ژنه‌هونه‌رمه‌ندێكی ڕۆژهه‌ڵات گۆرانییه‌ك پێشكه‌شی به‌رخۆدانی ژنانی عه‌فرین ده‌كات

چیمەن ڕەحمانی، ژنە هونەرمەندی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ خه‌ڵكی شاری کرماشانه‌، بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی عەفرین گۆرانییه‌كی بڵاوکردەوە به‌ ناوی «كورده‌ژن».

هۆنرا‌وه‌ی گۆرانییه‌كه‌ له‌ لایه‌ن سیمین چایچی، شاعیری ناوداری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نووسراوه‌، هه‌روه‌ها ئاوازەکەشی لەلایەن هونەرمەند «سامان یەزدانپوور»ەوە دانراوە.

چیمەن ڕه‌حمانی به‌ ڕۆژنیووزی ڕاگه‌یاند، هۆكاری تۆماركردنی ئه‌و گۆرانییه‌، بۆ ئەو بەرخۆدانەی کۆبانێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ کە لەلایەن ژنانەوە ئەنجام درا و سەری هەموو خەڵکی جیهانی تێدا سوڕما.

« ژنانی کورد بۆ تەواوی دونیا سەلماندیان کە ژن بەو هەموو هەستە ناسک و جوانەی کە هەیەتی، دەتوانێت بەرانبه‌ر بە داعشێک بوه‌ستێته‌وه‌ کە تەنانەت خه‌ڵك بە بیستنی ناویشی دەترسا. ژنی کورد لە کۆبانێ نەک تەنیا بەرخۆدانی کرد به‌رانبه‌ر بەو دڕندایەتییە، بەڵکو کارێکی کرد کە چەتەکانی داعش بەو بیروبۆچوونە گڵاوەی کە هەیانبوو به‌رانبه‌ر بە ژن، لە ژنانی کورد بترسێن.»

ژنه‌هونه‌رمه‌ندی كورد، چیمه‌ن ڕه‌حمانی وتیشی: ژنان لە کۆبانێ مانایەکی نوێ لە ژنبوونیان هێنایە نێو کولتوور و مێژووی جیهانەوە. سنووری ئەو واتا نەژادیانەی تێپەڕاند، بیروبڕوای داعش و داعشیانەیان تێکشکاند.

«هەوڵمدا کارێک وەکو پشتیوانییەک بۆ ئەو بەرخۆدانەی ژنان لە ڕۆژئاوا ئه‌نجام بده‌م، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندیم بە سیمین چایچییەوە کرد بۆ ئەوەی شیعرێکی ژنانەی گونجاوم بۆ بنووسێت بۆ پشتیوانیکردنی ژنانی کورد بەو واتا نوێیەی کە ژنانی کۆبانی بە مانای ژنبوونیان بەخشیووە بە مرۆڤایەتی، ئەوە سیمین شیعرەکەی بۆ نووسیم و سامان یەزدانپووریش ئاوازێکی حەماسی بۆ دانام.»

لەبارەی کاتی بڵاوکردنەوەی گۆرانییه‌كه‌، چیمه‌ن ڕه‌حمانی وتی؛ سەرەتا بڕیارم دا بە شێوەیەکی سوریالی کاری کلیپەکەی بۆ بکەم، بەڵام دوای ئەوەی کە بەرخۆدانی عەفرین دەستیپێکرد، بەباشم زانی کە ئێستا کاتەکەی گەنجاوە و پێوستە بۆ پشتیوانیکردنی ئەو بەرخۆدانە و بۆ ڕێزلێنان لەو ژنانەی کە لەو بەرخۆدانەدا بەشدارن، ئێستا کلیپەکە بڵاو بکەمەوە و گوێ بە لایەنە هونەرییەکەی نەدەم، بۆیە بڕیارم دا دەنگەکە بخەمە سەر وێنە و دیمەنی ئەو ژنانەی کە لە گۆڕەپانی شەڕ و بەرخۆدانن.

«چەندین کەس پێشنیاریان کرد کە خۆشم لە کلیپەکە دەرکەوم، بەڵام ڕازی نەبووم، من بە ئەنقەست ویستم ئەو واقیعیەتە نیشان بدرێت کە ژنان لە ڕۆژئاوا بەرگری لە هەموو ڕۆژئاوا دەکەن بە ژن و پیاو منداڵەوە. له‌به‌رئه‌وه‌ش خۆم له‌ كلیپه‌كه‌ ده‌رنه‌كه‌وتووم، هه‌ستم كرد ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وم هەستی دیمەنە واقیعییەکان کەم دەبێتەوە، چونکە ده‌مویست بینەر بە تەواوی لەنێو ئەو دیمەن و هەستە بەرخۆدانەدا بمێنێتەوە و نقوم بێت، هچ شتێکی دیكه‌ هەستی بیرکردنەوە و بینینی بینەر نەپچڕێنێت.»

هونه‌رمه‌ند چیمەن ڕەحمانی، کچی هونەرمەندی کۆچکردووی سەرپێڵ زەهاو «یەدوڵڵا ڕەحمانی»یە. پێشتریش گۆرانییه‌كی ده‌رباره‌ی كێشه‌كانی ژنان به‌ ناوی «یەک لە هەزاران» به‌ كلیپه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌.

 

 

ش. م