پەرستگەى مێژوویى حاجی لەناو چووە

لە گوندی حاجیکاش لە ناوچەى ئەردیشى وان، پەرستگەى حاجیى ئەرمەنی تەنها چەند پاشماوەیەکى کەمی لێماوەتەوە و زۆربەی هەرە زۆری لەناوچووە.

پەرستگەى حاجی لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە رووخێنرا و چەندین ساڵ وەک کەلاوەیەک مایەوە و ئێستا تەنها چەند بەردێک و بناغەکەى ماوەتەوە.

گوندی حاجیکاش شوێنى ژیانى هاوبەشی کورد و ئەرمەن بوو. ئەو گوندە ٣ جار لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە سوتێنرا. دەوڵەتى تورکیا ساڵی ١٩٣٠ و لەکاتى کۆمەڵکوژیى زیلاندا بەشێکى زۆر لە دانیشتوانى گوندى حاجیکاش کوشت و ئەوەشى مایەوە رایگواستن. گوندەکە لە دواى ئەو کۆمەڵکوژییە بەتەواوی چۆڵکرا. لەو کۆمەڵکوژییەدا شوێنەوارە مێژوییەکانى گەلی کورد و ئەرمەن لەو گوندەدا رووخێنران. یەکێک لەو شوێنەوارانە پەرستگەى مێژوویى حاجی بوو.

پەرستگەى حاجی لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە رووخێنرا. ئێستا جگە لە چەند بەردێک و بناغەکەى هیچى لێنەماوەتەوە. ئەو پەرستگەیە وەک ناوەندێکى حەج بوو بۆ ئەرمەنییەکانى ئەو ناوچەیە، بەڵام تا ئێستا ئەوە بە روونی دیار نییە پەرستگەکە لەلایەن کێ و کەی دروستکراوە.

هاووڵاتییانى گوندی حاجیکاش دەڵێن "پێشتر ئەرمەنییەکان بۆ حەج دەهاتنە حاجیکاش. ئەو ئەرمەنییە بهاتایەتە ئێرە دەبووە حاجی. ئەو کاتە گوندەکە ناوى کاش بوو، دواى ئەوەى ئەو هاووڵاتییانە سەردانى گوندەکەیان دەکرد و دەبوونە حاجی، ئیتر وردە وردە بە گوندەکەیان دەوت حاجیکاش، بەڵام ئەو شوێنەوارە میژووییە لەگەڵ تێپەڕبوونى کاتدا لەناوچوو".

بەپێى زانیاریى هەندێک لە هاووڵاتییانى ئەو گوندە، مێژووى ئەو گوندە و پەرستگەکە دەگەڕێتەوە بۆ ٣ هەزار ساڵ لەوە پێش و بۆ سەردەمی ئورارتوییەکان.

ر.م