دووەمین دیداری نێودەوڵەتیی کەرکوکی سینەمایی بەڕێوەچوو

دووەمین دیداری نێودەوڵەتیی سینەمایی بۆ فیلمی ئەنیمەیشن بە بەشداری بەرهەمی چەندین ووڵات بەڕێوەچوو.

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، لە سینەمای تایم سەنتەر مۆڵ لە گەڕەکی ڕەحیماوەی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، دووەمین دیداری نێودەوڵەتیی سینەمانی بۆ فیلمی ئەنیمەیشن دوای دوو رۆژ لە بەردەوامی کۆتایی بەکارەکانی هێنا، دیدارەکە لەلایەن سەندیگای هونەرمەندانی عێراق و بە هاوکاریی سەندیگای هونەرمەندانی کەرکوک و دەزگای رۆشنبیری و هونەری کەرکوک ڕێکخرابوو.

لە دیدارەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و رۆشنبیران و میوانانی دەرەوەی شارەکە و دەرەوەی ووڵات بەشداربوون، هەروەها لە دیدارەکەدا، ١٤ بەرهەمی فیلمی ئەنیمەیشن نمایش کران کە لە ٩ ووڵاتی جیاوازدا بەرهەم هاتبوو، ئەو ووڵاتانەی کە بەشداریان لە دیدارەکە کردبوو بە بەرهەمەکانیان بریتبوون لە ووڵاتانی (تونس، میسر، جەزائیر، عێراق، یەمەن، ئێران، بیلاروسیا، سەنگافورا و سویسرا).

دەرهێنەر سەردار زەنگەنە، سەرۆکی دیدار، سەبارەت بە دیدارەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئەمە دووەمین خولی دیداری نێودەوڵەتی سینەمانی بۆ فیلمی ئەنیمەیشنە کە ساڵی ڕابردوو یەکەم خول بەڕێوەچووە ئەم ساڵیش دووەم خول بەڕێوەچوو، فیلمە ئەنیمەیشنەکان بریتین لە ١٤ فیلم کە لە ٩ ووڵاتی عەرەبی و جیهانی بەشداریان کردووە بۆ نمایش کردن، لە زۆر ووڵاتی دیکە فیلمان پێگەیشتووبوو، بەڵام لەو بڕە زۆرەی فیلمەکان لیژنە تەنها ١٤ فیلمی پێباشبوو بۆ نمایشکردن".

سەبارەت بە ئامانج لەم دیدارە، دەرهێنەر و سەرۆکی دیدار سەردار زەنگەنە ڕایگەیاند: "ئامانجی ئێمە لەم دیدارە نێودوڵەتیە ئەوەیە کە بتوانین لە کەرکوکەوە پەرە بە سینەمای فیلمی ئەنیمەیشن بدەین، فیلمی ئەنیمەیشن بوارێکە کەم بایخی پێدراوە وە دەرهێنەرەکانی زۆر کەم نەک تەنها لە کەرکوک و کوردستان بەڵکو لە تەواوی عێراقیش، فیلمی ئەنیمەیشن فیلمێکە کە دروستکردنی سەختە و تێچووی مادیشی زیاترە، ئەنیمەیشن فیلمێکی بەدەستە جەمعییە کە کۆمەڵیک کەسانی خاوەن بەهرەی هونەری کاری تێدەکەن لە بەرهەمهێنانیدا".

ئسراء یاسین کچە ئاکتەر و هونەرمەندی دیاری عێراقە کە بەشداری دەیان کاری هونەری کردووە وەکو ئاکتەر، ئسراء لە شاری بەغدای پایتەختەوە وەکو میوان بەشداری لە دیدارەکە کردبوو، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "دیدارەکە بە هەموو واتا دیدارێکی زۆر جوان و ناوازەیە وە بەهەموو واتاکان دیدارێکی هونەرییە لە بەشداربووان لە کارگێران و کادرانی بەڕێوەبردنی دیدارەکە، وە سوپاسی شاری کەرکوک دەکەین و دەستخۆشی لە ڕێکخرانی ئەم دیدارە سینەماییە دەکەین کە بەڕەنجێکی بەردەوام لە ماوەیەکی کەمدا کە توانیان ژمارەیەک فیلمی ئەنیمەیشنی زۆر جوان و بەواتا پێشکەش بکەن چونکە هەموو فیلمەکان نامەیەکی لە خۆ گرتبوو، هەندێک لەو ئەنیمەیشنانە دڵخۆشی داپێمان و هەندێکی دیکەیان دڵگرانی کردین".

لە کۆتایدا ئسراء یاسین کچە ئاکتەری عێراقی ووتی: "هیوادارین هەمیشە سینەما بە هەموو وردەکارییەکانەوە دەنگدانەوەی گەورەی هەبێت، تا خەڵکی بەشداربێت و لەسەر شاشەی سینەماکان ببینن کە چ بەرهەمێکی جوان نمایش دەکرێت بە هەموو وردەکارییەکانیەوە بیبینن، لە کۆتایدا سوپاس هەموو ئەوانە دەکەین کە ئەم دیدارە ناوازەیەیان ڕێکخستووە".

ژ.ت