رۆژ لەوە پێش چووە بۆ سەردانى ئەو دوکاندارە. خاوەنى دوکانەکە پێى راگەیاندووە، ئەو هەدەپەییە و ئیدی خۆى زۆر تێکەڵى کاروبارى سیاسی ناکات، بۆیە جارێکیتر نەیەنەوە بۆ لام. لە رۆژی رووداوەکەدا نزیکەى ٥٠ کەس دەچنە دوکانەکەى و قسە و مشتومڕ دەستپێدەکات. سەلەفکار براى یلدز و ئەو کەسانەى لەگەڵین، خۆیان لە دوکاندارەکە توڕە دەکەن. پیاوێک پێیان دەڵێت، ژن لە دوکانەکەیدا و بڕۆن. لەگەڵ ئەو قسانەدا مشتومڕەکە دەبێتە هێرشێکى چەکداری و براکەى یلدز دەست دەکات بە تەقەکردن. پیاوەکە و کوڕەکەى بریندار دەکات. کاتێک دوکاندارەکە ئەوە دەبینێت، ئەویش بەچەک سەلەفکاری براى یلدز دەکوژێت.

دواى ئەوە خزمان و پاسەوانەکانى یلدز لە نەخۆشخانە، پیاوە بریندارەکە (باوکى دوکاندارەکە) و کوڕەکەى بە بتڵی ئۆکسیجن دەکوژن. پارێزەرەکانى یلدز کامێراکانى نەخۆشخانەکە دەشکێنن و ئەوەى لە نەخۆشخانەکەدایە بە پۆلیسیشەوە، دەیانکە دەرەوە و باوک و دوو کوڕەکەى بە شێوەیەکى دڕندانە دەکوژن".

ر.م