کەیهان کەلهوڕ هونەرمەندی رۆژهەڵاتى کوردستان خەڵاتى ئایزاک سترنى جیهانیى پێبەخشرا

کەیهان کەلهوڕ هونەرمەندی کەمانچە (جۆزە) و ئاوازدانەری کرماشانى خەڵاتى نێونەتەوەیى هیومان سپریتی ئایزاک سترنى پێبەخشرا.

خەڵاتى نێونەتەوەیى کەمانچەی ئایزاک سترن لە شاری شانگهای وڵاتى چین پێشکەشی کەیهان کەلهوڕ دەکرێت. ئەو خەڵاتە بۆ رێزگرتن کارە هونەری و مرۆی و مرۆدۆستییەکانى کەیهان کەلهوڕ پێى بەخشراوە.

رۆژی ٢٨ى ئابی ٢٠١٨ هەواڵى پێبەخشینى خەڵاتى هیومان سپریتی ئایزاک سترن (Isaac Stern Human Spirit Award) بە کەیهان کەلهوڕ لە کۆنفرانسى رۆژنامەنووسیى سەمفۆنیا هۆڵی شانگهای بڵاکرایەوە.

خەڵاتى هیومان سپریتى ئایزاک سترن لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەو کەس و گروپە هونەرییانە دەبەخشرێت کە پشکێکى گەورەیان هەیە لە هاوکاریى مرۆیی و هونەری و مرۆدۆستیدا و کاریان بۆ بەرزکردنەوەی موراڵ و رۆحی مرۆیى لە رێگاى هونەر و فەلسەفە و دەروونناسی و زانستى مرۆییەوە کردووە و لەو رێگەیەوە خزمەتیان بە رۆح و موراڵی مرۆیى کردووە.

خەڵاتى نێودەوڵەتیى هیومان سپریتى ئایزاک سترن هاوشانى خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانى چایکۆفسکی و کۆئین ئەلیزابێس، یەکێکە لە گرنگترین خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانى بواری مۆسیقاى جیهانی.

کەمانچەکەى کەیهان کەلهوڕ لە کۆتایى ساڵی ٢٠١٧دا لەلایەن ڕێکخراوى زانستى، ڕۆشنبیرى و پەروەردەیى نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ - UNESCO) وەک بەشێک لە کەلەپورى جیهانى، ئامێرێکى مۆسیقاى جیهانی و بەشێک لە کولتور و رۆشنبیری و کەلەپوری مرۆڤایەتى لە لیستى بەها کولتورییە جیهانییەکاندا پەسەند و تۆمار کرد.

کەیهان کەلهوڕ لەگەڵ چەندین تیپ و گروپى مۆسیقاى جیهانیدا کارى هاوبەشى کردووە و بووەتە کەسایەتییەکى نێونەتەوەیى و تاوەکو ئێستا چەندین خەڵاتى جۆراجۆر و گرنگی لە بواریى مۆسیقادا لە ئاستى جیهاندا پێبەخشراوە.

وێستگەکانى ژیانى کەیهان کەلهوڕ

کەیهان کەلهوڕ ٢٥ى نۆڤەمبەرى ١٩٦٣ لە قەزاى شەهاباد (ئیسلام ئاباد) لە پارێزگاى کرماشان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەدایکبووە.

لە تەمەنى ٥ ساڵیەوە دەستى بە فێربوونى کارى مۆسیقاکردووە. لە ١٢ ساڵیدا بەشێوەیەکى شارەزایانە درێژەى بەکارى مۆسیقاداوە و لە ١٣ ساڵیدا بووەتە ئەندامى ئۆرکێسترای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنى حکومەتى ئێران لە کرماشان.

لە تەمەنى ١٧ ساڵیدا چووەتە ئیتاڵیا و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕۆیشتوەتە کەنەدا بەشى ئاوازدانانى لە زانکۆى کارلتۆن ئۆتاوا تەواوکردووە.

لە کاتى شەڕی نێوان ئێران و عێراق (١٩٨٠ - ١٩٨٨) موشەکێک بەر ماڵەکەیان کەوتووە و هەموو ئەندامانى خێزانەکەى لە دەستداوە.

ئامێرى تایبەتى مۆسیقایى کەیهان کەلهوڕ، کەمانچە (جۆزە)یە و لەپاڵ کەمانچەدا تەنبور و سێتار و شا کەمانیش دەژەنێت.

کەیهان کەلهوڕ لە بەردەوامیى کارە هونەرییەکانیدا لەگەڵ هونەرمەندانى گەلانى ئەمریکا، چین، تورکیا، هێندستان، هۆڵەندا کارى هونەریى هاوبەشى ئەنجامداوە و ئەوەش کردوویەتی بە کەسایەتییەکى هونەریى جیهانی.

بەشێک لەکارە هونەرییەکانى کەیهان کەلهوڕ لەگەڵ شوجاعەت حسێن خان (غەزەل) لە هێندستان، کرۆنۆس کوارتت (ڕێگاى ئاوریشم)، یویوما و ژائۆ ژیپینگ لە (چین)، ئۆرکێستراى فیلارمۆنیک نیویۆرک، عالیم قاسمۆف لە کۆمارى ئازەربایجان، برۆکلین ڕایدەر لە ئەمریکا، ڕامبراندت تریۆ (تیپى مۆسیقاى هۆڵەندی)، شەهرام نازری، تیپى دەستان، ئەرداڵ ئەرزنجان (باکووری کوردستان و تورکیا) محەمەد ڕەزا شەجەریان، حسێن عەلیزادە و عەلى ئەکبەر مورادی بووە.

کەیهان کەلهوڕ لەو بڕوایەدایە "مۆسیقار، مۆسیقاژەن و شارەزاى مۆسیقا دەبێت شارەزای بیرکاری، مێژوو و ئەدەبیات بێت".

کەیهان کەلهوڕ تا ئێستا چەندین خەڵاتى جۆراجۆرى هونەریى بۆ ئەنجامدانى کارە هونەرییەکانى لە ناوەندە هونەرییە جیهانییەکانەوە بە دەستهێناوە.

ر.م