'بە شیعر و شانۆ تامی ئازادی دەکەم'

نێڤییان موسلیم خوێندکاری زانکۆی کۆبانێ لە بەشی زمان و وێژەی کوردی دەڵێت، "لە ڕێگەی شیعرەکانمەوە، هەستەکانم دەربڕیوە. بە شانۆش هەست بە ئازادی دەکەم."

نێڤییان موسلیم خوێندکاری زانکۆی کۆبانێ دەربارەی شیعر و شانۆ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و لەبارەی گەشتی خۆی لە نێو شیعردا وتی: "لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە، هەروەها لەو کاتەوە، کە زمانی کوردی لە خوێندنگەکان وترانەوە، من دەستم بە خوێندنەوە و نووسینی شیعر کرد. لەو کاتەوە هەوڵم داوە هەستەکانم دەرببڕم."

موسلیم نێڤییان لە ڕێگەی شیعرەکەوە باسی ئازارەکانی خۆیشی دەکات و دەڵێت، "هۆنراوەکانم بە شێوەیەکی سەرەکی دەربارەی وڵات، شەهیدبوون و شەهادەت و دووری بوون. کاتێک هەوڵدەدەم دەقێک بنووسم، لەو کاتەدا سوود لەو دۆخەی خۆم وەردەگرم."

نێڤییان موسلیم دەشڵێت: "داوا لە هەموو شاعیرێک دەکەم لە ڕێگەی شیعرەکانییەوە زیاتر تێبکۆشێت. زۆرێک لە ئێمە هێشتا پێویستمان بەوەیە، کە شیعرەکانمان زیاتر بەهێز و خۆشتر بکەین و شیعری خۆمان هەبێت. چەندین چیرۆک و هۆنراوەم هەیە. چیرۆکێکم لەسەر  شەڕی کۆبانێ هەیە، کە لە گۆڤاری سیوان بڵاوکراوەتەوە".

نێڤییان موسلیم لە کۆتایی قسەکانیدا شیعرێکی خوێندەوە و وتی: "دوو هەڤاڵی یەکتر بوون. هاوڕێیەتییەکی بێسنوور لە نێوانیاندا هەبوو، بەڵام یەکێکیان ژیانی خۆی کرد بە قوربانی بۆ پاراستنی وڵاتەکەی و شەهید بوو، بۆیە من شیعرێکم پێشکەشیان کرد."

نێڤییان موسلیم هاوکات بەشداری لە شانۆشدا دەکات لەبارەی شانۆوە وتی، "هەرچەندە گەشتەکەم بۆ شانۆ نوێیە، بەڵام لە فیستیڤاڵی شەهید یەکتا دا خەڵاتی سێیەمم وەرگرت".

نێڤییان موسلیم ڕاشیگەیاند، کاتێک لەسەر ستەیج دەبێت، هەست بە ئازادی دەکات و دەڵێت، "وەک دەبینرێت من نێڤییانم، بەڵام لەسەر شانۆ من تەنها نێڤییان نیم. من دەبم بە هەموو شتێک، دەتوانم لەسەر ستەیج و بە نواندن ئازاری گەلەکەم بە شێوەیەکی تر نیشان بدەم."

ژ.ت