عەبدۆ رەسوڵۆ بە دروستکردنی تەنبور پیشە باوک و باپیرانی درێژە پێدەدات

عەبدۆ رەسوڵۆ کە لە گوندی زیارەتی شێراوا دەژی بە دروستکردنی تەنبور هەم پیشەی باو و باپیرانی دۆی درێژە پێدەدات، هەم بژێویشی دابین دەکات.

عەبدۆ رەسوڵۆ خەڵکی ناوچەی جندرێسی کانتۆنی عەفرینە، دوای داگیرکەریی دەوڵەت و چەتەکانی ناچاربوو کە بەرەو گوندی زیارەتی شێراوا کۆچبکات، عبدۆ سەرباری هەلومەرجی دژواری شەڕ بۆ ئەوەی بتوانێت بژێوی خۆی دابین بکات، بە دروستکردنی تەنبور پیشەی باوک و باپیرانی درێژە پێدەدات.

دروستکردنی تەنبور هونەرێکی کۆمەڵایەتیە

عەبدۆ باسی لەوەکرد دروستکردنی تەنبور هونەرێکی کۆمەڵایەتیە و وتی، "لەبەر ئەوەی دروستکردنی تەنبور هونەرێکی کۆمەڵایەتی و پیشە و باوکو باپیرانمانە، بە گوێرەی هەلومەرجی ئێستا هەوڵ دەدەین بەردەوام بین. هەر مرۆڤێکی بۆ بژێوی خۆی بە کارێکەوە سەرقاڵ دەبێت، منیش ئەو پیشەم هەڵبژارد. کاتێک مرۆڤ کوتە دارێکی بێ شێوە دەهێنێت و کاری لەسەر دەکات و شێوەیەکی پێدەبەخشیت، بێگومان دڵخۆشی زۆری تێدایە. هەستێکی بەرهەمهێنەرانە لە مرۆڤدا دروست دەبێت.

شێوەی دروستکردنی تەنبور

عەبدۆ بەم جۆرە باسی شێوازی دروستکردنی تەنبور دەکات، "بۆ ئەوەی تەمەنی تەنبور درێژ بێت و دەنگێکی خۆشی هەبێت جۆرە دارێکی دیاریکراو هەیە. بۆ نمونە دارگوێز و داری توو بەکاردەهێنرێت. بە هۆی دۆخی کۆجبەری و هەلومەرجی شەڕەوە، بە گوێرەی دەرفەت و هەلومەرجی ئێستا و ئەو دارانەی بڕاونەتەوە، تەنبور ساز دەکەین. سەرەتا وەک کوتە دارێک دارەکان لە لای دارتاش لەت دەکەین، دواتر کە ماوەیەکی زۆر لە ئاودا مایەوە دەخرێتە سەر قاڵبەکە و گەرم دەکرێت. دوای ئەوەی وشک دەبێت شێوەی قاڵبەکە دەگرێت. دواتر شەوێ هەڵدەواسرێت و بە پێی شێوەی تەنبورەکە جارێکیتر دەبڕدرێتەوە و پاشان شێوەی تەنبورەکەی پێدەدرێت".

عەبدۆ رەسولۆ باسی لەوەکرد کە بە هۆی هەلومەرجی کۆچبەرەی و کەم دەرفەتیەوە ناتوانن ئەو تەنبورانەی داوایان لێدەکەن بەتەواوەتی دروستبکەن و وتی، هەتا بوار هەبێت درێژە بەو پیشەیە دەدەم.

هـ . ب