ڕێبوار پەرویزی شێوەکاری کورد وێنەی ژنە خۆڕاگرەکەی شەنگالی کێشا

ڕیبوار پەروێزی هونەرمەندی شێوەکاری کورد وێنەی دایکێکی شەنگالیی کێشایەوە، کە بە بەردێکەوە لە دژی هێرشەکانی سوپای عێراق بۆ سەر شەنگال لە بەرامبەر ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی سوپای عێراقدا وەستاوەتەوە و رێگری لە پێشڕەویی زرێپۆشەکە دەکات.

ڕۆژی ٢ی ئایار هێزە چەکدارەکانی حکومەتی کازمی هێرشیان کردە سەر بازگەکانی ئاسایشی ئێزدخان و یەبەشە لە سنون و دوگرێ و دەستیان بە هەوڵی داگیرکردنی شەنگال دابوو، ئەوەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەی لێکەوتەوە و لەسەرانسەری ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین ناڕەزایەتی بەڕێوەچوون.

لە چوارچێوەی بەرەنگاریی شەنگالییەکاندا دایکێکی شەنگالی، کە لە دژی هێرشەکانی سوپای عێراق بۆ سەر شەنگال بە بەردێک لە دەستیدا لە بەرامبەر ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی سوپای عێراق ڕاوەستابوو و ڕێگری لە پێشڕەویی زرێپۆشەکە دەکرد، لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە خێرایی بڵاوبوویەوە و بووە جێگای سەرنج.

هونەرمەندی شێوەکاری کورد ڕیبوار پەروێزی خەڵکی شاری کامێرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندا وێنەی ئەو دایکەی کێشایەوە. پەروێزی ئەو وێنەیی لە ئەکاونتی میدیا دیجیتاڵەکانی خۆیدا بڵاوکردبووە و لەسەری نووسبووی "بەرخۆدان ژیانە، ژن، ژیان، ئازادی".

ژ.ت